شلێر کۆیی
کۆیە-توندوتیژی دژ بە ژنان یەکێکە لەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی کە لە وڵاتان و شارە جیاوازەکانی جیهاندا بوونی هەیە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان و خێزان و تەواوی کۆمەڵگە هەیە. سەرەڕای ئەوەی ئەم دیاردەیە لە زۆر شوێن بەدیدەکرێت، بەڵام ئاست و ڕێژەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە؛ ئەم جیاوازییەش بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە سروشتی یاساکان، ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە و بوونی بنەما کولتووری و ئایدۆلۆژییەکان،باشوری کوردستانیش بێ بەش نیە لەو توندوو تیژیانە پشکی زۆری بەرکەوتووە.
كنێر لوقمان، یاریدەدەری دادوەری لەدادگای بەرایی كۆیە تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیەكانی بەرامبەر بەژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: بێگومان توندوتیژی دیاردەیەکە، جا تایبەت بێت بە وڵاتێک، بە شارێک، بووبێتە توندوتیژییەک کە لە هەموو دنیادا باوەو ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە سەرجەم توندوتیژەکانی کۆمەڵگەی جیهانی، بەڵام ئەوەی کە ئێمە لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر ئەوەیە کە لە کام وڵاتاندا ڕێژەی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنان کەمترە و لە چ وڵاتێکدا ڕێژەی توندوتیژییەکان زیاترە، بۆیە ئێمە لێرەدا دەبینین، کە ڕۆڵی یاساکان ڕۆڵێکی زۆر زۆر گرنگیان هەیە لە بەرزبوونەوەی یاخود کەمبوونەوەی ئاستی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژناندا لە سەرجەم کۆمەڵگاکانی جیهاندا، بۆیە هەتاوەکوو وڵاتێک یاساکەی، یاسایەکی پێشکەوتووتر و سەردەمیانەتر بێت و لەسەر بنەماکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ داڕێژرابێت و ڕێز بۆ کەرامەتی مرۆڤ دابنێت، ئەو یاسایە یاسایەکی پێشکەوتووترە و تێیدا تاک هەست بە پارێزراوی دەکات و مافەکانی پارێزراون و توندوتیژی بەرانبەر کەمتر دەکرێت. بەڵام هەتا وەکوو یاساکانی وڵاتێک دواکەوتووانەتر بن، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی و بیری توندئاژۆیی داڕێژرابن و تێیدا کەرامەتی ئینسانی هیچ باییخێکی نەبێت، بە گشتی و بە تایبەت ژن لە سەرجەم مافەکانی بە پێی بڕگەی یاسایی بێبەش کرابێت، دەبینین کە لەو وڵاتانەدا ڕێژەی توندوتیژییەکان و پێشێلکارییەکان بە شێوازێکی سیستەماتیک بەرانبەر بە ژنان زۆر زۆر زیاترە و تێیدا ژن هەست بە پارێزراوی ناکات و لە سەرجەم بوارەکانەوە پەراوێز دەخرێت.
"بە یاسا تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ژنان زیاد کرا"
کنێر لوقمان وتیشی: ئێمە ئەگەر لێرەدا تیشکێک بخەینە سەر وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، دەبینین کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا دەتوانین بڵێین کە ئاستی توندوتیژییەکان تایبەت بە ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو هاتووەتە کەمتر بوونەوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی بوو کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی گۆڕانێکی یەکجار لە سەرجەم یاساکان، بە تایبەت یاسای سزادانی عێراقی و یاساکانی ئەحواڵی شەخسی و هەندێک یاسای تر دا کرا کە لە پێناو بەرژەوەندی ژناندا بوو جێگربوونی مافەکانی ژنان و کەرامەتی ئینسانی ئەو ژنانەدا بوو، یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی کە لە یاسای باری کەسێتیدا گۆڕانکاری لە پێناو بەرژەوەندی ژنان تێدا کرا، یاساکانی، بڕگەکانی شاهیدیدان، جیابوونەوە، لەخۆگرتنی منداڵەکان، میرات، وەسیەت، و زۆر بواری تر بوو کە ژنان کە پێشتر لە سەردەمی حکومەتی بەعسیدا ئەو مافانە بە پێی یاسا لێ وەرگیرابوو، بەڵام ئێستا لە دوای پڕۆسەی ئازادی