"بۆ نەدانی بژێوی بە ژن و منداڵەکانیان، پیاوان خاوەنی یەک ٢٥٠ دیناریش نین"

بیانووهێنانەوەی پیاوان لە دادگاکاندا، بەوەی کە ئیشیان نییە یاخود خاوەنی هیچ خانوو و ئۆتۆمبێل نین، یەکێکە لە دیارترین کێشەکانی ژنان و منداڵەکانیان لە دادگاکاندا، کە پیاوان هەموو کارێک دەکەن تا بژێوی ژن و منداڵەکانیان نەدەن و مافەکانیان بفەوتێت. تەرزە تەها

بیانووهێنانەوەی پیاوان لە دادگاکاندا، بەوەی کە ئیشیان نییە یاخود خاوەنی هیچ خانوو و ئۆتۆمبێل نین، یەکێکە لە دیارترین کێشەکانی ژنان و منداڵەکانیان لە دادگاکاندا، کە پیاوان هەموو کارێک دەکەن تا بژێوی ژن و منداڵەکانیان نەدەن و مافەکانیان بفەوتێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- شیرینی تەمەن ٤٥ ساڵان دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٦ساڵ لە ژیانی هەژاریی و تێپەڕاندنی ڕۆژە سەختەکان لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی، بەهۆی ناپاکی هاوژینەکەیەوە ئێستا لێی جیابووتەوە، کە دەیویست لەگەڵ ژنێکی گەنج هاوسەرگیری بکات، ئیتر شیرینی نەدەویست، بەڵام سەرباری ئەوەی بەرپرسێکی باڵا و دەوڵەمەندە هێشتا نەیدەویست مافەکانی شیرین و منداڵەکانی بدات.

 

پیاوەکە، سەرباری ئەوەی خاوەنی سەدان هەزار دۆلار بووە، بەڵام لە دادگا پێش بڕیاری جیابوونەوە سەرجەم موڵک و خاوەندارییەکانی دەکات بە ناوی براکەیەوە، دواترلە دادگاش دەڵێت کە هیچ مووچەیەکی نییە و ڕێگا نادات لیستی مووچەکەی بڕواتە دادگا، تەنها لەبەر ئەوەی نەفەقەی منداڵەکانی نەدات، تا لە کۆتاییدا بە چەندین هەوڵی کەسی لیستی مووچەکەی دەهێندرێتە دادگا و نەفەقە بۆ منداڵەکانی لە دادگاوە دیاریدەکرێت.

 

بەپێی یاسای باری کەسیەتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، بژێوی ئەرکی سەرشانی پیاوە، دەبێت ئەو بژێوی هاوژینەکەی و منداڵەکانی دابینبکات، ئەگەریش ژنەکە ڕازیبوو ئەوا بەرپرسیارێتییەکە دەبێتە هاوبەش، بژێوی، خواردن، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییە تەندروستییەکان دەگرێتەوە.

 

لە دوای جیابوونەوەی دوو هاوژین بەپێی یاسا دەبێت ئەو پیاوە بۆ ماوەی سێ مانگ بژێوی ئەو ژنە بدات، دوو جۆر لە بژێوی هەیە، بژێوی ڕابردوو و بژێوی بەردەوام و دوای جیابوونەوە هەیە، بژێوی ڕابردوو واتە ئەو بژێوییە کە ژنەکە لەو کاتەوەی لە ماڵەدا نەماوە دەگرێتەوە، بژێوی بەردەوام ماوەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە تا بڕیاری کۆتایی دادگا دەگرێتەوە، بژێوی دوای جیابوونەوەیە بە سێ مانگ، واتە دەبێت پیاو دوای جیابوونەوە بژێوی سێ مانگ بژێوی بۆ ژن دابین بکات.

 

سەبارەت بە دابینکردنی بژێوی منداڵ دوای جیابوونەوە، ئەوەش هەر لە ئەستۆی باوکدایە، کە دەبێت تا تەمەنی ١٨ ساڵی بژێوی ژیانی منداڵ دابین بکات، ئەگەریش ئەو منداڵە خوێندکار بوو دەبێت تا تەواوبوونی خوێندن بژێوی ئەو منداڵە دابینبکات.

