بەشداری ژنان لە یاری لەشجوانیدا

لە دوای تۆپی پێ، یاری لەشجوانی بە پلەی دووەم دێت لەڕووی بەشداربوونی وەزشەوانان و یاریکاران پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی دەرزی هۆڕمۆنی و ڕاهێنەرێکی لەشجوانیش ئاماژە بەوە دەدات ئەو دەرزیە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.

 

شنیار بایز

سلێمانی - لەشجوانی بریتییە لە ڕیککردنەوەی لەش بە جوڵاندنی ماسولکەکان بە هۆی هەڵگرتنی قورساییەوە یان چەند جوڵەیەکی تەکنیکی تایبەت، لەگەڵ ئەو جوڵانەدا، ڕێک کردنەوەی خواردن و خەوتن پێویستن و خواردنی هۆڕمۆنیش هۆکارێکن بۆ خێراکردنی ڕێک کردنەوەی ماسولکەکانی جەستە.

 پاش ماندووکردنی ماسولکە خۆراکی تایبەت و گرنگ پێویستن، وەک پڕۆتین، کاربۆهیدرات، ئاو، چەوری، کانزا، ڤیتامین...، هەندێک کات خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانە ڕێژەی پێویست بۆ لەش دابین ناکات بۆیە یاریزانان پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانی پاودەر و حەپ وەک جێگرەوەیەک بۆ خۆراکەکان.

یەکێک لە بنچینەی یاری لەشجوانی بریتییە لە ئەنجامدانی یاری و پێکهاتەی خۆراک، زۆر کەس یاری لەشجوانی بە سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن، بێ گوێدانە ڕێنماییەکان، لە کاتێکدا دەبێت بە پێی ڕێنمایی ڕاهێنەری تایبەت و بە ڕێکاری تەندروستی یاری بکرێت، پێویستە سیستمێکی خۆراکی تایبەت بۆ وەرزشوانانی ئەم جۆرە یاریە دابنرێت، بۆ نموونە گەر پێش ئەنجامدانی یاریی لەشجوانی خۆراكی پێویست نەخورێت، ئەوا لە كاتی یاریكردندا رێژەی شەكر لە خوێندا دادەبەزێت، بەمەش هەست بە گێژبوون و تەشەنوج و لاوازی دەكرێت، لە یاری لەشجوانیدا تا تەمەن زیاتر بێت لەش پڕتر و پتەوتر دەبێت، چونکە لە تەمەنی گەنجیدا هۆڕمۆنەکان بۆ بنیاتنانی خانە و شانەکانی لەش و بۆ گەشەی تاک بەکاردێت لە لایەن لەشەوە.

ڕاهێنەر و یاریزانی لەشجوانی، فریشتە فەلاح دەربارەی سوودەکانی لەشجوانی ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی یاری لەشجوانی ماسولکەکان گەورە دەکات سودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی لەش و کاریگەری باشی لەسەر دەروون هەیە، و لە قەلەقی و سترێس دووردەکەویتەوە، کەسی وەرزشوان لە نەخۆشیەکانی دڵ و زەخت و شەکرە دەپارێزێت و ماسولکەکان بەهێز دەکات، هەروەها یەکێک لە زیانەکان بەکارهێنانی دەرزی هۆڕمۆنە و زیانی بۆ جەستە هەیە و توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەکات و لیمفەکانی توشی هەوکردن دەکات، وتیشی: "لە ئێستادا نەک تەنها پیاوان بەڵکو ژنانیش دەرزی هۆڕمۆن بەکار دەهێنن و دەیانەوێت بە ماوەیەکی کەم ببنە خاوەن لەش و لارێکی تۆکمە و جوان، بەڵام بەکارهێنانی پڕۆتین لە لایەن هەردوو ڕەگەزەوە هیچ زیانێکی جەستەی نییە و کار ناکاتە سەر هۆڕمۆن.

فریشتە باسی بەشداری زیاتری ژنانی کرد لەم چەند ساڵەدا و دەڵێت: "بە هۆی سروشتی کۆمەڵگەوە لە ڕابردوودا ژنان نەیاندەتوانی بەشداری ئەم جۆرە یاریانە ببن بەڵام خۆشبەختانە بە هۆی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگەوە ئێستا ژنان زیاتر خولیایان بۆ بەشداریکردن هەیە، هەندێک کات بە پێی ڕێنمای دکتۆر سەردانیمان دەکەن و یاری ئەنجام دەدەن"، ئاماژەش بەوەدا، بەهۆی ئەوەی قەڵەوی ئازاری پشت و ئەژنۆ دروست دەکات، بەشداربووان بۆ دابەزاندنی کێش یاری دەکەن.

