زەینە حەریری کۆمەڵگەی "ئینغیمار"ی بۆ دابینکردنی ڕووبەرێکی ئارام بۆ ژنان دامەزراند

زەینە حەریری لە شاری سوور کۆمەڵگەی "ئینغیمار"ی دامەزراند بۆ دابینکردنی ڕووبەرێکی ئارام بۆ ژنان تا بتوانن غەوسکردن ئەنجام بدەن بەبێ سازشکردن لەسەر ناسنامەیان، بەمەش قووڵایی دەریا دەبێتە ئەزموونێکی ئیلهامبەخش بۆ تێپەڕاندنی ترسەکان و سەلماندنی ئەوەی کە خولیا

زەینە حەریری  کۆمەڵگەی "ئینغیمار"ی بۆ دابینکردنی ڕووبەرێکی ئارام بۆ ژنان دامەزراند

رەنا جونی

 

لوبنان- زەینە حەریری یاساکانی غەوسکردن و ڕێنماییەکانی شکاند کە ساڵانێک بوو دۆمەینی تایبەتی پیاوان بوو، بڕیاریدا خولیای خۆی ئازاد بکات و بیگۆڕێت بۆ پڕۆژەی "ئینغیمار" بۆ ڕاهێنانی ژنان لە بواری غەوسدا، ئەم ژنە گەنجەی خەڵکی باشووری لوبنان، کە ڕەتیکردەوە حیجابەکەی ڕێگری لە خولیاکانی بکات، خولیای خۆی کردە پڕۆژەیەک کە دەرگای جیهانێک دەکاتەوە کە لەمێژە بە پاراستنی پیاوان بۆ ژنان دادەنرێت.

 

لە ئەزموونێکەوە کە وەک ئارەزوویەک دەستی پێ کرد، زەینە حەریری، کچی شاری سووری لوبنانی، بەرەو جیهانی پیشەگەری هەنگاوی نا، دوای ئەوەی لە قووڵایی دەریادا جیهانێکی جیاوازی دۆزییەوە کە زۆر شتی لە ژیانیدا گۆڕی، لە ئاستەکانی غەوسکردندا پلە بە پلە سەرکەوت، گواستییەوە بۆ شوێن و قووڵایی نوێ، پێش ئەوەی بڕیار بدات ئەزموونەکەی بۆ ژنانی دیکە بگوازێتەوە و دەرفەت لە بەردەمیاندا بڕەخسێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەم جیهانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە وەک تاقیکردنەوە دەستی بە غەوسکردن کردووە، بەڵام ئەوەی لە ژێر ئاودا ئەزموونی کرد پاڵی پێوە نا بۆ بەردەوامبوون و قووڵبوونەوەی زیاتر لەم وەرزشەدا، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، دەستی کرد بە وەرگرتنی پرسیاری زۆر لەو ژنانەی ئارەزووی غەوسکردنییان هەبوو، تێبینیی کرد کە خواستێک لای زۆرێکیان هەیە بۆ ئەزموونکردنی، بەڵام بەربەستە کۆمەڵایەتی و کردەییەکان ڕێگر بوون لەوە، دیارترینیان ئەوە بوو کە زۆربەی ڕاهێنەرەکان "پیاو بوون"،  ئەم وەرزشە "بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە لایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرا.

 

لێرەوە، بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵگەی "ئینغیمار" لەدایک بوو، بۆ دابینکردنی دەرفەت لە بەردەم ژنانی گەنجدا تا لە چوارچێوەی ڕووبەرێکی ئارامدا غەوسکردن ئەنجام بدەن، کە تێیدا ناچار نەبن سازش لەسەر ناسنامە یان جلوبەرگەکەیان بکەن، هەروەها بتوانن بە ئازادی گوزارشت لە ترس و دڵەڕاوکێکانیان بکەن.

 

زەینە حەریری ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەندێک لە ژنانی گەنج پێیان وابوو غەوسکردن بۆ ئەوان بەردەست نییە، چ بەهۆی پابەندبوونیان بە حیجاب و جلوبەرگی شەرعییەوە بێت یان بەهۆی ترسیان لە ئاو و دەریا، بۆیە پێداگرە لەسەر ئەوەی قسە لەگەڵ بەشداربووان بکات، گوێ لە ترسەکانیان بگرێت، هەنگاو بە هەنگاو هاوڕێیەتییان بکات، بەپێی توانای هەر یەکێکیان.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم ئەزموونە بووەتە دەستکەوتێکی کەسی بۆ زۆرێک لە ژنانی گەنج، دوای ئەوەی توانییان بەسەر ترسەکانیاندا زاڵ ببن و ئەزموونێک تاقی بکەنەوە کە پێیان وابوو توانای ئەنجامدانیان نییە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێیان ڕاگەیاندووە کە غەوسکردن خەونێک بووە بۆیان، پێشتر دەرفەتی بەدیهێنانیان بۆ نەگونجاوە.

 

سەبارەت بە جیهانی ژێر ئاویش، زەینە حەریری وەک هەسارەیەکی جیاواز پێناسەی دەکات، کە تێیدا لە ژاوەژاوی ژیانی ڕۆژانە دادەبڕێت، سەرنج دەخاتە سەر خۆی و هەناسەکانی، تەنانەت پێی وایە کە بیستنی دەنگی هەناسەکانی لە ژێر ئاودا هەستێکی جیاوازی بە ژیان پێ بەخشیوە.

 

گەشتێکی مەلەوانیی ژێر ئاو بۆ دۆزینەوەی خود

لە نێو ئەو ژنە گەنجانەشدا کە ئەزموونەکەیان تاقی کردەوە، سارە عەقیب باسی لە دڵخۆشیی خۆی کرد بە غەسکردن هەر لە یەکەم جارەوە، ئاماژەی بەوە دا، کە ئەو جیهانەی لە ژێر ئاودا هەیە بە تەواوی لەو جیهانە جیاوازە کە لەسەر ڕووی ئاوە، ئارامییەکی دەروونیی وا دابین دەکات کە وای لێ دەکات هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەری دەگوزەرێن لەبیر بکات، تەنها سەرنج بخاتە سەر خودی ئەزموونەکە.

 

سەبارەت بە ڕەیان بەرچی، کە ڕاهێنەری مەلەوانییە، ڕوونیکردەوە، کە بڕیاری دا غەوس تاقی بکاتەوە و خۆشی ویست، ئەمەش پاڵی پێوە نا تا لە خولێکی ڕاهێناندا لەگەڵیدا ناوی خۆی تۆمار بکات، لە تەنها تاقیکردنەوەوە بەرەو پیشەگەربوون لە غەسکردندا هەنگاو بنێت.

 

لە بەندەری کۆنی سووریشەوە، زەینە حەریری لەگەڵ ژنانی گەنجدا لەسەر بەلەمەکانی "شەختوورە" بەرەو شوێنەکانی مەلەوانیی ژێر ئاو بەڕێ دەکەوێت، کە لەوێوە گەشتی دۆزینەوەی جیهانێک دەست پێ دەکات کە لەوەی سەر ڕووی دەریا ناچێت، گەشتێک کە تەنها لە فێربوونی وەرزشێکی نوێدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەرفەتێک دەبەخشێتە بەشداربووان تا تواناکانی خۆیان تاقی بکەنەوە و بەسەر ترسەکانیاندا زاڵ ببن، جەختی لەوە کردەوە، کە دەریا بۆ کەس قۆرخ نەکراوە، بەربەستەکان ناتوانن سنوور بۆ خولیا دابنێن.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.