"پیاوان کێشەکان بە سوڵحی عەشایەری و بەکارهێنانی ژن چارەسەر دەکەن"

پارێزەر ڕازاو گوڵی دەڵێت: یاساکان بە ئەنجامدانی سوڵحی عەشایەری چەندین سزای زیندانی کردنیان بۆ کەسانی بکەر داناوە، بەڵام هەمواری یاسای باری کەسێتی دەسەڵات لە دادوەران دەسەنێتەوە بۆ ئەنجامدانی یاساکە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام لەژێر کاریگەری دابونەریتی کۆندا کار دەکات، زۆرێک لە دابونەریتەکان لە قۆناغێکی مێژوویدا کاریان پێ نەدەکرا، بەڵام بەهۆی هەندێک لە لایەنی سیاسییەوە دووبارە هاوڵاتیان کار بۆ زیندووکردنەوەی دابونەریتەکان دەکەن، بەهۆکاری هەبوون و دروستکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو تیرە و هۆزەکانی کوردا سوڵحی عەشایەری سەری هەڵداوە، دروستکردنی سوڵحی عەشایەری لە لایەن پیاوانەوە سەر هەڵدەدات، پیاوان هۆکاری دروستکردنی کێشەکان دەبن، پاشان لە ڕێگەی ژنانەوە کێشەکانیان چارەسەر دەکەن، لە سەردەمانی کۆندا ژنان لە لایەن پیاوانی یەکەمی خێزانەکەیانەوە لە بری خوێن یان بە بەستنەوەی بە بڕە پارەیەک هاوسەرگیریان پێ ئەنجام دەدان.

 

لە ئێستادا پیاوان دەیانەوێت لەڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقدا دووبارە فرەژنی لە کۆمەڵگەدا زیندوو بکەنەوە، یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩  لە لایەن مەزهەبە شیعەکانەوە هەوار دەکرێتەوە، کە هەبوونی ئەم یاسایە مافی تاک بە تاکی هاوڵاتیان و بە تایبەت ژنان دەخاتە بەر مەترسی، کاتێک کار بە یاساکان دەکرێت ژنان بۆ مەزاهیبە جیاوازەکان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە بابەتیکی مەترسیدارە ڕوو لە ژنان دەکات کە پێچەوانەی ماددەی ١٤ی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، کە باس لەوەدەکات عێراقییەکان یەکسانن و نابێت هیچ جیاکاریەک بکرێت، بەڵام ئەم یاسایە کاری پێناکرێت و تەواوی یاساکان بەرژەوەندی پیاوان دادەندرێت.

 

" هەموارکردنەوەی یاساکان پێیمان دەڵێت ژنان دەگەڕێنەوە بۆ سوڵحی عەشایەری"

ڕازاو گوڵی مەحمود، پارێزەر وتی: هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا ژنان و منداڵان دەخاتە ژێر ڕکێفی پیاوانەوە، دەیانکاتە ژێردەستی باوک و برا و مام و سەرۆک هۆزەکان بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان مامەڵەی پێوەدەکەن، منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا یاخود لەسەر بێشکەوە مارەدەبڕن ئەم یاسایە پێماندەڵێت دەگەڕێینەوە بۆ سوڵحی عەشایەری لە باشووری کوردستاندا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پیاوان هۆکاری دروستکردنین ژنان باجی هەڵەکانیان دەدەن، مندڵان لە تەمەنی ساواییەوە لە پیاوێکی هۆزێکی دیکە مارە دەکرێت بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی پیاوان دروستیان کردووە.

 

 

ئەو پارێزەرە وتی: کارکردنی ٣٠ ساڵەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان بۆ گونجاندنی ژیانکردن لەگەڵ منداڵن و ژنان و هاوڵاتیاندا بگونجێت، کارکردن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە بارەی یاسای و تەندروستی و کۆمەڵایەتی بووە، بەڵام بە هەموارکردنەوەی یاساکان هاوڵاتیان و ژیانی ژنان و کۆمەڵگە سەدەیەک دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، کۆمەڵگەیەکی داخراو تەنها پیاوان فەرمانڕەوای دەکەن، پیاوان لە لایەن یاساکانەوە مافیان پێ دەدرێت بگەەڕێنەوە بۆ مەزاهیبەکان، بەڵام منداڵانی کچ لە تەمەنی ٩ ساڵیدا کاریان تەنها سێکسکردن و منداڵ دروستکردن دەبێت، هەروەها ژنان بۆ بابەتی سوڵحی عەشایەری جارێکی دیکە بە کار دەهێندرێتەوە.

