ڤیان لەزگین: یەکێتی ژنان بنەمای تێکۆشانی دژی توندوتیژییە

ڤیان لەزگین، فەرماندەی یەپەژە ڕایگەیاند، کە بەرخۆدانی ژنان دژی ستەم و دەسەڵاتداری، میراسێکی مێژووییە کە ئیرادەی ژنانی ئەمڕۆ بەهێز دەکات و داوای یەکێتیی لە سەرجەم ژنان کرد.

ڤیان لەزگین: یەکێتی ژنان بنەمای تێکۆشانی دژی توندوتیژییە

نەغەم چاچان

قامیشلۆ - توندوتیژی، لەسەر ژنان لە بارودۆخی شەڕ و ناسەقامگیریدا، نەک تەنها هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش، هەروەها کۆسپێکیشە لەبەردەم ماف، ئازادی و بەشداریی ئەوان لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا، لەبەرامبەر ئەمەدا، تێکۆشانی ژنان بۆ پاراستنی خۆیان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی، دەڵێت کە ئازادی بەبێ پاراستنی ماف و بوونی ژن بونیاد نانرێت.

لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژیی لەسەر ژنان، ئاژانسەکەمان لەگەڵ ڤیان لەزگین، یەکێک لە فەرماندەکانی تابووری یەپەژە لە دێرک سەبارەت بە ڕۆڵی یەپەژە لە پاراستنی ژنان و تێکۆشانی دژی توندوتیژی، دۆخی ژنان لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا و گرنگیی بەرخۆدانی ژن بۆ ژیانێکی ئازاد، ئارام و بەکەرامەت چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا.

ڤیان لەزگین، فەرماندە لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر واتای ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژیی لەسەر ژنان، وتی: ئەم ڕۆژە نەک تەنها بۆ ژنانە، بۆ هەموو کۆمەڵگە، دەسەڵاتداران و دەوڵەتانیش ڕۆژێکی بەرپرسیارێتییە و توندوتیژییەی لەسەر ژنان بەڕێوە دەبرێت، نەک تەنها بابەتی ژنانە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە کە پێویستە هەموو کەسێک لەبەرامبەریدا بوەستێت، ئەم ڕۆژە پێویستە ببێتە ڕۆژێکی بەرزکردنەوەی تێکۆشان و یادکردنەوەی ئەو ژنانەی لەم ڕێگایەدا گیانی خۆیان بەخت کردووە.

”تێکۆشانی ئەوان بۆ ئێمە میراسێکی گرنگە و ئێمەش بەردەوامین”

ڤیان لەزگین باسی لە تێکۆشانی ئەو ژنانەش کرد کە دژی دەسەڵاتداریی ترۆخیۆ لە کۆماری دۆمینیکان تیرۆر کران، وتی: ئیرادە و بەرخۆدانی ئەوان بووەتە میراسێکی گرنگ بۆ تێکۆشانی ژنانی ئەمڕۆ و لە ساڵی ١٩٦٠دا ئەو ژنانەی دژی دەسەڵاتداریی ترۆخیۆ تێکۆشانیان دەکرد، بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کران، ئێمەش  ئیرادە، هێز و بەرخۆدانی ئەوان بەبیر دەهێنینەوە، چونکە تێکۆشانی ئەوان بۆ ئێمە میراسێکی گرنگە و ئێمەش تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین.

ڤیان لەزگین زانیاریی دا، کە یادکردنەوەی ئەو ژنانەی بەهۆی تێکۆشان دژی زوڵم و دەسەڵاتدارییەوە تیرۆر کراون، تێکۆشانی ئەمڕۆ بەهێزتر دەکات و ئەم میراسە بە تێپەڕبوونی ساڵان لەبیر ناکرێت، ڤیان لەزگین، فەرماندە وتی: ئێمە توندوتیژیی لەسەر ژنان بە هەموو جۆرەکانییەوە ڕەت دەکەینەوە و لەبەرامبەریدا سەر دانانەوێنین، تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین و بۆ ئەم تێکۆشانە ئامادەین، هەر بارودۆخ و هەلومەرجێک بێتە پێشەوە.

ڤیان لەزگین میراسی ژنانی تێکۆشەری هەموو جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ژنانی کورد، هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە، کە بەرخۆدانی ئەوان دژی زوڵم و بۆ ئازادی بووەتە سەرچاوەی هێز بۆ ژنانی ئەمڕۆ، وتی: لە مێژوودا زۆر ژن لە هەموو جیهان بەرخۆدانیان کردووە و بۆ ئازادی تێکۆشانیان کردووە، هەندێک لەوان تیرۆر کراون، لە کوردستانیش ژنانی کورد ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام بەرخۆدان و ئیرادەی خۆیان نیشان داوە، ئەم میراسە بۆ ئێمە تا ئەمڕۆ دێت و تێکۆشانی ئێمە بە تێکۆشانی ئەوانەوە بەستراوەتەوە.

