سیستمی ئاوی هەرێم لە مەترسیدایە؛ دروستکردنی بەنداو لە تورکیا و ئێران هۆکارێکن

هۆکارەکان بۆ پیسبوونی ئاو لە هەرێمی کوردستان تا دێت زیاد دەکات، نەبوونی سیستمی پاکسازی، دروستکردنی بەنداو کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی ئاو و ناهۆشیاری تاک بەشێکین کە هۆکارەکان، بەردەوامی ئەو دۆخەش کارەساتی سروشتی دروستدەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- پیسبوونی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان، بووەتە هۆکاری پیسبوونی ئاوی ماڵان و زیادبوونی نەخۆشییە جیاوازەکان لەناو شارەکاندا، هەروەها ئاودانی سەوزەوات بە ئاوەڕۆ و نەبوونی سیستمی ئاوی و دەستنەگەشتنی جوتیار بە ئاوی پاک، بە هۆکاری نەخۆشییەکان دادەنرێت، ئەمەش دەریدەخات بە کۆی گشتی بەرکەوتنی ئاوی پیس بە هەر ڕێگایەک بێت دەبێتە هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

 

تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ و ئاوی ڕووبارەکان، نەبوونی سیستمی پاکسازیکردنی ئاو کێشە سەرەکییەکانی سیستمی ئاون لە هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە ئاستیدا بێدەنگن و هەڵوێست وەرناگرن.

 

ژینۆ خالید، دکتۆرا لە بەشی سامانە سروشتییەکانی کۆلێژی ئەندازیاری زانستە کشتوکاڵییەکان، پسپۆڕ لە پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ و دووبارە بەکارهێنانەوەی، باسی لە هۆکارەکانی پیسبوونی ئاو و هۆکارەکانی کرد و بۆ نوژنها دوا، "بەشێوەیەکی گشتی ئەو سیستمە ئاودانەی بەکاردەهێندرێت لە هەرێمی کوردستان ئاوی ئاوەڕۆی تێکەڵە، ئەمەش لە ڕووی تەندروستییەوە ڕێگەپێدراو نییە کشتوکاڵی پێ ئاو بدرێت، چونکە ئاوی ئاوەڕۆ چەندەها نەخۆشی بەکتریایی تێدایە کە دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کێشەی تەندروستی لەناو جوتیارەکان و ئەو کەسانەی بەرکەوتەی ئاوەکە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانن، هەروەها لە ڕووی خواردنەوەوە ئەو ئاوانەی ڕۆژانە بەکاردەهێندرێت تێستی بەکتری لەسەر نییە، تەنانەت ئەو دەبە ئاوانەی لە فرۆشگاکاندا دەفرۆشرێن، تەنها کۆمەڵێک تێستی کیمیایی لەسەر یاخود بە ئۆزۆن پاکیدەکەنەوە".

 

"ئاوی خواردنەوە پشکنینی تەواوەتی بۆ ناکرێت"

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەدا، لەم ماوەیەی پێشوو هەندێک لایەن شیکاری ئاوی ماڵانیان دەکرد بە ئامانجی پاکڕاگرتنی ئاوەکان، بەڵام شیکاری بەکترۆلۆجیان نەکرد، بەڵکو چەند شیکارییەکی سەرەتاییان دەکرد، کە دەری نەدەخست هۆکاری بڵاوبوونەوەی هەندێک نەخۆشی ئاوە یاخود نا.

 

"ئاو پێکهاتەیەکە توانای پاککردنەوەی خودی خۆی هەیە، واتە مادەیەکی پیسکەر بخرێتە ناو ئاوەوە، بە تێپەڕبوونی کات توانای هەیە خۆی پاک بکاتەوە بە مەرجێک چەند جارێک ڕووبەڕووی ئەم پیسبوونە نەبێتەوە، یەکێک لەو سەرچاوە ئاویانەی بەکاردەهێندرێت لە هەرێمی کوردستان ئاوی دوکانە، کە ڕاستەوخۆ نایەتە ناو ماڵەکانەوە بەڵکو پاکسازی بۆدەکرێت و بە چەندین هەنگاودا تێدەپەڕێت، بەڵام مانای ئەوە نییە ئاوەکە پیسبکرێت یاخود تێکەڵ بە ئاوی ئاوەڕۆ بکرێت".

 

"تێکەڵکردنی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ ئاوی ڕووبارەکان هێڵی سورە"

دکتۆر ژینۆ باسی لەوەکرد، تێکەڵکردنی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ ئاوی ڕووبارەکان لە هیچ کوێی جیهاندا ڕیگەپێدراو نییە، بەڵکو دەبێت پێشئەوەی بخرێتەوە سەر ئاوی ڕووبارەکان پاکسازی بۆ بکرێت و بیگەیەنیتە ئەو ئاوە ستانداردەی لە جیهاندا دانراوە، بۆ ئەوەی کاتێک ئاوی ڕووبارەکە بەکاردەهێندرێت ئاسانتر پاکسازی بۆ بکرێت.

