ناوەندی هەواڵ
بە ناوی ژنانی کورد لە ڕووسیاوە، تەڤگەری گشتیی نێونەتەوەیی ژنانی کورد و ڕێکخراوی گشتیی هەرێمیی لە ڕووسسیا بۆ پەرەپێدانی مافەکانی ژنانی کورد 'ڤیان'، بەبۆنەی ٢٥ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئێمە ژنانی کورد لە ڕووسیا، بە هەڵوێستێکی ڕوون و بە دڵسۆزییەوە ڕایدەگەیەنین: ٢٥ـی تشرینی دووەم تەنها ڕۆژی خەمباری نییە، ڕۆژی ڕاپەڕینە. ئێمە یادی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەینەوە نەک تەنها بۆ ئەوەی خەم بخۆین، بەڵکوو بۆ ئەوەی بەهێزتر هەستینەوە. ئێمە بە ئازار و بە شکۆوە لە هەموو ژنان دەڕوانین و بە دەنگێکی یەکگرتوو دەڵێین: 'نا بۆ توندوتیژی، بەڵێ بۆ ژیان، شکۆ و ئازادی.
ئێمە لە ڕووسیاین بەڵام دڵمان لای نیشتمان، زمان، کەلتوور و نەریتەکانمانە. ئێمە دەزانین کە ناسنامە تەنها یادەوەری نییە، ناسنامە بەرخودانە. ژنان پارێزەری زمان، کەلتوور و شکۆن. ئێمە ئەم میراتە بە دەستەکانی خۆمان دەگرین و دەیدەینە نەوەکانی نوێ. ئێمە باوەڕمان بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەیە. ئەمە تەنها دروشمێک نییە، بەڵکوو بناغەی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانەیە. ئێمە دەتوانین پێکەوە کۆمەڵگەیەک بونیات بنێین کە تێیدا ژنان قوربانی نەبن، بێدەنگ نەبن، بەڵکوو خاوەن بڕیار و ئازاد بن.
وەرن با دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی، دەروونی، ئابووری و کۆمەڵایەتی یەکگرتوو بین. وەرن با ببینە پشت و پەنا بۆ یەکتر. وەرن با بە زمانەکەمان، بە کەلتوورەکەمان و بە بوونمان، شکۆی ژن لە هەموو شوێنێک بەرز ڕابگرین. ئێمە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ڕێگە نادەین بێدەنگی بەسەرماندا بسەپێنرێت. ئێمە بە هێز، بە هاوپشتی و بە هیواوە بەردەوام دەبین؛ لە پێناو ژنان، لە پێناو ژیان و لە پێناو ئازادیدا.




