سایە: دەمەوێت بە جیهان بڵێم کە نەخۆشی نابێتە هۆی ئەوەی لە ژیان بێهیوا بین.

سایەی ١٢ ساڵ ماوەی سێ ساڵە یاریزانی باسکەیە و توشبووە بە نەخۆشی شەکرە، دەشڵێت دەمەوێت بە جیهان بڵێم کە نەخۆشی نابێتە هۆی ئەوەی لە ژیان بێهیوا بین.

ناوەندی هەواڵ

 

"سایە ژینۆ"ی تەمەن ١٢ ساڵ خوێندکاری حەوتی بنەڕەتییە لە شاری سلێمانی، ماوەی سێ ساڵە یاریزانی باسکەیە. سایە یەکێکە لە توشبووانی نەخۆشی شەکرە و دەڵێت دەمەوێت بە جیهان بڵێم "نەخۆشی نابێتە هۆی ئەوەی لە ژیان بێهیوا بین".

بەپێی قسەکانی دایکیی سایە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا توشی نەخۆشی شەکرە بووە و بە کەمبوونەوەیەکی زۆری لەپڕی کێشی هەستیان پێ کردووە و ئاماژە بەوە دەدات  کە دوای خویندنەوەی زانیاری لەسەر نەخۆشی شەکرە  بۆی دەرکەوتووە جگە لە بەکارهێنانی دەرمان و ڕێکخستنی خواردن، وەرزش کردن ڕێگایەکی ترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە، بۆیە سایە دەنێرێتە ڕێکخراوی "ژیما"ی کچان بۆ وەرزشی باسکە و ئێستا سایە یاریزانی باسکەیە.

دایکی دەڵێت: "لەبەر تێکچوونی بارودۆخی شەکرەکەی لە کاتی یاری کردن لەگەڵی دەمێنمەوە، وە لە کاتی ڕاهێنان یاخود یاری کردندا بارودۆخی شەکرەکەی بۆ دەپێوم ئەگەر شەکرەکەی بەرزبێت دەرزی بۆ دەکەم، ئەگەریش دابەزیبێت پارچەیەک شیرینی پێدەدەم و بارودۆخی باشدەبێت".

 

تا ئێستا هۆکاری نەخۆشی شەکرە نەزانراوە

تا ئێستا زاناکان هۆکاری نەخۆشی شەکرەیان نەدۆزیوەتەوە تەنها چەند گریمانەیەکیان داناوە لەوانە هەبوونی ئیلتیهاباتێکی زۆر، سیفەتی بۆ ماوەیی یانیش ترس. ماوەیەک بەر لە توشبوونی سایە بە نەخۆشی شەکرە  سایە و خانەوادەکەی توشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بوون، بۆیە هۆکاری نەخۆشیەکەی سایە دەگەڕێننەوە بۆ ترسی سایە لە کاتی ئەو ڕووداوەدا.

سایەی بچکۆلانە خۆی دەربارەی نەخۆشییەکەی بۆمان دووا و وتی: "من نەخۆشی شەکرەم هەیە، شەکرەکەم هەندێکجار دادەبەزێت، هەندێکجاریش بەرز دەبێتەوە، بۆ ئەوەی بەسەر نەخۆشییەکەم دا زاڵ ببم چوومە یاری باسکە"، ئاماژەش بەوە دەدات کە نەخۆشییەکەی هیچ ڕێگر نییە لە بەردەم یاریکردنیدا و دەیەوێت پێشبکەوێت و ببێتە یاریزانێکی باش.

ئەم منداڵە یاریزانە دەڵێت: "دەمەوێت بە هەموو جیهان بڵێم کە نەخۆشی نابێتە هۆی ئەوەی لە ژیان بێهیوا بین".

 

نەخۆشی شەکرە بریتیە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی گلۆکۆز لە خوێندا بە شێوەیەکی ناسروشتی بەهۆی هۆکاری جیا جیاوە، شەکرە دوو جۆری هەیە، جۆری یەکەم لە منداڵان و تازە پێگەیشتوواندا دەردەکەوێت نزیکەی  لە ٥٪ بۆ ١٠٪ی کۆی توشبووانی نەخۆشی شەکرە پێکدەهێنن، جۆری دووەمیش بڵاوترین جۆری شەکرەیە کە لە ٩٠٪ی توشبووانی شەکرە لەم جۆرەن.

 

ت.پ