نەغەم چاچان
قامیشلۆ - توندوتیژیی دژی ژنان بە ئامانجی چەوساندنەوە و دوورخستنەوەیە لە بوون، مافی بڕیاردان و لە ئازادی، ئەمە تەنها کێشەی کەسێک یان خێزانێک نییە، نیشانەی عەقڵییەت و سیستەمێکە کە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بە ئاسایی دەبینێت، بە نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژی، جارێکی دیکە پێویستیی گۆڕینی عەقڵییەت، بەهێزکردنی دەنگی ژنان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە توندوتیژی قبووڵ نەکات دێتە پێشەوە.
توندوتیژیی سیاسی: لە مەیانی تێکۆشانەوە تا سنووردارکردنی بەشداریی سیاسیی ژنان
توندوتیژیی سیاسیی سەر ژنان تەنها بە هەڕەشە و هێرشی جەستەیی سنووردار نییە، بە شێوازی جیاواز هەوڵ دەدرێت ژنان لە مەیدانی بڕیاردان دوور بخرێنەوە و دەنگیان لاواز بکرێت، ئەم توندوتیژییە خۆی بە تۆمەت، شەرمەزارکردن، سنووردارکردنی مافەکان و کەمبینینی توانای ژنان نیشان دەدات و لە بنەڕەتیدا عەقڵییەتێکت پیاوسالاری هەیە کە بوونی ژنان لە مەیدنی سیاسیدا وەک هەڕەشە دەبینێت.
لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ژنان وەک بونیادنەر، ڕێکخەر و پێشەنگی گۆڕانکاری هاتنە پێشەوە و بە کارەکانیان لە مەیدانە سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و کولتوورییەکاندا جێگەی خۆیان گرت، ئەم تێکۆشانە دژی ئەو عەقڵییەتە وەستایەوە کە ژنان لە بڕیاردان دوور دەخاتەوە، لەسەر مافی بەشداری و بوونی ئازادی ئەوان وەستا، بە ئامانجگرتنی ژنانی سیاسەتمەدار هەوڵ دەدرێت کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانەی ژنان دروستیان کردووە سنووردار بکرێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، سەرەڕای دروشم و بەڵێنەکان لەسەر بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە بونیادنانەوەی سووریای نوێدا، نوێنەرایەتیی ژنان لە دامەزراوەکانی بڕیارداندا هێشتا سنووردارە، ئەم کەمییە تەنها کێشەی ژمارەکان نییە، نیشانەی سنووردارکردنی بەشداریی سیاسیی ژنان و بێبەشبوونی پرۆسەی گۆڕانکارییە لە ڕوانگە و ئەزموونەکانیان.
هەر بۆیە، ٢٥ی تشرینی دووەم دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر توندوتیژیی سیاسی، پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا تەنها پاراستنی مافەکانیان نییە، پاراستنی ئیرادەی کۆمەڵگەیە بۆ گۆڕانکاری، بەشداریی ژنان مافێکە کە دەبێت لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی و بڕیارەکاندا کە داهاتووی کۆمەڵگە بونیاد دەنێن مسۆگەر بکرێت.
”ژنان لە هەموو بوارێکدا لە بژێویی ژیانی ڕۆژانەوە بگرە تا پاراستنی ئیرادەی خۆیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە”
سەبارەت بە توندوتیژیی سیاسیی سەر ژنان، ڕەمزیە محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) تیشکی خستە سەر ئەو بەربەست و فشارانەی ژنان لە مەیدانی سیاسیدا ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
ڕەمزیە محەمەد ڕایگەیاند، کە ژنان لە ئاستی جیهانی و هەرێمیدا، لە هەموو مەیدانەکانی ژیان و بەرەو ٢٥ی تشرینی دووەم، تێکۆشانی خۆیان دژی توندوتیژی بەردەوام دەکەن، وتی: ژنان لە هەموو مەیدانێکدا، لە بژێویی ڕۆژانەوە بگرە تا ئیرادەی خۆیان، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەو هێزانەی دەیانەوێت ژنان تەنها لە ماڵەوە بمێننەوە، بێ بۆچوون و بێ ئیرادە بن، هەوڵ دەدەن ژنان لە ڕۆڵ و بوونی کۆمەڵایەتیی خۆیان دوور بخەنەوە، ئەم عەقڵییەتە تەنها بە توندوتیژیی جەستەیی، بە ڕێگریکردن لە ماف، ئیرادە و بەشداریی ژنانیش خۆی نیشان دەدات.
