ژنانی کۆبانێ: توندوتیژی دژی ژنان لە ژماردن نایەت
ژنانی شاری کۆبانێ توڕەیی خۆیان لە توندوتیژی و ئەشکەنجەدانی ژنان لە تل ئاران دەربڕی و دەڵێن:هێرشکردنە سەر ژنان پێشێلکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکانە.
پەرچەم جودی
کۆبانێ-،ئێوارەی ٣٠ی حوزەیران، هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی هێرشیان کردە سەر گوندی تل ئاران کە دەکەوێتە شاری حەلەب، چەکدارەکان لە کاتی هێرشەکاندا ژنانیان ئەشکەنجە داوە، بەهۆی ئەو لێدانە لە ڕادەبەدەرانە، خەڵکێکی زۆر بریندار بوون، لەنێویاندا ژنان، ئەو ڕووداوەی کە ڕوویدا بووە هۆی توڕەیی ژنان.
ژنانی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی توندی خۆیان بەرامبەر بە ڕووداوەکە دەربڕی و هەڵوێستیان بۆ ئاژانسەکەماندا باسکرد.
”ئەم کارانە پێوەرەکانی سوپا پێشێل دەکەن”
هێڤین ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا، کە سوپای سووریا بێ پێوەرە و وتی: ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ڕووداوە ئەزموون بکەین، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەم هێرشانە بۆ سەر ژنان پابەند نین بە پێوەرەکانی ڕەوشتی و مرۆیی و لەگەڵ پێوەرەکانی سوپایەک کە خەڵک دەپارێزێت، ئەگەر گرنگی بەو زنجیرە پێشێلکارییانە بدەین کە پێشتر بەرامبەر عەلەوییەکان و دروزەکان ڕوویانداوە، دەبینین ئەم هێرشانە بۆ سەر ژنان هەموو جارێک دووبارە دەبنەوە، ئێمە دەزانین سوپا بە ئامانجی پاراستنی گەل و کۆمەڵگە دادەمەزرێن، بەڵام لە سووریا ئەم ڕاستیە دەشێوێنرێت، بەتایبەت بەرامبەر ژنان، پێویستە یاسا و پێوەرەکان جیاواز بن.
هێڤین ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە،کە ژنان دەبێ هەڵوێستێکی بەهێزیان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدانی ژنان وتی: “بەم ڕووداوە جارێکی دیکە گرنگی یەکڕیزی ژنانی سوریا و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئازادی و یەکسانییان لە دەستووردا نوێ دەکەینەوە، تا ئەو کاتەی ئێمە وەک ژنان هەڵوێستمان لەم ڕووەوە نەبینین، ئێمە وەک ژنان هەمیشە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هێرشی لەم جۆرە دەبینەوە.
”ژنان بەهاکانی کۆمەڵگەی سووریان”
لوژەین سەلیم ئاماژەی بەوەشکرد،کە هێرشکردنە سەر ژنان قبوڵ ناکات و وتی: بەداخەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕووداوی لەو شێوەیە ببینین، پێشتریش لە شارە جیاوازەکانی سووریا هێرشمان لە هەمان ئاستدا ئەزموون کردووە، ژنانی سووریا سیمبولی ئامڕازی خۆڕاگری و خەبات و ئاشتین، بۆیە ئەگەر حکومەتی کاتی بەم ئەقڵیەتە مامەڵە لەگەڵ ژنان بکات، ئەمە هەرگیز قبوڵ ناکرێت، بۆیە ئێمەی ژنانی کۆبانێ پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو ژنانە نیشان دەدەین و دەڵێین ئازار و خەباتی هەموو ئێمەی ژنان هاوبەشە.
ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان بەهاکانی کۆمەڵگەن و نابێت ئەو بەهایانە پێشێل بکرێن و وتی: ژنانی سووریا بێڕێزی و لێدان و ئەشکەنجە دەدرێن، کۆمەڵگەکانی سووریا دەبێ ئێستا لە دژی ئەو کردەوانە و پێشێلکاریانە شۆڕشبکەن و بێدەنگ نەبن،
ئەگەر ئەمجارە بێدەنگ بین، ئەم پێشێلکارییە دەبێتە کولتوورێکی هەمیشەیی و هەموو بەها کۆمەڵایەتیەکانمان نامێنن، ژنان بناغە و بەهاکانی کۆمەڵگەن، ئەگەر ئەم ژنە سوریانەش ئەم کردەوانە پراکتیزە بکەن، ئەوا سووریا چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چ لە ڕوانگەی حکومەتەوە شکستی پێدەهێنرێت.
”پێویستە ژنان بە زووترین کات بچنە ناو سوپاوە”
هەدلە حسێن هەروەها سەرنجی بۆ کەمی ژنان لە سوپای سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر هێرشەکانی سەر ژنان ڕاکێشا و وتی: ئەشکەنجەدان و هێرشکردنە سەر ژنان تاوانێکی ڕەوشتی و مرۆیی نییە، لەم ڕووەوە سەرنج ڕادەکێشین بۆ نەبوونی دامەزراوە و ڕێکخراو و هێزی پاراستنی ژنان لە حکومەتی سووریادا، کە ئەمەش لەم لاوازی و نەبوونی ڕێوشوێنەدا ڕەنگ دەداتەوە، ئەگەر ژنان لە سوپای سووریادا بونایە، ئێمە پێمان وایە ژنان ئەزموونی ئەو جۆرە کردەوانەیان نەدەکرد، چونکە ژنان لە چ دامەزراوەیەکدا بن، کاریگەرییان هەیە و ژنان دەپارێزن، هەر بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ژنان بە زووترین کات بچنە ناو سوپاوە و ئەو کەسانەی ئەو کارانەیان ئەنجامداوە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.