”گەر هێرشەکانی سەر خاک و ئاو بەردەوام بن، جێگەیەک بۆ هەناسەدان نامێنێت”
حەنیفە یوجەل، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی زانایانی وان، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر سروشت و ئەو زیانانەی کە بەر ئاو و هەوا دەکەون، دەڵێت: گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا بۆ ژیان دەبێتە کارەسات.
دیلان ئایدن
ئەنقەرە- هێرشەکانی سەر ئاو، خاک، هەوا، دارستان و چیاکان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، چیا و دارستانەکانی کوردستان بۆ کانزا و نەوت تاڵان دەکرێن، دروستکردنی بەنداوەکان ڕێگری لە ڕێڕەوی ئاو و چەم و ڕووبارەکان و ئاوی دۆڵە مێژووییەکان دەکات و هاوسەنگی سروشتی و دەوڵەمەندی جوگرافی لەناو دەچێت، ڕۆژ بە ڕۆژ خاک، ئاو و ئەو هەوایەی کە بۆ هەموو زیندەوەران ”ژیان”ە، لە ژێر دەستی قڕکردندا دەناڵێنێت، لەگەڵ سەردەمی سەرمایەداری کە بە چاوی ”قازانجکردنی پارە” سەیری هەموو شتێک دەکات و دەستدرێژی کردنەسەر سروشت ڕۆژ بە ڕۆژ دڕندانەتر دەبێت.
”مرۆڤ ڕۆژی دوای خۆی بە دەستی خۆی ئامادە دەکات”
لەسەر ئەم بابەتە، حەنیفە یوجەل، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی زانایانی وان، هەڵسەنگاندنی بۆ پلانەکانی ڕانت و قڕکردن کرد کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەسەر سروشت زیاتر دەبن، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەپێناوی ماڵی جیهان و هەندێک دەوڵەمەندیدا، چیاکان دەڕوخێنن، بەنداو دروست دەکەن، ڕووبارەکان وشک دەکەنەوە و وتی: کاتێک ئەم هێرشانە دەبینم، بیر دەکەمەوە و دەڵێم ئایا مرۆڤ نازانێت کۆتایی ئەمە چۆن دەبێت؟ لە قورئاندا ئایەتێک هەیە دەفەرموێت: مرۆڤ ڕۆژی دوای خۆی بە دەستی خۆی ئامادە دەکات، کاتێک ئێمە خوێندمانەوە دمانوت چۆن بە دەستەکانی خۆمان ڕۆژی دوایی ئەم جیهانە گەورەیە دروست دەبێت؟ بەڵام کاتێک ئەمڕۆ سەیری دەکەین، دەبینین کە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ڕۆژی دوایی دەچین و هۆکاری ئەمەش مرۆڤ خۆیەتی، با سەیری بکەین، مرۆڤ زیان بە سروشت دەگەیەنێت، سەهۆڵبەندەکان دەتوێنێتەوە، چیاکان دەشکێنێت، دەریاکان پیس دەکات، بەتایبەتی بەم پاکەت و کارتۆنە نایلۆنانەی کە دروستیان دەکەن، جیهان زۆر پیس دەکەن. ئێمە دەزانین ئەم نایلۆنانە بە ساڵان لە ناو سروشتدا دەمێننەوە و خاک ژەهراوی دەکەن، هەر لە ڕێگەی ئەم نموونانەوە دەبینین کە بە ڕاستیش ئەوە ڕۆژی دواییە، ئەمساڵ لە نیپال بینیمان کە بەستەڵەک ڕووخا، ئەمە بەخۆڕایی نییە، مرۆڤ ڕۆژی دوایی خۆی بە دەستی خۆی ئامادە دەکات، مرۆڤ قەت بیر لە سوود و زیانی ئەمە ناکاتەوە، نالێت کە من ئەمڕۆ بە ملیۆنان دۆلارم قازانج کرد، بەڵام سبەی بە ملیۆنان دۆلار زیان دروست دەبێت، قەت بیر لەوە ناکاتەوە کە ژیانی مرۆڤ کۆتایی دێت و ئاژەڵەکان نامێنن.
