پاڵەوانێتی کارامە جەستەییەکانی وەرزشی پلانک لە سەیدسادق بەڕێوەچوو

بۆ یەکەمجار ناوەندی وەرزش و لاوانی شارۆچکەی سەیدسادق هەستا بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کارامە جەستەییەکانی وەرزشی پلانک، سک، قاچ .. بە بەشداری زیاد لە ١٠٠ کچ و کوڕی شارۆچکەکە کە لە نێویاندا زیاد لە ٢٥ کچ لە تەمەنی ٧ تا ٢٠ ساڵی بەشداربوون.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- دوێنێ ١٦ی ئەیلول لە هۆڵی ڕۆشنبیری سەیدسادق لە ناوەندی وەرزش و لاوانی سەیدسادق پێشبڕکێیەکی بۆ یاریزانەکانی شارەزوور لە پاڵەوانێتی کارامە جەستەییەکانی وەرزشی پلانک ئەنجامدا و لەو پێشبڕکێیەدا ژنانی گەنج ئاستێکی باڵایان بەدەستهێنا.

سیما ئومێد ئەندامی تیپی کچانی یانەی کاراتی وەرزشی سەیدسادق ئاماژەی بەوەدا لەم پاڵەوانێتییەدا ٣ سێ یارییان ئەنجامدا، پلانک، قاچ و سک، سیما بەشداری لە یاری سک و قاچدا کردووە و لە یاری سکیشدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

 

سیما باس لەوە دەکات ئەم پاڵەوانێتییە تایبەت نەبووە بە وەرزشی کاراتی یان شاوڵین، بەڵکو لە سەر ئاستی توانا و کارامەیی یاریزانەکان بووە، هەروەها دەشڵێت: ئەو یاریزانانەی کە بەشداربوون لە عەربەت و ناوچەکانی تری شارەزوورەوە هاتبوون بۆ سەیدسادق، بەشداری کردنی منداڵانی کچ و ژنانی گەنجی شارۆچکەی سەیدسادقیش زۆربوون.

ڕۆماس نوێکار ئەندامی تیپی کاراتی کچانی سەیدسادقە بەشداری یاری پلانکی کرد و پلەی دووەمی بەدەستهێنا، ڕۆماس دەڵێت: "تەمەنم ٧ حەوت ساڵە و لە یارییەکەدا لەگەڵ بەرامبەرێکی تەمەن ١٢ ساڵدا یاریم کردووە"، ڕۆماس توانیویەتی لە یاری پلانکدا ١٣ خولەک بووەستێت.

ڕاز عەلی ئەندامی تیپی کاراتی کچانی سەیدسادق دەڵێت: هەموو یاریزانەکان یاریمان کرد و توانیمان پلە و ئەنجامی باش بەدەستبهێنین، لە نێو یاریزانەکاندا منیش لە یاری کارامەیی سک بەشداربووم کە توانیم پلەی سێهەم بەدەستبهێنم.

ڕاز باس لەوەش دەکات کە لە پاڵەوانێتیەکانی تردا لە وەرزشی کاراتی بەشداری کردووە و لە سەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە توانیویەتی ئەنجامی زۆر باش بەدەستبهێنێت.

 

ڕاز دەربارەی سەرکەوتنەکانی دەڵێت: هەستێکی زۆر خۆشە کە دەرنابڕدرێت کاتێک لە پاڵەوانێتییەکاندا سەرکەوتن و ئەنجامی زۆر باش بەدەستدەهێنین هاوڕێکانمان و خێزان و شارەکەمان شانازیمان پێوە دەکەن.

 

ت.پ