ژنان لە شاخەکانی کۆیەدا گەشتێکی پڕ لە ژیان دەکەن
ژنانی کۆیە هەمیشە پێشەنگایەتی بوارە جیاوازەکانی ژیان دەکەن و دەرفەت دەڕەخسێنن، کۆمەڵێک ژن پێکەوە شاخەوانی دەکەن و زۆربەی لوتکەکانی کوردستانیان بڕیوە.
شلێر کۆیی
کۆیە- شاخەوانی واتە دوورکەوتنەوە لەقەرەباڵغی و رۆتینی ژیانی رۆژانە، لەشاری کۆیە بەهۆی هەڵکەوتەی جواگرافی زۆر ڕێکخراو و گروپی شاخەوانی هەیە، دووانیان تایبەتن بەشاخەوانی ژنان، یەکێک لەوانە گروپی شاخەوانی ئۆسکار ٤٥٠ئەندامی هەیە، خزمەتێکی گەورە پێشکەش بەژنانی سنوورەکە دەکەن
خالیدە سابر کە خانەنشینە و یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی "گروپی خانمانی ئۆسکار" لە شاری کۆیە، باسی ئەزموونی خۆی لە جیهانی شاخەوانیدا کرد‌و لە گێڕانەوەکەیدا تیشکی خستەسەر یەکێک لە گەشتە سەرنجڕاکێشەکانیان بۆ "ئەشکەوتی سناوە" هەروەها باسی لە کاریگەریی ئەرێنیی ئەم گەشتانە لەسەر تەندروستیی گشتی، پەرەپێدانی گیانی هاوڕێیەتی و ئارامبوونەوەی دەروونی کرد‌و وتی: ئێستا خانەنشینم. هاتینە ئەشکەوتی سناوە کە لە گوندی سناوەیە، پر لە باغ و باغچە و هەنجیر و وردە وردە سەر دەکەوین، بە کاتژمێرێک دەگەیەنە ئەشکەوتەکە، ئەشکەوتی سناوە، پێی دەوترێت ئەشکەوتی شۆڕشی ئەیلوول، نەخۆشخانە بووە، ئێستاش بووەتە شوێنی شاخەوانان، زۆر ژن و پیاوی شاخەوانی دێن، سەردانی دەکەن و گەشتی دەکەن و دوایی دەگەڕێنەوە شاری خۆیان.
خایدە سابر وتی: سێ ساڵە دێم بۆ شاحەوانی ، چونکە پێشتر لەبەر دەوام نەمدەتوانی، بەس دوای ئەوەی خانەنشین بووم دەستمپێکردووە، ئێستا هەموو گەشتەکان دەچم، چونکە شاخەوانی زۆر گرنگە بۆ دەروونمان بۆ تەندروستیمان خۆشیمان پێدەبەخشێت، دڵمان پێدەداتەوە، بۆیە زۆر سوپاسی سەرپەرشتیاڕانی گروپی شاخەوانی ئۆسکار دەکەم وەک خاتوو نیگار و خاتوو ڕوناک و سەمیرەخان کە کۆمان دەکەنەوەو هەموو شوێنەکانمان پێدەکەن، چونکە زۆربەی ژنەکان کەس نییە بیانباتە گەشت، ڕێکخراوی ئۆسکار بۆتە ماڵی ئێمە.
