یاریەکی دۆستانە لە نێوان تۆپی پێی کچانی خورماڵ و دەربەندیخان

لە یاریگای سەنتەری گەنجان لە شارۆچکەی دەربەندیخان، یارییەکی دۆستانە لەنێوان تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ و دەربەندیخان ئەنجامدرا و کچانی خورماڵ بە سێ گۆڵ و کچانی دەربەندیخان بە دوو گۆڵ کۆتایی بە یارییەکە هات.

 

هەوار محەمەد

دەربەندیخان- ئێوارەی دوێنێ تیپی تۆپی پێی کچانی یانەی خورماڵ و تیپی تۆپی پێی کچانی دەربەندیخان لە یاریگای سەنتەری گەنجان لە شارۆچکەی دەربەندیخان یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا، لە یارییەکەدا سێ بە دوو تیپی کچانی خورماڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ دوو گۆڵیان لەلایەن یاریزان هەتاو مەحموود و گۆڵی سێیەم لەلایەن دالیا محەمەد کرا، گۆڵەکانی تیپی تۆپی پێی دەربەندیخانیش گۆڵی یەکەم سارا عومەر و دووەم گۆڵ هەنا حەسەن تۆماری کرد.

سارا هیوا، کاپتنی پێشووی تیپی کچانی دەربەندیخان و یاریزانی ئێستای قەڵادزێ، ئاماژەی بەوەدا، یارییەکی دۆستانە لە نێوان تیپی تۆپی پێی کچانی خورماڵ و دەربەندیخانیان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ خولی کوردستان ڕێکخستووە، هەروەها وتیشی: یارییەکە دوو بە سێ لە سودی تیپی کچانی خورماڵ بەکۆتا هات، تا ڕادەیەک یارییەکی باش ئەنجامدرا، کەموکورتی هەبوون بەڵام هەوڵ دەدەین لە کاتی دەورەکانی خولی کوردستان چارەسەری کەموکورتییەکان بکەن.

هەتاو مەحمود یاریزانی بەتوانای یانەی کچانی خورماڵ کە دوو گۆڵی تۆمار کرد لەم یارییەدا، بۆ ژنها دوا و وتی: بە سەرکەوتووی یارییەکە بەڕێوەچوو، یارییەکی پڕ چێژ و خۆشی بوو بۆ هەردوو لامان و ئەنجام بە سێ گۆڵ بۆ خورماڵ و دوو گۆڵ بۆ یانەی دەربەندیخان بوو.

هەتاو ئاماژەشی بەوەدا ئەم یارییە دۆستانەیە بە ئامانجی خۆئامادەکردن بوو بۆ خولێک کە یانەی خورماڵ لەسەر ناوی کوردستان لە بەغدا بەشداری دەکات و و ماوەی شەش ڕۆژ دەخایەنێت.

 

ت.پ