سۆما پەرستارە و پلەی یەکەمی هەیە لە بەرزکردنەوەی قورسایی

سۆما یاریزانی بەرزکردنەوەی قورساییە و باس لەوە دەکات هەرچەندە بۆ یاری لەشجوانی هاتووە بۆ هۆڵ، بەڵام پاشتر ئامانجەکەی گۆڕیوە و ئێستا یاریزانی هێزی لەشی عیراقە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- سۆما فازل عابد، ٢١ ساڵە و دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، سۆما ماوەی سێ ساڵە سەردانی هۆڵی لەشجوانی دەکات و باس لەوەش دەکات کە خۆی دەرچووی بەشی پەرستارییە، بەڵام حەز و خولیای بۆ وەرزش وایکردووە  لە هۆڵەکانی لەشجوانی بمێنێتەوە و بەشداری پاڵەوانیەتییەکان بکات.

 

سۆما باس لەوە دەکات بەداخە کە لە هەڵەبجەوە پشتگیری ژنان و گەنجان ناکرێت، بەڵام خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە کەسوکارەکەی هەمیشە هاوکاری دەکەن و یارمەتیدەرین لە دەرخستنی تواناکانیدا.

 

سۆما، پاڵەوانی یاری هێزی لەش، ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا وەک هەر ژنێکی گەنجی دیکە بۆ یاری لەشجوانی ڕووی لە هۆڵەکان کردووە، "دوای هاتنم بۆ هۆڵی لەشجوانی و تێکەڵ بوونم بە یارییەکە زانیاریم وەرگرت و مامۆستایان و ڕاهێنەران هاوکارم بوون ببم بە یاریزانی هێزی لەش و تەنها لە لەشجوانیدا نەمێنێتەوە، هەروەها توانیومە ئەنجامی زۆر باش بەدەستبهێنم".

 

"ژنانی گەنج پەرە بە خولیاکانیان بدەن"

ئەو یاریزانە ئامۆژگاری ژنان دەکەن و دەڵێت: "ئەو ژنانەی توانایان هەیە نەیشارنەوە و دەریبخەن، بە وەرزش و یاری لەشجوانیش دەتوانن ئاگایان لە تەندروستیان ببێت و خۆیان سەرقاڵ نەکەن بە شتی لاوەکیەوە، چونکە ئارامی دەروون لە هۆڵ و یارییە وەرزشیەکاندا هەیە، منیش ماوەی سێ ساڵە لە سەردانی هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەم جگە لە سود  هیچ زیانێکم بەرنەکەوتووە".

ت.پ