ژنانی گەنجی سەیدسادق هاندەری بە جۆشی یانەی شارۆچکەکەیانن

سەیدسادق هەمیشە بە وەرزش دۆست ناسراوە و ژنانی گەنجی شارۆچکەکە بە پەرۆشی و هاندانەوە بەشداری سەیرکردنی یاریەکان دەکەن و ئارەزووی سەرکەوتنی یانەکەیان دەکەن.

 

سەیدسادق هەمیشە بە وەرزش دۆست ناسراوە و ژنانی گەنجی شارۆچکەکە بە پەرۆشی و هاندانەوە بەشداری سەیرکردنی یاریەکان دەکەن و ئارەزووی سەرکەوتنی یانەکەیان دەکەن.

ئاسودە محمد

شارەزوور- ژنانی گەنجی شارۆچکەی سەیدسادق بە جۆشەوە بەشداری یارییەکانی شارۆچکەکەیان دەبن و پشتیوانی سەرەکی سەرکەوتنەکانی یانەی شارۆچکەکەیانن، لارا جەلال لە زۆربەی یاریەکاندا هاندەر بووە و دەڵێت: "سەرەتا شتێکی نامۆ بووە ئامادەبوونی کچان لەنێو ئەو هەموو هاندەرە کوڕەدا، بەڵام لە ئێستادا نەک نامۆ نییە بەڵکو ڕێژەی ژنان زۆر زیادی کردووە و جێگەی تایبەت بە خۆمان هەیە"، ئەو هاندەرە دەشڵێت ئامادەبوونی ژنان بووەتە بەشێکی گرنگی یاریەکانی سەیدسادق

 

ساڤۆی تەمەن ١٢ ساڵ، گەرچی تەمەنی کەمە، بەڵام ئارەزووی سەیرکردنی یاری زۆرە و وتی: من ماوەی سێ ساڵە بینەری تەواوی یاریەکان بووم، زۆر بە سەرکەوتنی یانەکەمان دڵخۆشدەبم و هەستێکی ناخۆشیشە کە سەرکەوتوو نابن .

 

تەیوب ڕەشید، سەرۆکی یانەی سەیدسادق، لەبارەی ئامادەبوونی ژنان و ژنانی گەنج لە سەیرکردنی یاریەکانیاندا ئاماژەی بەوەدا کە جێگەی خۆشحاڵییانە ژنان بە پەرۆشیەوە لە سەرجەم یاریەکاندا بەشدارن، "لە یارییەکاندا جێگەی تایبەتمان بۆ دابینکردوون، هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا بتوانین ببن بە خاوەن یانەی خۆشیان لە شارەکەدا".

 

سەیدسادق بەپایتەختی وەرزش ناسراوە و هەمیشە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر هاندەر بەشداری سەیرکردنی یاریەکانی یانەکەیان دەکەن، بەشێک لە جوانی و جیاوازی بوونی ژنانی هاندەری شارۆچکەکەیە لە یارییەکاندا، جگە لەوەی هەر لە سەیدسادقدا ژنانی گەنج خاوەن یانەی کاراتی و وەرزشیی دیکەن.

 

ت.پ