لە جۆرەکانی لەشجوانی بریتین لە: بەڵک، شرێد و بووف کە زیاتر پیاوان ئەنجامی دەدەن بۆ زیاتر دەرکەوتنی بەشی سەرەوەی لەشیان، لەناو ژنانیشدا فیت و سکین بڵاوە کە شێوازێکە ماسولکە بەقوەت دەکات و ناهێڵێت گەورە ببێت، بۆ کەسێک کێشی زۆر بێت دەبێت سەرەتا ڕەشاقە بکات پاشان یاری لەشجوانی و هەوڵی دەرخستنی ماسولکەکانی بدات، ڕاهێنەرەکە باس لەوەش دەکات کە ئەنجامدەرانی ئەم یارییە تەمەنیان لە نێوان ٧ ساڵی بۆ ٥٥ ساڵیدایە بێ جیاوازی، فریشتە باس لە بەشداری ژنان دەکات و وتی: "کۆمەڵگای ئێمە زۆر گرنگی بەم جۆرە یاریە نادەن لەچاو وڵاتانی دەرەوەدا سەرەڕای ئەوەش ژنمان هەیە بەشداری خوولی پاڵەوانێتی لەشجوانی کردبێت لە شاری هەولێر و پلەی باڵاشی بەدەست هێنابێت".

هەرچەندە ئەنجامدانی یاری گرنگ بێت خۆراک و خەو گرنگترە بۆ یاریزان بە جۆرێک لە ٪٢٥ یاری هۆکارە بۆ دروستبوونی لەشێکی ڕێک و لە ٪٧٥ خۆراک و خەون، گرنگیشە کاتی ژەمەکان ڕێکبخرێت، بە جۆرێک ژەمی بەیانیان لە ٨:٣٠ بۆ ٩ بێت، نیوەڕوان ١٢ بۆ ٢ و ئێواران ٥:٣٠ بۆ ٧ خواردن بخورێت، لەناو خواردنەکاندا هەبوونی خۆراکی سروشتی پێویستە و دەشبێت لە نێوان ژەمەکاندا ژەمێکی لاوەکی وەک چەرەسات و میوە بخورێت.

دەربارەی دابەزاندنی کێش ڕاهێنەر فریشتە ئاماژەی بەوەدا: "لە ئێستادا خەڵکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویان کردۆتە بەکارهێنانی KETO  لە هەموو تەمەنە جیاوازاکاندا و دەیانەوێت بە زووترین کات کێشێکی زۆر دابەزێنن، ئەمە زیانێکی زۆری هەیە و کاریگەری خراپی لەسەر جەستە دروست دەکات، توشی کەم خوێنی و کێشەی قوڕحەی مەعیدەیان دەکات و دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ڤیتامین لە لەشدا" هەروەها وتیشی KETO  هۆکارە بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە.

فریشتە فەلاح لە کۆتایدا دەڵێت "پەیامم بۆ هەموو ئەو ژنانەیە گرنگیان بە جەستەیان نەداوە، بیکەن بە بەشێک لە ژیانیان و گرنگی پێبدەن، هەر جۆرێک یاری مەبەستییانە ئەنجامی بدەن، ئەگەریش نەیانتوانی بچنە هۆڵەکانی لەشجوانی لە ماڵەکانیاندا و لە ڕێگەی ڤیدیۆی تایبەت بە یاری لەشجوانی یاری بکەن".

 

هاژە یەکێکە لە یاریزانەکانی ڕاهێنەر فریشتە و ماوەی سێ ساڵە یاری لەشجوانی دەکات، دەڵێت زۆر کەس پێم دەڵێن یاری لەش وەک پیاو لێدەکات، بەڵام بەو جۆرە نییە و من سودی زۆرم لێبینەوە لە ڕووی جەستەیی و تواناییەوە، هاژە باس لە تێڕوانینی کۆمەڵگا دەکات بۆ یاری ئاسن کە پێیان وایە لەس وەک پیاو لێدەکات و دەڵێت: " زۆر ژن کاتێک دێنە هۆڵەکانی لەشجوانی دەڵێن لەشم وەک پیاوی لێنایەت، ئەم بۆچوونە بە پێچەوانەوەیە، دەبنە خاوەن لەشێکی تۆکمە و بەهێز، پەیامیشم بۆ ژنان ئەوەیە بێنە هۆڵەکان و یاری بکەن تا تێبگەن لەوەی تێروانینەکانی کۆمەڵگا هەڵەیە".

 

ت.پ