ڕۆژنامەگەری تونس ڕووبەڕووی پاشکەوتنێکی ڕاستەقینە دەبێتەوەو داوای یەکگرتوویی دەکرێت

دەیان ساڵ خەبات و ململانێ بۆ ئازادیی قسەکردن لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی تونسییەوە بەڕێوەچوو، کە لە سەرەتای شۆڕشی تونسدا گەیشتە لوتکە، بە باجێکی قورس لە خوێنی قوربانییەکان درا، بەڵام ئەو خەونە زۆری نەخایاند.

تونس

 

لە ساڵانی دوای شۆڕش، تونس پلەی بەرزی بەدەستهێنا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دیمەنێکی میدیایی زیندوو. بەڵام ڕیزبەندییەکەی بە خێرایی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە کۆی ١٨٠ وڵات لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا گەیشتووەتە پلەی ١٣٧، بەمەش ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دەخاتە ڕوو کە دۆخێکی سەختیان بەسەردا هاتووە.

 

جیهان لواتی، ئەندامی ئۆفیسی جێبەجێکاری سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس ڕایگەیاند، ڕۆژنامەگەریی تونس "پاشکەوتنێکی ڕاستەقینە" بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان و بڵاوبوونەوەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەراسانکردنی دیجیتاڵی.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە فەرمانی ٥٤ نوێنەرایەتی "لێدانێکە لە هەموو دەنگە ئازادەکان" لە وڵاتەکەدا، چونکە بەشداری کردووە لە دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی تونس، وتی: لەم دواییانەدا بینیمان ژمارەیەکی زۆر گەنج بەپێی ئەم فەرمانە ڕەوانەی دادگا کراون.

 

فەرمانی ١١٥ و مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری

جیهان لواتی ڕوونیکردەوە، کە ڕۆژنامەنووسان پابەندن بە فەرمانی ١١٥ و بە یاسایەکی تایبەت دەزانن کە پیشەکە دەپارێزێت و مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر دەکات، هەروەها ڕۆژنامەنووسان لە سەرووی یاساوە نین، بەڵکو چێژ لە پاراستن وەردەگرن لە هەمان کاتدا ڕۆڵی خۆیان لە لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران و بەرگریکردن لە مافی دەستووری زانیارییان هەیە.

 

جیهان لواتی ڕاستیەکەی بۆ ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم دادگاکانی تونسدا خستە ژێر پرسیارەوە، کە ڕووبەڕووی فەرمانی ٥٤ یان یاسای پەیوەندییە کۆنەکان دەبنەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بن عەلی، وتی: سەندیکای ڕۆژنامەنووسان پێویستی بە پەسەندکردنی یاسای تایبەت وەک یاسایی چوارچێوەی کارپێکراو دووپاتدەکاتەوە.

 

قەیرانێک لە میدیای تایبەت و کۆمەڵایەتی و گشتیدا

جیهان لواتی ڕوونیشیکردەوە، دۆخی ڕۆژنامەگەریی ئەمڕۆ لە تونس "لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات"، لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕۆژنامەنووسان خراپە، سەبارەت بە میدیای تایبەت و کۆمەڵایەتی، وتی: قەیرانێکی ئابووری "خنکێنەر" لە بواری ڕیکلام و پەیوەندییە گشتییەکاندا هەیە، جگە لە قەیرانی موچە، لە دەیەی ڕابردوودا تێبینیمان کردووە کە ئەو بازرگانانەی پێشتر وەبەرهێنانیان لە کەرتی میدیادا دەکرد، ئێستا تووشی دوودڵییەکی بەرچاو دەبن بەو پێیەی ئەم بوارە پڕ بووە لە مەترسی.

 

سەبارەت بە میدیای گشتی، ئاماژەی بە بوونی فشار و هەراسانکردن کرد کە ڕۆژنامەنووسان و دەنگە سەربەخۆکان دەکاتە ئامانج، سەرەڕای بەردەوامی ململانێی ناوخۆیی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، لە نێوان هەوڵەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی میدیای گشتی لە ڕێگەی دامەزراندن و دەستکاریکردنی ئاراستەکەیەوە.

 

توندوتیژی و هەراسانکردنی دیجیتاڵی کە ئاراستەی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکرێت

سەبارەت بە ئازادییەکان و توندوتیژی دیجیتاڵی، جیهان لواتی جەختی لەوە کردەوە، کە دۆخەکە کەمتر جددی نییە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵمەتە بەردەوامەکانی هەراسانکردن و هاندان کە ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج، کە دەتوانێت ڤگاتە هەڕەشەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر بنەمای ڕەگەزە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژنامەنووسانی ژن، بەتایبەتی ئەوانەی دەنگیان ئازاد و بوێرانە، لە تۆڕی کۆمەلایەتیدا ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڵمەتی هاندانی بەردەوام دەبنەوە، کە شێوازی جیاواز دەگرنەبەر، لەوانەش توندوتیژی زارەکی و سێکسی، تەنها بەهۆی دەربڕینی ئازادی بۆچوون و هەڵوێستەکانیان.

 

ترس و خۆسانسۆر و بانگەوازی یەکێتی بۆ یەکگرتوویی

جیهان لواتی لە لێدوانێکدا لەسەر کەشوهەوای دەروونی و پیشەیی ئاماژەی بەوەدا، کە گفتوگۆکانی سەندیکاکە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان هەمیشە لە دەوری ترس و خۆسانسۆری بەربڵاو لەنێوان هەندێکیاندا دەسوڕێتەوە، هەروەها بە تەواوی لەم شتە تێدەگات، چونکە ترس هەستێکی مرۆڤە.

 

بۆیە سەندیکا بەردەوام داوا لە ئەندامەکانی دەکات بە یەک دەنگ قسە بکەن، دەنگێک کە سەرپێچی لە هەموو ڕێنماییەکان بکات و کۆمپاسەکەی تەنها بەرەو هاوڵاتی تونسی ئاڕاستە بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان چ ژن و پیاو، لە میدیای گشتی و تایبەتدا، بە پلەی یەکەم لە ڕەخنە و لێپرسینەوەدایە، بەو پێیەی ئەمانە جەوهەری کاری ڕۆژنامەوانین، هەروەها یەکگرتن و بەرزکردنەوەی دەنگی مرۆڤ لە بەرگریکردن لە ڕەوشی پیشەیی ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانە.

 

جیهان لواتی لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتی کردەوە، کە ئایدیاڵەکانی ئازادی و میدیایەکی سەربەخۆ کە ڕۆڵی خۆی وەک دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکات هەرگیز نامرێت.