”ڕۆح، ئیرادە و تێکۆشانی ئەو ژنانە بۆ ئێمە وەک ژن هەستپێکردن و تێگەیشتنە”

ڤیان لەزگین تیشکی خستە سەر گرنگیی خاوەنداریکردن لە میراسی ئەو ژنانەی بۆ ماف و ئازادی تیرۆر کراون، وتی: تێکۆشانی ئەوان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تێکۆشانی ئەمڕۆ هەیە، سەرەڕای ئەوەی زۆر ژن هێشتا ئەوان ناناسن، هەروەها ڕۆح، ئیرادە و تێکۆشانی ئەو ژنانە بۆ ئێمە وەک ژن هەستپێکردن و تێگەیشتنە، بەرزکردنەوەی تێکۆشان و خاوەنداریکردن لەم میراسە، نرخێکی گەورەیە.

ڤیان لەزگین، فەرماندە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژیی لەسەر ژنان، دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان، بەهێزکردنی هاودەنگی و بەرخۆدان دژی ئەو عەقڵییەت و دەسەڵاتدارییەی توندوتیژی بەڕێوە دەبات وتی: بۆ ئێمە ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی گرنگە کە دەنگمان بەرز بکەینەوە، هاودەنگی بەهێز بکەین و دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، دڕندەیی و دەسەڵاتداریی سەر ژنان بوەستین، ئێمە توندوتیژی شەرمەزار دەکەین و تێکۆشانی خۆمان بە ئیرادە و باوەڕەوە بەردەوام دەکەین.

ڤیان لەزگین، فەرماندە ڕوونیکردەوە، کە توندوتیژی نەک تەنها بە شێوەی جەستەیی بەڕێوە دەبرێت، هەروەها توندوتیژیی دەروونی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەوەی لەسەر بیروڕا، ئیرادە و ئازادیی ژنیشە لەخۆ دەگرێت، وتی: پێویستە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ڕەت بکرێنەوە، توندوتیژی نەک تەنها ئەوەیە کە ژن لێ بدرێت، توندوتیژیی دەروونی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و توندوتیژیی سەر بیروڕا و ئیرادەی ژنیش هەیە، ئێمە لەبەرامبەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژیدا دەوەستین و شەرمەزاریان دەکەین.

”بۆ ئێمە تێکۆشانی ئازادی و پاراستنی ئیرادەی ژن پێوەرێکی ڕەوشتی و بنەڕەتییە”

بە یادکردنەوەی ئەو ژنانەی لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریس تیرۆر کران، ڤیان لەزگین ئاماژەی بەوەشکرد، کە عەقڵییەتی دواکەوتوو و دەسەڵاتداریی پیاو لە هێزی ژنانی خاوەن ئیرادە و تێکۆشەر دەترسێت وتی: هاوڕێکانمان کە لە ساڵی ٢٠١٣دا لە پاریس تیرۆر کران، بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە لەبەرامبەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژیدا تێکۆشانێکی سەختیان بەڕێوە بردبوو، ئەوان بوونە ئامانجی عەقڵییەتی دواکەوتوو و دەسەڵاتدارییەک کە لە هێزی ژن دەترسێت، ئەم ڕاستییە پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەوە بزانرێت و لێی تێ بگات.

ڤیان لەزگین تیشکی خستە سەر گرنگیی بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان لەبەرامبەر زیادبوونی توندوتیژیدا و ڕایگەیاند، کە تێکۆشان، هاودەنگی و هاوڕێیەتیی ژنان هێزیان بەهێز دەکات، وا دەکات هیچ جۆرە دەستدرێژی و توندوتیژییەک قەبووڵ نەکەن، وتی: ئەو هێزەی لە تێکۆشانمان وەرمان گرتووە و هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە، وا دەکات هیچ جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژییەک قەبووڵ نەکەین، ئیرادەمان بەهێزە و هێزمان گەورەیە، مەرگیش لەبەرچاو دەگرین، بەڵام لەبەرامبەر توندوتیژی و دەسەڵاتداریی سەر ژناندا سەر دانانەوێنین.

ڤیان لەزگین، فەرماندە هاوکات ڕایگەیاند، کە تێکۆشان بۆ ئازادی و پاراستنی ئیرادەی ژن پێوەرێکی بنەڕەتییە وتی: بۆ ئێمە تێکۆشانی ئازادی و پاراستنی ئیرادەی ژن پێوەرێکی ڕەوشتی و بنەڕەتییە، چونکە لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا جەوهەر و بەهاکانی مرۆڤایەتی دەپارێزرێن.