"گەشتی شاخەوانیمان بۆ زۆربەی لوتکەکان کردووە"
نیگار حەمەد، بەرپرسی گروپی شاخەوانی لە ڕێکخراوی ئۆسکار وتی: ئێمه وەک ژنانی ئۆسکار به‌پەرەپێدانی تواناکانی ژنان له شاری کۆیه، له ساڵی ٢٠١٨ و دامه‌زراوین له ٢٠١٨ و ٢٠١٩ کۆمه‌ڵێک ژن هاتیە ناو گروپەکەمان کە ژماره‌مان هه‌تا ئێستا نزیکه‌ی ٤٥٠ ژنن، له‌گه‌ڵمانن بۆ گەشتەکانی خۆشی و بۆ شاخەوانی و زۆربەی لوتکەکانی کوردستان‌مان بڕیوە هەندێک لە ژنەکان چووین بۆ شاخی هه‌ڵگورد، بۆ کۆسره‌ت، بۆ چیاسارە، بۆ زۆربه‌ی شاخه‌کان چووین، دوروبه‌ری کۆیه و زۆربه‌ی شاخه‌کانی کوردستان گه‌ڕاوین، ئێمه گه‌شتی خۆشیشمان هه‌یه له‌ناوه‌وەی کوردستان، له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ ناوەڕاست وعێراق، گه‌شت به‌رده‌وامه به‌ڵام گه‌شتی شاخه‌وانیشمان نزیکه‌ی زۆربه‌ی لوتکه‌کان کردووە، له‌ژماره نایەت چه‌نده لوتکه‌مان بڕیوه، بەپێی وەرزەکانە.
نیگار حەمەد وتیشی: ئامانجمان پاڵپشتی کردنی ژنانەو ناساندیان بەسروشتی جوانی کوردستانە، هاوکات له هەفتەی جارێک، به دوو هەفتە یه‌كجار دەردەچین، تا ژنەکان خاوه‌ن ته‌ندروستییه‌کی باش بن، هه‌روه‌ها چاندنی تۆوی خۆشه‌ویستی له‌ناو ئه‌و ژنانه‌دا به‌ڕاستی، ئه‌وه‌نده یه‌کترمان خۆش دەوێت له‌گه‌ڵ یه‌کترین، ئەگەر هەفتەیەک گه‌شت سازنه‌که‌ین، هه‌موو دەست ده‌که‌ن به ته‌له‌فۆن دەڵێن با گه‌شت بکەین، یاخود کۆببینەوە له هه‌ر شوێنێک بێت، به‌س که گه‌شته‌کان ده‌که‌ین هه‌موو دڵیان خۆشه، به‌ڕاستی گه‌شتی شاخه‌وانیش بۆ نه‌خۆشی زۆر زۆر باشه، بۆ دەروونی هەروەها، چونکه به‌ڕاستی که تۆ دەڵێی عەقڵی سه‌لیم له جه‌سته‌ی سه‌لیم، دەزانی چی بۆ جه‌سته باشه، عەقڵیش باشی بیر دەکاتەوە، به‌ڕاستی که دێین تێکەڵاو ده‌بین له‌گه‌ڵ ئه‌و سروشته، دڵمان زۆر زۆر خۆشه، هه‌موو ناخۆشیه‌کان له‌بیر ده‌که‌ین، هه‌موو وه‌ک خوشکین و هەموو یەکترمان زۆر خۆشدەوێت، ڕۆژانه به ته‌له‌فۆن و بە نامە گۆڕینەوە ئاگاداری یه‌کترین.
دەربارەی ئەوەی کەلوپەلی شاخەوانی چین کە گرنگە ژنان پێیان بێت؟ نیگار حەمەد وتی: خۆی دڵی شاخه‌وانی به‌ڕاستی کالەیه، به‌بێ کاله‌ی شاخەوانی ناکرێت چونکە ده‌بێت خۆت بپارێزی، کالە دەتپارێزیت له به‌ربوونه‌وه، به‌تایبه‌تی نیو پوت، هەروەها کۆله‌پشت زۆر زۆر گرنگه، گۆچان و چاویلکەو کڵاو زۆر گرنگه، کۆڵه‌پشتیش که گرنگه ئه‌و شتانه‌ت هه‌موو پێبێت، له‌ناو کۆله‌پشته‌که‌ش هه‌ندێک شتی تری تیادایە، ئاو له‌گه‌ڵ خۆتی دێنی لەگەڵ فریاگوزاری سەرەتایی واته ئه‌وانه دەبێت پێتبێت، ئەوەی نه‌خۆشی شه‌کره‌ی هەیە، نه‌خۆشی فشاری ده‌روونیه، واته ئه‌وانه ده‌بێت حه‌به‌کانت پێبێت له ناو کۆڵەپشتەکە گرنگه، گۆچان و چاویلکەو کڵاو زۆر گرنگه.