 

هەروەها وتی: لایەنی بەرپرس کەمتەرخەمن لە ئاست پاکڕاگرتنی ئاوی خواردنەوە و ئەو ئاوانەی بەکاردەهێندرێن ڕۆژانە، چونکە تا ئێستا لە پێشینەی کارەکانیان نەبووە ئیشی لەسەر بکەن، وەک ژینگەدۆستان و شارەزایانی بواری ئاو و کشتوکاڵ ماوەی چەندین ساڵە توێژینەوەی جیاواز دەکەین و داوا دەکەین سیستمی ئاو چارەسەر بکرێت و چیتر ئاوی ئاوەڕۆکان تێکەڵ بە ڕووبارەکان نەکرێت".

 

دکتۆر ژینۆ پاراستنی ئاو بە ئاسایشی نەتەوەی دەزانێت و دەڵێت پێویستە پارێزگاری لێبکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان پڕۆسە و یاسایەکی تایبەت نییە، ئەگەر هەشبێت کاری پێناکرێت چونکە ئەگەر کاریان پێبکرێت کێشەی تەندروستی بەهۆی ئاوەوە دروست نابێت، "بە پیسکردنی هەر ڕووبارێک تەواوی ڕووبارەکانی دیکە پیس دەبن و هۆکارەکانی نەخۆشی زیاتر بڵاودەبێتەوە".

 

دروستکردنی بەنداو لەلایەن ئێران و تورکیاوە هۆکاری پیسبوونی ئاون

یەکێکی دیکە لە هۆکاری پیسبوونی ئاوەکان کەمبوونەوەی ئاوە، لە ئێستادا وڵاتانی دەوروبەری کوردستان وەک ئێران و تورکیا چەندەها بەنداویان دروستکردووە و ئاستی ئاوەکە کەمبووەتەوە، بە جۆرێک ئەو بڕە ئاوە نییە کە پێویستی ڕۆژانە پڕبکرێتەوە، هەروەها بە کەمبوونەوەی ئاستی ئاو ماددە پیسکەرەکانی ناو ئاوەکە زیاتر دەبێت و بە ئەستەمتر پاکدەکرێنەوە.

 

"هۆکاری دیکە بۆ بەردەوام پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، کشتوکاڵکردنی بەردەوامە کە جوتیاران هەندێکیان نازانستیانە پەینی کیمیای و مادەی قڕکەر بەکاردەهێنن، دەبێتە هۆی نیشتن لەسەر زەوی و لە کاتی باران باریندا خاکەکە دەشۆرێتەوە و دەڕواتە چینەکانی خوارەوەی خاکەکە تا دەگاتە چینی ئاوی ژێر زەوی، بەشێکی دیکەیان دەچێتە ئاوی سەر زەوی، یاخود ئەو کارگانەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکان دروستکراون، کە مادە پاشەڕۆکانیان دەچێتەوە سەر ئاوی ڕووبارەکان و شێوازی سروشتی ئاوەکان تێکدەدەن.

 

"نەبوونی سیستمێک بۆ پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ دۆخی هەرێمی کوردستانی خراپ کردووە"

دکتۆر ژینۆ وەک پسپۆڕی ئاو، باسی لەو نەخۆشیانە کرد کە لە ڕێگای پیسبوونی ئاوەوە دەگوازرێتەوە و وتی: مەرج نییە خواردنی ڕاستەوخۆی سەوزەوات کە بە ئاوی پیس ئاودرابن ببێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی، چونکە زۆر ڕێگە هەن تیایدا نەخۆشی لێوە دەگوازرێتەوە، یەکێک لەوانە، بەکارهێنانی ئەم ئاوانە لە بیناسازیدا، ئەگەر تەنها یەک کرێکار بەرکەوتەی ئەم ئاوە بێت دەبێتە هۆی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانرێت کە ئاودانی کشتوکاڵ نابێت بە ئاوی ئاوەڕۆ بکرێت و هێڵی سورە و دەبێت گرنگی بە پێکهاتەی ئاوەکان بدرێت بۆ ئاودانی کشتوکاڵ.

 

لە کۆتایدا ئەوەی خستەڕوو کە تەواوی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان پیسکراون، نەبوونی پڕۆسەیەک بۆ پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت، بۆیە پێویستە کێشەکان لە سەرەتاوە چارەسەر بکرێن، ئەگەر نا دۆخی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیدار دایە.