لە ماوەی دوو ساڵدا ٩١٢ ژن لە سووریا کوژراون

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ نزیکەی ٩١٢ ژن لە سووریا کوژراون، دەڵێت: بونیادنانی سووریای نوێ پێویستی بە پاراستنی ژنان و لێپرسینەوە لە تاوانباران و مسۆگەرکردنی بەشدارییان لە بڕیارداندا هەیە.

لە ماوەی دوو ساڵدا ٩١٢ ژن لە سووریا کوژراون

ناوەندی هەواڵ

لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا، سەختی ژنانی سووریا لەگەڵ کوژرانی ٩١٢ ژن لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە نوێ دەبێتەوە، دوای چەندین ساڵ لە خۆڕاگری لە بەرامبەر سەرکوتکاری و جەنگدا، ژنی سووریا بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و ئاوارەبوون و داڕمانی ئابووری، بەرگەی بارگرانیی سەخت دەگرێت سەرەڕای خواستە بەردەوامەکانی بۆ ئازادی و کەرامەت.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی ٢٢٧ ژنی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا تۆمار کردووە، لە کاتێکدا کۆی گشتیی ژمارەی ئەو ژنانەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ کوژراون گەیشتووەتە نزیکەی ٩١٢ ژن، ئاماری ساڵی ٢٠٢٤ بەسەر چەندین هۆکاردا دابەش بووە، لەوانە تاوانەکانی کوشتن و پاشماوەکانی جەنگ و گوللـەی هەڕەمەکی و شەڕ و پێکدادان و بۆردوومان و تەقینەوەکان، سەرەڕای پرۆسەکانی گوللـەبارانکردنی مەیدانی و ڕووداوەکانی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێشێلکارییەکان درێژ بوونەتەوە بۆ گرتنەوەی پرۆسەکانی پاکتاوی خێڵەکی، کوشتن بە گوللـەی کەسانی نەناسراو یان لە بارودۆخی تەمومژاویدا، دۆزینەوەی ئسکەکانی ژنان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، سەرەڕای کەوتنەوەی زیانبەرکەوتووی بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، گوللـەی هەڕەمەکی، تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ، هەروەها تاوانەکانی بەناو "شەرەف" بەردەوامن لە بردنی گیانی ژنان و منداڵانی کچ بە دەستی کەسوکاریان بە بیانووی دابونەریتەکاندا، لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافیان لە ژیاندا.

لە بەرامبەردا، هێشتا ئاوارەکان لە کامپەکاندا بەدەست بارودۆخی سەختی ژیان و کەمیی خۆراک و دەرمان و خوێندن و دەرفەتی کارەوە دەناڵێنن، لەگەڵ بەردەوامیی توندوتیژیی لەسەر بنەمای ڕەگەز و جیاکاری لە سایەی لاوازیی لێپرسینەوەدا.

لەگەڵ تۆمارکردنی کوژرانی ٩١٢ ژندا، ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ جەختی لەوە کردەوە، کە بونیادنانی سووریای نوێ و دادپەروەریی ڕاستەقینە بە دروشم تەواو نابن، بەڵکو لە دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخوازن ژنان بپارێزن، و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن، بەشداریی تەواو و یەکسانیان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا مسۆگەر بکەن.