یاریزانانی هێزی لەشی عێراق لقی هەڵەبجە لە پلەی یەکەمدان

پاش ئەو سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکانەی یاریزانانی لەشی عیراقی کلاسیک لقی هەڵەبجە بە دەستیانهێناوە لە ئێستادا سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پاڵەوانیەتی عەرەبی و جیهانی.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ژنان و ژنانی گەنجی هەڵەبجە ئێستا حەز و خولیایان بۆ وەرزش لە زیادبووندایە، یاریزانانی هۆڵی خلیج مۆڵ و هێزی لەشی عێراقی سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستهێناوە و لە ڕاهێنانەکانیان بەردەوامن تاوەکو بگەنە بەرزترین ئاست لەناو پاڵەوانێتی عەرەبیدا.

ساریا بەکر، سەرپەرشتیاری لقی هەڵەبجەی هێزی لەشی عێراقی کلاسیک، تایبەت بەئاژانسی ژنها دوا و وتی: ئێمە وەک یاریزانانی هێزی لەشی عێراق کلاسیک لقی هەڵەبجە بەشداری پاڵەوانێتی هێزی لەشی ژنانمان کرد لە سلێمانی و توانیمان پلەی یەکەم بە دەستبهێنین لەسەر ئاستی عێراق، بەهۆی ئەو سەرکەوتنەشەوە یاریزانەکانمان دەتوانن بەشداری یارییە جیهانی و عەرەبییەکان بکەن.

 

"پاڵەوانێتی هێزی لەش و لەشجوانی دوو شتی زۆر جیاوازن"

ساریای ڕاهێنەر زیاتر بەرچاو ڕوونی بە ژنان دەدات و وتی: پاڵەوانی هێزی لەش جیاوازە لە لەشجوانی، لە پاڵەوانێتی لەشدا یاریزان بەپێی کێشی خۆی بەشداری دەکات و بەو توانایەی هەیەتی قورسایی هەڵدەگرێت، یاریزانانی ئێمەش لە پاڵەوانێتیدا لە کۆی دوانزە یاریزان لە هەڵەبجە و خورماڵ، توانیان پلەیەکەمەکان بۆ خۆیان تۆمار بکەن

 

چاوان، لە ڕاهێنەرایەتییەوە بۆ یاریزانی هێزی لەش

چاوان جەبار، لە سەرەتای دامەزراندن و کردنەوەی هۆڵی لەشجوانی خلیج مۆڵەوە وەک ڕاهێنەری ئەو ژنانە بووە که هاتوونەتە هۆڵەکەی بۆ دابەزاندنی کێش و بەرزکردنەوەی کێش و تەندروستی، بەڵام ئەزمون وایکرد کە بووە بە یاریزانی هێزی لەش و لە پاڵەوانێتی عێراق پلەی دووەمی بە دەستهێناوە.

زیاتر ئەو ژنانەی ڕوو لە هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن بۆ سەرخستن و دابەزاندانی کێش دەچن، ئەو ژنانەی بۆ هێزی لەش دێن ژمارەیان زۆر کەمە، ئەمە قسەی چاوانە و دەشڵێت: ژنان پێیان عەیبە یان ئەوەندە هۆشیار نین و زانیاری هەڵەیان پێگەشتووە و دەترسن بۆ تەندروستیان خراپ بێت، بەڵا، لە ڕاستیەوە زۆر دوورە.

 

"لە ڕاهێنان بەردەوامن بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتییەکان"

ئەم ڕاهێنەرە بۆ زیاتر برەودان بە کارەکانی هێزی لەش وتی: ڕۆژانە بە کاتژمێر ڕاهێنان دەکەین، خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی یانە عەرەبی و جیهانیەکان، ئامۆژگاری ژنان دەکات ڕوو بکەنە وەرزش، دەشڵێت من ڕاهێنەری لەشجوانی بووم، ئێستا بوومەتە یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی و پلەی باشیش بە دەستدەهێنم و کێشەی تەندروستیم نییە.

 

ت.پ