بە پێی بڕگە یاساییەکان ئەو مافانە بۆ ژنان گەڕێندراوەتەوە کە من لەبەر کەمی ماوەکە تەنها ئاماژە بە دوو ئاماژە بە دوو نموونە دەکەم بۆ نموونە؛ تەمەنی هاوسەرگیری لە بە پێی یاسا بووەتە ١٨ ساڵ بۆ ژن، کە ئەمانەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە گەورە ببێت و بچووکی نەمێنێت، شیربایی نەمێنێت و تەمەنی یاسایی و هاوسەری لە وڵاتدا وردە وردە بنبڕ بکرێت، یان بەخێوکردنی منداڵ کە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە دەدرا بە باوکەکە، بەڵام دایکەکە بێبەش دەبوو، بەڵام ئێستا دەدرێت بە دایکەکە بە مەرجێک دایکەکە خوازیار بێت یا مەرجێکی پێشکەکی و پاشەکی یا تەنانەت لە هەندێک بڕگەدا ژن ئەگەر ببێت و تووشی خیانەتی هاوسەریش ببێت، بە هۆی ئەوەی کە لە کۆمەڵگەدا پەراوێز دەخرێت، تەنانەت موشەڕیعی عێراقی بە پێی بڕیارێکی تەمییزی بەشێکی تری لە مافەکانی بۆ ژن دیاری کردوو بوو، ئەوەی کە لە ڕووی ماددییەوە تووشی ئینحرافاتی تری کۆمەڵایەتی نەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی تر لە یاساکان کە لە پێناو بەرژەوەندی ژناندا دانرا، یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی بوو کە لە ساڵی ٢٠١١ داڕێژرا، دانرا و پێکهاتووە لە چەندین بڕگە و ماددە کە چەندین بڕگەی گرنگ لە خۆ دەگرێت، کە تێیدا زۆر لەو کردەوانەی کە دەبنە، بە توندوتیژی دادەنرێت بەرانبەر بە ژنان بە تاوان ناسێندراوە، کە گرنگترین بڕگەکانی کە لە خۆی دەگرێت،(خەتەنەکردنی مێینە)بوو، کە لە سێ بڕگەی یاسای سزادا بوو بە کار و هاوبەشانی دیاری دەکات کە پێش پڕۆسەی ئازادی ئەم کردەوە تاوانکارییە لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستاندا زۆر باو بوو کە بەم هۆیەشەوە کەسانێکی زۆر تووشی نەخۆشی و لێکەوتەی خراپی تەندروستی هاتن کە ئێستا ئەو بە خۆشییەوە دەبینین کە ئەو دیاردەیە ناتوانین بڵێین کە بە کۆتایی بنبڕ، بەڵام بە ڕێژەیەکی یەکجار یەکجار زۆر کۆتایی پێ هاتووە.
"ژنان بۆ سکاڵا تۆمارکردن هۆشیار بوونەتەوە"
کنێر لوقمان وتیشێ: یەکێکی تر لە یاساکان کە لە پێناو بەرژەوەندی ژناندا دانرا، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بوو کە لە دوای پڕۆسەی ئازادی ئەم یاساسە هاتە ئاراوە کە دەماندی کە ئەو کات کە تازە پڕۆسەی ئازادی ڕوویدا بوو وردە وردە تەکنۆلۆژیاش بەرەو پێشکەوتن دەچوو، ڕێگەکانی پەیوەندیکردن وەکوو مۆبایل وردە وردە لە کۆمەڵگادا ئاسایی بووەوە کە ئەمانەش بوو بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە خەڵکەکە بە شێوازێکی ئیستغلال ئەم تەکنۆلۆژیایە بەکار بهێنن و مۆبایل بکەن کە ببێتە هۆکاری گیان لەدەستانی دەیان یا سەدان ژن بێ تاوان لە کۆمەڵگەدا، بۆیە لە موشەڕیعی عێراقی بوو ئەوەی کە پێش بە ڕێژەی توندوتیژییەکان بگرێت هەستا، لەمە و بەدوا یەکێک لە بڕگە یاساکانی ئەو ماددەیە، ئەو قانوونەی زیاد کرد بوو لەوەی ئەو قانوونەی زیاد کرد کە هەر کەس خراپ ئامێرەکانی پەیوەندی بەکار بهێنێت ببێتە هۆکاری تاوانێک یا تاوانێکی جیناییەک بەرانبەر بە کەسێک ئەوە بە تاوان دەژمێردرێت و سزا دەدرێت، تا هەڵە و سزاڵانی ڕابردوو بە تایبەت ژنان بە هۆی ئەوەی کە لە کۆمەڵگایەکی کولتووری و سوننەتیدا پەروەردە بوون و پێیان عەیب بوو کە بڵێن ئای کەسێک ئیفزاعمان دەکات، پەیوەندیمان پێوە دەکات، هەڕەشەمان لێ دەکات لە ڕێگای مۆبایلەوە، بۆیە نەیاندەوێرا چونکە بەشێکی زۆر لە ژنان لە ڕێگای بنەماڵەکانیانەوە دەکوژران و تۆمەتی خراپیان لێ دەدرا. بەڵام بە خۆشییەوە دەبینین کە ئێستا ژنان ئەو گەیشتوونەتە ئەو ئاستە، لە تێگەیشتوویی و هۆشیارییە کە دەزانن ئەو کردەوانە بوونەتە تاوان و دەتوانن بێن لە لایەنی یاسایی و سکاڵا تۆمار بکەن، لەژێر لەسەر جەڕائیمی ئینتەرنێتییەکان بێت وە یا لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بێت.
