شۆخ ڕزگار: چوار ساڵی زانکۆ بە پایسکیل هاتووچۆم کردووە

شۆخ ماوەی چوار ساڵ لە زانکۆ بە پاسکیل هاتووچۆی کردووە، حەز و خولیای بۆ لێخوڕینی پاسکیل هەیە و بە دۆستی ژینگەی دادەنێت، دەشڵێت داواکارم ژنان حەز و خولیایان بۆ چ وەرزشێک هەیە پەیڕەوی بکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- شۆخ ژنێکی گەنجە و دەرچوونی بەشی وەرزشی زانکۆی هەڵەبجەیە، حەز و خولیای بۆ پاسکیلسواری هەیە و لە ئێستاشدا خەریکی فێرکردنی فێرخوازانە بە شێوەیەکی خۆبەخش.

 

شۆخ ڕزگار باسی لە خۆی کرد و وتی ماوەی چوار ساڵی زانکۆم بە پاسکیل هاتووچۆم کردووە، دوای ئەوەی کە زانیم پاسکیل سودێکی زۆری هەیە بڕیارمدا بەردەوام بم لەسەری، دەشڵێت: پاسکیل جگە لەوەی بە هاوڕێی ژینگە ناسراوە، سودێکی ئێجگار زۆریشی بۆ تەندروستی هەیە لە ڕووی دەرونی و ژینگەیشەوە، شۆخ وەک بەکارهێنەری پاسکیل ئامانجی ئەوەیە کە پاسکیلسواری بکات بە کلتور و لە کاروباری ڕۆژانەدا بەکاریبهێنێت.

 

خولی فێرکاری ژنان یەکێکە لە ئامانجەکانم

شۆخ ئاماژە بەوە دەدات بۆ ئەوەی پاسکیلسواری ببێت بە کلتور خولێکی فێرکاریم بۆ ژنان کردووەتەوە، لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ لە کاتژمێر ٧:٠٠ بۆ ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ لە ناوەندی وەرزش و لاوانی هەڵەبجە بێ بەرامبەر فێرخوازان فێردەکەم.

 

شۆخ بەشداری لە پاڵەوانێتیدا کردووە

شۆخ باسی لەوەشکرد کە سەرەتا وەک بەکارهێنەر پاشان وەک یاریزان بەشداری پاڵەوانێتی شاخی گۆیژەی بە پاسکیلی شاخی کردووە، هەروەها لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا بەشداری پاڵەوانێتی کردووە و پلەی زۆر باشی بەدەستهێناوە

 

ئەو پاسکیلسوارە ئامۆژگاری ژنانی گەنج دەکات کە ڕوو بکەنە بەکارهێنانی پاسکیلسواری و ئەو ئامێرانەی کە سودی بۆ تەندروستی هەیە، چونکە لە نەخۆشی و ناتەندروستی دەیانپارێزێت.

ت.پ