”ئێمە وەک یەپەژە تەنها لە مەیدا سەربازیدانین”

ڤیان لەزگین جەختی لەوە کردەوە،  کە سەرەڕای هەموو ئەو باجانەی ژن لە مێژوودا داویەتی، تێکۆشانیان ئیرادەی ژنی بەهێزتر کردووە و بەرخۆدانیان دژی توندوتیژی و دەسەڵاتداری بەردەوام دەکات وتی: سەرەڕای هەموو توندوتیژی، تیرۆرکردن، ڕفاندن، دەستدرێژی و فشارانەی لەسەر ژنان بەڕێوە براون، ژنان بە تێکۆشانی خۆیان هێز و ئیرادەیەکی گەورەیان بەدەست هێناوە، ئەمڕۆ ژنان لەبەرامبەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژیدا هەڵوێستێکی بەهێز نیشان دەدەن و ئەم تێکۆشانە ڕۆڵێکی گرنگی لە ئازادیی هەموو ژناندا هەیە.

ڤیان لەزگین، فەرماندە باسی لەو باجانە کرد کە ژنان لە مێژوودا بۆ ماف و ئازادی داویانە و ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر خوێنێک بۆ ئازادی ڕژابێت، بووەتە بەڵێن و بڕیاری بەهێزکردنی تێکۆشان، وتی: ئێمە زۆر شەهیدمان داوە، بەڵام سەربەرزین، چونکە هەر دڵۆپێک لە خوێنی هاوڕێکانمان بووەتە بەڵێن و بڕیاری بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی تێکۆشانی هەموو ژنان.

ڤیان لەزگین، فەرماندە ڕوونیکردەوە،کە ڕۆڵی یەپەژەش لە مەیدانی سەربازی تێپەڕیوە و لە مەیدانەکانی ڕێکخستن، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و سیاسیدا فراوانتر بووە و وتی: ئێمە وەک یەپەژە نەک تەنها لە مەیدانی سەربازیداین، لە مەیدانی ڕێکخستن، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماسی و سیاسیدا کار دەکەین، ئەمڕۆ ژنان لە هەموو نەتەوە و زمانەکان لەم تێکۆشانەدا جێگەی خۆیان دەگرن، چونکە لەم تێکۆشانەدا ژن ماف، بەها، ئیرادە و هێزی خۆی دەبینێت و دەیپارێزێت.

ڤیان لەزگین داوای لە هەموو ژنان، پیاوان و دەوڵەتان کرد، کە لەبەرامبەر توندوتیژیی ژناندا بوەستن، دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و عەقڵییەتی دواکەوتوو و دەسەڵاتدار بگۆڕن وتی: دەمانەوێت دەنگمان بگاتە هەموو شوێنێکی جیهان و هەموو کەس ئەم دەنگە ببیستێت، هێزی ژن لە تێکۆشانی دیموکراتیک، ئازادی و ئاشتیدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، ئەگەر عەقڵییەتی دەسەڵاتدار و دواکەوتوو بگۆڕدرێت، ژن دەتوانێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاددا کاریگەرییەکی گەورە بکات.

”بیر و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگای هاوڕێیەتی و ئازادیی ڕاستەقینە بەڕووی ژناندا دەکاتەوە”

ڤیان لەزگین هەروەها بانگەوازی لە ژنانی هەموو شوێنێکی جیهان کرد، کە پێکەوە ببنە یەک، دەستی یەکتر بگرن و لەبەرامبەر توندوتیژی و دەسەڵاتداریدا سەر دانانەوێنن و وتی: ئێمە بانگەوازی لە هەموو ژنان دەکەین کە دەستی یەکتر بگرن، تێکۆشانی خۆیان بەرز بکەنەوە و هەرگیز لەبەرامبەر دەسەڵاتداری و توندوتیژیدا سەر دانانەوێنن، ئێمە لە هەر شوێنێک کە توندوتیژی لەسەر ژنان بەڕێوە ببرێت، بۆ پاراستنی ژنان و بەهێزکردنی تێکۆشان ئامادەین، زۆر لە هاوڕێکانمان بۆ ئەم تێکۆشانە باجی قورسیان داوە، بەڵام ئێمە ڕێگای ئەوان بەردەوام دەکەین.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڤیان لەزگین، فەرماندە تیشکی خستە سەر بیر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە ئازادیی ژن و ڕایگەیاند، کە باوەڕ، ئیرادە و تێکۆشانی ژنان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنەمایەکی گرنگە، وتی: ئێمە پێمان وایە بیر و بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ زەمینە بۆ دۆستایەتی و ئازادی ڕاستەقینە بۆ ژنان خۆش دەکات، دەمانەوێت هەموو ژنان ببنە وەرگری ئازادی، لە دەوری ئەم فەلسەفەیە کۆببنەوە و تێکۆشانیان بەهێزتر بکەن، باوەڕ و هێز و ئیرادەمان لە خەباتەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت و هیوادارین لە داهاتوودا ئازادی بۆ هەموو ژنان مسۆگەر بکەین.