وتیشی: یەکێکی تر و گرنگترین بڕگە یاسایی کە لە یاسای سزادانی عێراقی دا گۆڕانکاری لە پێناو بەرژەوەندی ژناندا تێدا کرا، یاسای کوشتنی ژنان بە شەرەف بوو، کە بەشێکی زۆر لە ژنان لە ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کە تۆمەتی ڕەوشتیان لێ دەدان کە بەڵێ ئەو ژنە ناپاکییەکی کردووە یا لەگەڵ پیاوێکدا پەیوەندیی نامەحرەمی دا بووە، ئەو ژنە بە بێ تاوان بە بێ ئەوەی کە بەڵگەیەکی یاسایی بە دافع شەڕەف(ناموس) دەکوژرا و لە لایەن و لە ڕوانگەی قانوونی موشەڕیعی عێراقیشەوە ئەوە بوو کە ئەو پیاوە و شەرەف و کەرامەتی خۆی کڕیوەتەوە و بێ تاوانە و سزا نەدەدرا، بەڵام بە خۆشییەوە لە دوای پڕۆسەی ئازادی موشەڕیعی عێراقی بوو ئەوەی کە پێش بە ڕێژەی توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان بە ئەنقەست بگرێت بە دافع شەڕەف، لەمە و بەدوا ئەنجامدەرانی ناتوانن لەژێر دەستی یاسا ڕابکەن. هەرچەندە بەشێکی زۆر ئەگەر ڕاشییان دەکرد بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لە لایەن یاسا و دەستبەسەر دەکران و سزای خۆیان پێدەدرا، دەتوانین بڵێین کە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و یاسای سەردەمی و ئەم ڕۆڵیانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر بوو، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان هەست بە پشتیوانییەک بکەن کە ئەگەر تاوانێک یا توندوتیژییەک بەرانبەریان دەکرێت دەتوانن هانا بۆ یاسایەک ببەن، خوشبەختانە ئاستی هوشیاری و تێگەیشتوویی ژنانیش ئێستا لە کۆمەڵگەدا بەرەو ئاستێک ڕۆیشتووە کە دەزانن ئەو کردەوانەی کە لە ڕابردوودا بە هۆی هەندێک کولتووری دواکەوتووانە، نەیاندەتوانی ئیسباتی بێ تاوانی خۆیان لێ بکەن و بە تاوان دەناسێندرا و زۆربەی کاتەکان توندوتیژیان بەرانبەر دەکرا، بە سرینەوەی تاوان ئێستا دێن لە دادگاکان لەسەر ئەو کردەوانە سکاڵا تۆمار دەکەن و مافەکانی خۆیان وەردەگرنەوە.
" ناتوانین بڵێین کە ئاستی توندوتیژییەکان بنبڕ بووە"
کنێر لوقمان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: یاساکان ڕۆڵێکی یەکجار گرنگیان لە کەمبوونەوە و زیادبوونی ئاستی توندوتیژییەکان هەیە. هەرچەندە کە ئێمە لێرەشدا ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە هەرچەندە یاساش پێشکەوتوو بێت بەڵام بە داخەوە و بە هۆی هەندێک کولتووری دواکەوتووانە کە لە بەشێک لە ناوچەکان یا شارەکان هەیە، یا هەندێک بنەماڵەکان پابەندی هەندێک کولتووری دواکەوتووانە ن، ناتوانین بڵێین کە ئاستی توندوتیژییەکان بنبڕ بووە یا کردەوە تاوانکارییەکان بەرانبەر بە ژنان بنبڕ بوونە، بەڵام بە خۆشییەوە ئاستی توندوتیژییەکان بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر هاتووەتە خوارێ و ئەمانەش بە خۆی جێگای دڵخۆشییە.