زیانگەیاندن بە سروشت، لەناوبردنی داهاتووە
حەنیفە یوجەل ئەوەی خستە ڕوو کە کاتێک سروشت نەبێت، ژیانیش نابێت و وتی: گەر مرۆڤ دەیەوێت ئەم جیهانە بمێنێتەوە، دەبێت دەستبەرداری زیانگەیاندن بە سروشت ببێت و هەتا ئێستا هەرچەندی تێکدابێت، چاکی بکاتەوە. تەنها ئەمە بکات، ئەوا چارەسەر دەبێت. لە پرۆسەی کۆرۆنادا شتێکی لەم شێوەمان بینی، هەموو کەسێک چووە ناو ماڵەکانەوە، لە ئیستەنبوڵ جۆرەها باڵندە دەرکەوتن، دەریا و هەوا پاک بووەوە، باران بە باشی باری، لەو کاتەدا تێگەیشتین کە چارەسەر هەیە، بۆیە دەبێت ئەو شتانەی کە زیان بە سروشت دەگەیەنن کۆتاییان پێ بێت، ئەگەرنا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئەنجامەکەی خراپ دەبێت، مرۆڤ بە بێ سروشت ناتوانێت بژی و دەخوێنینەوە و دەبینین شارەزایانی ئەم کارە وتوویانە دارێک کاتێک شەش کاتژمێر ئاو نەدرێت، وردە وردە وشک دەبێتەوە، ئەم ڕووبارە پیرۆزانە و ئەم سروشتە جوانە لەناودەبرێن، با زۆر باش بزانین کە قڕکردنی سەر سروشت، قڕکردنی خۆمانە و داهاتووی نەوەی داهاتوو تاریکە، پێویستە دەستبەجێ سروشت بهێنینەوە دۆخی پێشووی خۆی.
”دار و دارستان سیyەکانی زەوین”
حەنیفە یوجەل لەبارەی پرسی ”ئایا گەڕانەوە لەم بارودۆخە دەکرێت؟” ڕوونیکردەوە، کە زۆر سەختە، بەم شێوەیە لە ماوەیەکی کورتدا دروست نابێت و دەبێت پڕۆژەی زۆر گەورە ئامادە بکرێن و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیشدا پێویستی بە خانوو و ئۆتۆمۆبیل ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و وتی: رێگەی دیکەش هەن، دەتوانن لە شوێنی ئەوەی بۆ کارەبا ڕووبارەکان وشک بکەن، سوود لە وزەی خۆر وەربگرن، بۆ زۆر مەبەست دار لە دارستانەکان دەبڕنەوە، دارەکان سییەکانی زەوین بۆ هەناسەدان، کاتێک نەبن، ئێمە ناتوانین هەناسە بدەین، ئاگر بەر دەبێتە دارستانەکان، دارەکانیان دەبڕدرێن، ئەم هەمووانە دەبنە نەخۆشی بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بێ ئەوەی زیان بگەیەنێت دەتوانێت بژی، دەتوانێت خانوو دروست بکات، بەڵام دەبینین دەچن لە لای ڕووبار و دۆڵەکان خانوو دروست دەکەن و زیان بەو شوێنە دەگەیەنن، هەموو شوێنێک دەبەنە ژێر قیر و چیمەنتۆوە، بۆیە لە شارەکاندا لافاو هەڵدەستێت، بۆ چارەسەرکردن دەبێت پلان ئامادە بکرێن و ئەگەرچی بە هێواشیش بێت بچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، گەر بەو شێوەیە بێت ئەوا چارەسەر و گەڕانەوە دەبێت، پاراستنی ئەمە دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانییەکان، شارەوانییەکان دەبێت کار و هەوڵی زۆر باش بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنی سروشت بدەن.
”دارستانەکانی کوردستان تاڵان دەکەن”
حەنیفە یوجەل سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە حکومەتی ئاکپارتی کە چەند ساڵە لە دەسەڵاتدایە، لە شوێنی ئەوەی بە دیدگای ئایینییەوە نزیکی سروشت بێت، زیانی گەورەی گەیاندووە و خاکی وڵاتی پێشکەشی قازانجویستان کردووە و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێ هێنا: بە تایبەتیش لە کوردستان هێرشەکانی سەر سروشت لە سەردەمی ئەم حکومەتەدا زیاتر بوون، هەسەنکیفی خستە ژێر ئاوەوە و زۆر شوێنی تری وەک ئەو، ئێستا ڕوویان کردووەتە دارستانەکانی کوردستان، لە هەموو شوێنێک دارەکان دەبڕنەوە، لە لای تورکیا کاتێک ئاگر بەر دەبێتە دارستانەکان هەمووان دەبنە خاوەن هەڵوێست و بە هاناوەی دەچن، بەڵام لە کوردستان دارستانەکان دەسووتێنن و هیچ ناکەن، لە ڕوانگەی ئایینییەوە کاتێک بیر دەکەینەوە، ئەو پێغەمبەرەی کە ئێمە باوەڕمان پێی هێناوە دەفەرموێت: کاتێک بینیتان ڕۆژی دوایی دێت، دارێک لە دەستتدا بچێنە.، ئەمە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامییە، بەڵام ئەوەی حکومەت دەیکات پێچەوانەی ئەمەیە، بۆیە دەبێت بە وردی بیر لەو هێرشانە بکەینەوە، چی بکەین بۆ ئەوەی کوردستان لە گەمارۆی ئەو کۆمپانیایە گەورانە ڕزگار بکەین، پێویستە پێکەوە، بە دەنگی بەرز و بە شێوەیەکی بەرفراوان شۆڕشبکەین، بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە جینۆسایدییەکانی سەر خاکی کوردستان.