 

 

" هەموارکردنەوەکە ڕۆڵی دەبێت لە زیادبوونی سوڵحی عەشایەری لە کۆمەڵگەدا"

ڕازاو گوڵی ئاماژەی بەوەکرد، تێپەڕاندنی یاسای باری کەسێتی مافی سەرەتای ژیانکردن لە ژنان دەسەنێتەوە، پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لە لایەن یاساوە کاتی دیاری کراویان بۆ دەستنیشان کراوە، بەڵام گەڕانەوە بۆ مەزاهییبەکان ماف لە ژنان و منداڵان دەسەندرێتەوە بەوەی پێش وادەی دیاریکراو بۆیان ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن، وتی: پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری چەندین ڕێوشوێنی یاسایی تەندروستی لە خۆ دەگرێت، هەردوو ڕەگەز لە ڕووی دەروونی و جەستەیەوە توانای ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیان هەبێت، سەرەتا ڕێکارە تەندروستییەکان دەگیرێتەبەر، زۆرێک لە نەخۆشی لە ڕەگەزەکاندا دەردەکەوێت ناتوانن پێکەوە بریار لەسەر پێکهینانی خێزان بدەن، کەواتە هەمواری یاسای باری کەسێتی زیان بە کۆی پڕۆسەکە دەگەیەنێت، مافی ژیان کردن زەوت دەکات، مافی ژیان و خوێندن و ئابووری سەربەخۆ لە ژنان دەسەندرێتەوە، هەروەها مافەکانی جیابونەوی هاوژینان لە دادگاکاندا لایەنی پاوان بەرجەستە دەکرێت، پیاوان دەتوانن لەڕێگەی گۆرینی مەزاهیبەکانیانەوە باشترین ڕێگە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دابنێن، ئەمە دەریدەخات لە مافی هاوسەرگیری و جیابونەوەی هاوسەران و میراتدا ژنان مافی بڕیاردانیان پێ نادرێت و لە پاشکۆی پیاوێکدا دەبێت ژیان بکەن.

 

هەروەها وتیشی: هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی پێشێلکردن و لاوازکردنی دەسەڵاتە دادوەرییەکان نیشان دەدات، هەروەها پێچەوانەی ماددەکانی ٥ ، ٨٧ و ٨٨ی دەستوور باس لە سەروەری یاسا و دادوەر دەکات، لەکاتیکدا هەمواری یاسای باری کەسێتی سەروەری بۆ دادگا و دادووەر ناهێڵێتەوە، هەمواری  یاسای باری کەسێتی سزای بۆ سوڵحی عەشایەری دیاری دەکات، کاتێک ژنێک لە سوڵحی عەشایەریدا بەکار دەهێندرێت ڕووبکاتە دادگاکان و ئاشکرا بێت بە زۆر گرێبەستی هاوسەرگیری پێ ئەنجام دەدەن، لە لایەن دادگاوە گرێبەستەکە هەڵدەوەشێتەوە لە کاتیکدا هاوسەرگیرییەکە ئەنجام درابێت گرێبەستی هاوسەرگیریان ڕادەگیرێت، هەروەها سزای بۆ کەسانی پلەیەکی خێزانەکەی دیاری دەکرێت، باوک و برا کاتێک بە زۆر هاوسەرگیری بە ناوی سوڵحی عەشایەرییەوە بە ژنان دەکەن سزاکان لە دوو ساڵ دەست پێدەکات، بەڵام کەسانی هۆز و عەشیرەتەکان سزاکانیان لە سێ ساڵ بۆ١٠ ساڵ زیندانی کردن دەیان گرێتەوە، بەڵام هەمواری یاسای باری کەسێتی دووبارە سوڵحی عەشایەری بەرەو زیادبوون دەبات، کاتێک دادگاکان دەسەڵاتیان لێ سەندرایەوە ناتوانن سزاکانیان جێبەجێ بکەن، دادگاکان پشت لە هاوڵاتیان ناکەن بەڵام دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە.

 

لە کۆتاییدا جەختی لەوەکردەوە، شیعەکان لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٢٤ بۆ چوارەم جارە هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە دەدەن، لە ساڵی ٢٠٠٣دا بڕیاری ١٣٧ی بڕیاری ئەنجومەنی سزا لە لایەن عەبدول عەزیز حەکیمەوە بڕیار درا بەڵام ژنانی چالاکوان بەریان بە هەمواری یاساکە گرت، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤دا ویسترا یاسای جەعفەری ببرێتە پەڕلەمان، لە ٢٠٢١دا یاسای ٥٧  هەموار بکەن، وتی: بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ئامانجیان سەرکۆنەکردن و قۆرخ کردنی ژنانە، لە ماوەی ٢١ ساڵدا ئێمەی ژنانی چالاکوان و پارێزەران بەرمان بە کێشە یاساییەکان گرتووە، ژنان بە دروستکردنی چەندین گروپ و دەنگ هەڵبڕین ڕوبەڕووی ئەم یاسایە دەبنەوە، بەردەوام لە ڕێگەی خۆپشاندانەکانەوە هەوڵ بۆ هەموار نەکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەدەین، بەڵام بڕیاری حزبە سیاسییەکان یەکلاکەرەوەی ئەم بابەتەن چونکە نوێنەرەکانی ئەوانن ئەندام پەڕلەمانن، لە کۆتایدا ڕێککەوتنی سایسی مەترسی هەموارکردنەوەی یاساکە دەخاتە بەر مەترسی.