داوای دەرکردنی یاسایەک کە توندوتیژیی دیجیتاڵی لە مەغریب بە تاوان بناسێنێت دەکرێت

ڕوانگەی نیشتمانی بۆ پاراستن لە توندوتیژیی دیجیتاڵی لە مەغریب، هۆشداری دا لە هەڵکشانی دەستدرێژییە ئەلیکترۆنییەکان کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، داوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت و سەربەخۆی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی.

داوای دەرکردنی یاسایەک کە توندوتیژیی دیجیتاڵی لە مەغریب بە تاوان بناسێنێت دەکرێت

مەغریب

ڕوانگەی نیشتمانی بۆ پاراستن لە توندوتیژیی دیجیتاڵی، ڕاگەیاندراوێکی دەرکرد هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز، بەو پێیەی بۆنەیەکی جیهانییە کە هۆشیاری بەرز دەکاتەوە سەبارەت بە هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی ئاڕاستەکراو دژی ژنان و منداڵانی کچ.

ڕوانگەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، کە ٢٥ی تشرینی دووەم دەرچووە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو حاڵەتانەی تۆماریان دەکات، هەڵکشانی شێوازەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی ئاشکرا دەکەن کە ژنان لە کەشی دیجیتاڵییەکاندا دەکەنە ئامانج، لەوانە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و شوێنپێهەڵگرتن و چاودێریکردن بەبێ ڕەزامەندی.

هەروەها سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ژنانی سیاسەتمەدار و هەڵبژێردراو و چالاکوانانی کاروباری گشتی لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کەمپەینی ناوزڕاندن و هێرشی دیجیتاڵی بوونەتەوە، هۆشداری دا لە گۆڕانی ئەم ڕەفتارانە بۆ ئامرازێکی فشارخستنە سەر ژنان و دوورخستنەوەیان لە بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا.

ڕوانگەکە هۆشداریشی دا، لە زیادبوونی مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکردی بەرهەمهێنەر لە هەڵبەستنی ناوەڕۆکی سێکسی و ناوزڕێنەر کە جیاکردنەوەی لە ڕاستی ئەستەمە، کە ئەمەش ژنان دەخاتە بەر لێکەوتەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و پاڵیان پێوە دەنێت بەرەو گۆشەگیری و کشانەوەی دیجیتاڵی، لە سایەی ئاسانیی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی زیانبەخش و خێرایی بڵاوبوونەوەی و سەختیی ڕاگرتنی.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی توندوتیژیی دیجیتاڵی، ڕوانگەکە داوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت و سەربەخۆی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دیجیتاڵی، کە خراپ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و ساختەکاریی قووڵ دژی ژنان بە تاوان بناسێنێت، ئاسانکاری بکات بۆ پاراستنی بەڵگە ئەلیکترۆنییەکان، سەرەڕای بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی زیانبەرکەوتووانی توندوتیژیی دیجیتاڵی، دابینکردنی چاودێریی دەروونی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و مسۆگەرکردنی گەیشتن بە دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیان و چاکسازی.

گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام

ڕوانگەکە جەختی لەسەر پێویستیی پابەندکردنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە دابینکردنی میکانیزمی خێرای ئاگادارکردنەوە، هاوتەریب لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە هاوڵاتیبوونی دیجیتاڵی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ دڵنیابوون لە وەڵامدانەوەیەکی دامەزراوەیی کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا.

ڕوانگەی نیشتمانی بۆ پاراستن لە توندوتیژیی دیجیتاڵی، لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، پابەندبوونی بەردەوامی خۆی دووپات کردەوە بە چاودێریکردن و تۆمارکردنی پێشێلکارییە دیجیتاڵییەکان و داکۆکیکردن لێیان و پشتگیریکردنی زیانبەرکەوتوانیان، داوای لە لایەنە جیاوازەکان کرد هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی دیجیتاڵیی ئارام بۆ ژنان و منداڵانی کچ، بە جۆرێک کە مافیان لە ئازادیی ڕادەربڕین و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا مسۆگەر بکات بەبێ ترس لە توندوتیژی یان ناوزڕاندنی دیجیتاڵی.

شایەنی باسە کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی جیهانی لە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک دەست پێدەکات و تا ١٠ی کانوونی یەکەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکخستنی چەندین چالاکی و کار و بارەوە کە کۆڕ و گفتوگۆ و دەستپێشخەری لە هەموو وڵاتاندا لەخۆ دەگرن.