 

بڕی ئەو پارەیەش کە دادەندرێت بۆ بژێوی، لەلایەن شارەزای دادوەری دیاریدەکرێت کە چەند بڕە پارە بۆ ئەم دۆخە و ژیان گونجاون، ئەگەر ئەو کەسە مووچەخۆر بوو ئەوا ڕاستەوخۆ لە مووچەکەی دەبڕێت، ئەگەریش مووچەخۆر نەبوو، ئەوا دەبێت مانگانە ئەو بڕە پارەیە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنەوە ڕادەستی ژن و منداڵەکان بکات.

 

یەکێک لەو کێشانەی کە هەیە، ئەگەر ئەو پیاوە مووچەخۆر نەبێت، بۆ ماوەی دوو مانگ بژێوی ژن و منداڵەکانی نەدات، ئەوا لەبەرامبەر نەدانی مافی ژن و منداڵەکانیدا ماوەی چوار مانگ بەند دەکرێت، دواتر ئازاد دەکرێت ئیتر هیچ ڕێکارێک نییە تا بەرامبەری بگیرێتە بەر، مافی ژن و منداڵەکانیش دەخورێت، هیچ یاسایەک یاخود سزایەک دانەنراوە تا ئەو پیاوە مافی ژنەکە بدات.

 

بەپێی یاساکان دەبێت پیاوان بژێوی (نەفەقە) دابینبکەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پیاوان ئەگەر خاوەنی زۆرترین مووچە و داهاتیش بن بەڵام لەبەردەم دادگاکاندا هەژارن و خاوەنی هیچ داهاتێک نین بۆ دابینکردنی بژێوی، ئەمەش لە چیرۆکەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، پارێزەرێکیش باس لە کێشە و بیانووەکانی پیاوان بۆ نەدانی بژێوی ژن و منداڵەکان دەکات.

 

ئاڤان تاڵیب، پارێزەر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، کە ئەزموونی ٧ ساڵ لە کاری پارێزەری هەیە، ئەوە ئاشکرا دەکات، کە پیاوان لە کاتی جیابوونەوە دیاریکردنی مافی ژن و منداڵدا هەزاران قسەی ناڕاست و سوێند دەخۆن کە هیچ کار و داهاتێکییان نییە.


هەروەها بیانوو دەدۆزنەوە تا هیچ بژێویەکی هاوژین و منداڵەکانی نەدات، دەڵێت "پیاو کە هاتە ئاستی جیابوونەوە و کێشە، پیاو یەک ٢٥٠ دیناری بۆ بژێوی منداڵ و هاوژینەکەی پێ نییە، پێی حەرامە، پێشتر هەموو شتێک بۆ منداڵەکان دەکات، بەڵام دوای جیابوونەوە دەڵێت مادام لای دایکیانن، دەبێت دایکییان بژێوی منداڵەکان بکێشێت".

 

ئەو پارێزەرە، باس لەوەش دەکات، کە بەشێک لە ژنانیش هۆشیاری یاساییان نییە، نازانن مافەکانیان چییە و چۆن داوا تۆمار بکەن، ڕاستە خوێندەوارییان هەیە یاخود فەرمانبەرن، بەڵام هۆشیار نین، ئاگادار نین کە یاساکان بە چەندین شێوە پاڵپشتیان دەکات، دەتوانن لە ڕێگای یاساوە، چەندین مافی وەک بەفیڕۆچوونی تەمەن و بەخێوکردن وەربگرنەوە، ئەمە جگە لە بژێوی و مافەکانی.

 

 لەبەر ئەوە ئەو پارێزەرە بە گرنگی دەزانێت کە ژنان لە ڕێگای ڕێکخراوەکانەوە ژنان دەبارەی مافەکانیان و هۆشیاری یاسایی ئاگاداربکرێنەوە تا لە ڕێگای یاساوە مافەکانیان وەدەستبخەن.

 

ئامارەکانی جیابوونەوەی نێوان هاوژینەکان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە، بەپێی ئاماری ساڵی ڕابردووی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و ٥٦٦ حاڵەتی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لە پارێزگای هەولێر سێ هەزار و ٢٦١، پارێزگای سلێمانی سێ هەزار و دوو، لە پارێزگای دهۆکیش ١٣ هەزار و سێ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەمەش لە هەر ڕۆژێکدا ٢١ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.