بێکاریگەری یاساکانی پاراستنی ژنان لە مەغریب بووەتە جێگای ڕەخنەگرتن

سەمیرە بوحیا، چالاکوانی مافی مرۆڤی مەغریبی، داوای هاوئاهەنگی یاساکان لەگەڵ پەیماننامە و ڕێسای نێودەوڵەتی دژی توندوتیژی دژی ژنان کرد.

حەنان حارەت

 

مەغریب- سەمیرە بوحیا، چالاکوانی مافی ژنان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی مەساراتی ژنان هۆشداریدا لەوەی یاساکانی ئێستای مەغریب دەستکەوتەکانی ژنان لەناو دەبات.

 

بزووتنەوەکانی ژنانی مەغریب هەمیشە داوای یەکسانی ڕەگەزی و لابردنی هەر جۆرە جیاکارییەکیان لەیاساکان کردووە، سەمیرە بوحیا باسی لەوەکرد، کە هەندێک یاسا دەیان ساڵە نەگۆڕاوە و لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ژنانی مەغریب ناگونجێت.

 

هەروەها بەبیری هێنایەوە، دوای هەموارکردنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠١١ کە جەخت لەسەریەکسانی دەکاتەوە، چاوەڕوان دەکرا یاساکانی دیکە لەگەڵیدا هاوتەریب بن، بە وتەی ناوبراو، زۆرێک لەیاساکانی ئێستا دژی دەستووری ساڵی ٢٠١١ن و یەکسانی ڕەگەزی دابین ناکەن، هەندێک یاسا کە لە دوای ساڵی٢٠١١ پەسەند کراون، وەک یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠١٨،یاسای کاری ناوماڵ و یاسای ئیستغلالکردنی زەوی، لەڕاستیدا وەک پاشەکشەکردن هەژمار دەکرێت، پێویستە پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکرێت، توخمە جیاکارییەکان و هەڵوێستە پیاوسالارییەکانیان لێ لاببرێن و لەگەڵ دەستوور و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی مەغریب هاوئاهەنگ بکرێن، بێگومان ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە.

 

سەمیرە بوحیا سەبارەت بەیاسای خێزان کە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، پێیوایە ئەگەر یاسا نوێیەکە لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی نەبێت، جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ یاسای ئێستادا نابێت، لە دوای پەسەندکردنی یاسای خێزان لە ساڵی ٢٠٠٤، چالاکوانانی مافی ژنان زۆر کەموکوڕییان لەویاسایەدا دەستنیشان کردووە، یەکێک لەو کەیسانە مادەی ٤٠٠ یە کە سەرەڕای ئەوەی کە کۆنە، بەڵام هێشتا پێگەی خۆی لەیاسای خێزاندا دەپارێزێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر بڕگەکانی لەیاسای باری کەسیدا جێبەجێ دەکران.

 

دەربارەی یاسای تاوانەکانی مەغریب کە لە ساڵی ١٩٦٢ پەسەند کرا و بە کۆنترین یاسای ئەو وڵاتە دادەنرێت، سەمیرە وتی:  ئەم یاسایە کەموکوڕی زۆری تێدایە، ئەوەی بۆ بزووتنەوەی ژنان سەرسوڕهێنەرە، هەموارکردنی پارچە پارچە و تایبەت بەیاساکەیە، هەرجارە تەنها دەبێتە هۆی پاشەکشەی زیاتر، بە بڕوای ئەو، چاکسازیی بەشەکی و پەرشوبڵاو ناتوانێت ببێتە هۆی هاوئاهەنگییاساکان، جگە لە لاوازکردنی مافەکانی ژنان هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.

 

سەمیرە بوحیا بە ئاماژەدان بە پێشهاتە بەردەوامەکانی کۆمەڵگەی مەغریب، جەختی لەسەر پێویستی گونجاندنی یاسای تاوانکاری لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە؛ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی تاوانی نوێ و بەسەرچوونی هەندێک تاوانی کۆن، پێویستە پێداچوونەوە بەیاسای تاوانەکاندا بکرێت بۆ زامنکردنی مافەکانی ژنان.

 

بۆحیا لە هەڵسەنگاندنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم یاسایە لە کەمکردنەوەی توندوتیژیدا سەرکەوتوو نەبووە؛ بە وتەی ناوبراو، ئەم ناکاراییە بارگرانییەکی قورسی بەسەر کۆمەڵگە، سیستمی تەندروستی، خزمەتگوزاری پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، سیستمی یاسایی و بودجەی پەیوەست بە سیاسەت و پلاندانان لەم بوارەدا سەپاندووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و زۆرترین باج دەدەن هەم لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکان وەک دەستگیرکردنی سیاسی و چ لە قەیرانەکانی وەک کارەساتی سروشتی و پەتاکاندا.

 

لە کۆتاییدا داوای هاوکاریی بزووتنەوەکانی ژنان و لایەنە سیاسییەکان کرد لە پێناو بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و دادپەروەری بۆ ژنانی کارکەر و چالاک لە ئابووری وڵاتدا.