”بە دروشمی ژن ژیان ئازادی هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی خوڵقێنرا”
ڕەمزیە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە تێکۆشانی دژی توندوتیژی و بە دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەورەی گونجاندووە وتی: بە دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، تێکۆشانی ژنان دژی توندوتیژی بووە بنەمای بونیادنانی هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەڵام بە هێرشە سیاسییەکان و هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە تێکۆشان، ئامانجیان شکاندنی ئیرادە و داواکارییەکانی ژنان بوو، هەرچەندە لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا ژنان هەنگاوی گرنگیان نا و لە بەڕێوەبردندا جێگەی خۆیان گرت، بەڵام بەربەست و فشارەکانی بەردەمیان هێشتا بەردەوامن، ئەم بەربەستانە نەبوونە هۆی پاشەکشە، بە پێچەوانەوە، ژنان بە ئیرادە و بوونی خۆیان تێکۆشانیان بەهێزتر کرد و هێزی خۆیان سەلماند.
”ئەو عەقڵییەتەی ژنان لە مەیدانی سیاسی و بەڕێوەبردن دوور دەخاتەوە لەسەر کارە”
ڕەمزیە محەمەد تیشکی خستە سەر دۆخی ژنان لە سووریا و ڕایگەیاند، کە سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ئەو عەقڵییەتانەی ژنانیان لە بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبردن دوور دەخستەوە هێشتا بەردەوامن و وتی: سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنی حکومەتی نوێ هێشتا بۆچوون و عەقڵییەتگەلێک هەن کە هەوڵ دەدەن ژنان لە مەیدانی سیاسی و بەڕێوەبردن بێبەش بکەن و ڕۆڵیان کەم بکەنەوە، بەڵام ژنان لە بەرامبەر ئەم عەقلیەت و بەربەستانەدا بێدەنگ نامێنن، هەموو ڕۆژێک لە مەیدانەکان تێکۆشانی خۆیان بەڕێوە دەبەن و بۆ ماف، ئیرادە و بەشداریی خۆیان کار دەکەن، بەشداریی ژنان تەنها بە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە سنووردار نییە، تێکۆشانیان هەموو ڕۆژێک بەردەوامە.
ڕەمزیە محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا، تیشکی خستە سەر پێویستیی مسۆگەرکردنی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسە سیاسییەکان و هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وتی: لە پرۆسە سیاسییەکان، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پێکهێنانی ئەنجومەنی گەلاندا، پێویستە ڕۆڵی ژنان مسۆگەر بکرێت و وەک بنەما سەیر بکرێت، بەشداریی ژنان دەبێت تەنها لە قسە و ڕاگەیاندندا نەبێت، دەبێت ژنان لە بڕیاردان، بەڕێوەبردن و بونیادنانی دامەزراوە سیاسییەکانیشدا بە شێوەیەکی چالاک جێگەی خۆیان بگرن.
لە چوارچێوەی توندوتیژیی یاسایی لەسەر ژناندا، پارێزەر عەبیر هەساف، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد و بۆچوونەکانی خۆی لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، بەربەستەکانی گەیشتن بە دادپەروەری و کەموکوڕییەکانی پاراستنی مافەکانیان خستە ڕوو.
”جەستەی ژنان هێشتا وەک مەیدانێکی کۆنترۆڵکردن و بەرژەوەندی دەبینرێت”
پارێزەر عەبیر هەساف ڕایگەیاند، کە ژنان لە هەموو مەیدانەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی جۆری جیاوازی توندوتیژی دەبنەوە و وتی: ژنان تەنها ڕاستیی توندوتیژیی جەستەیی نا، هاوکات ڕووبەڕووی توندوتیژیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاساییش دەبنەوە، جەستەی ژنان هێشتا لە زۆر مەیداندا وەک مەیدانێکی کۆنترۆڵکردن و بەرژەوەندی دەبینرێت.
عەبیر هەساف تیشکی خستە سەر کەموکوڕییە یاساییەکانی بواری پاراستنی ژنان و ڕایگەیاند کە یاسا هەنووکەییەکان لە زۆر بواردا ناتوانن مافەکانی ژنان بە تەواوی بپارێزن وتی: لە بواری یاساییدا بۆ پاراستنی ژنان لە بکەران و تاوانەکانی دژیان، بە تایبەتی لە ناو خێزاندا، کەموکوڕی هەن، کاری ژنان لە ناو خێزانیشدا بە شێوەیەکی ئابووری هەڵناسەنگێندرێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر مافەکانیان دەکات.
عەبیر هەساف جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتنی ژنان بە بڕیاردان، بەڕێوەبردن و دەزگاکانی داد هێشتا سنووردارە و لە کۆتایی قسەکەنیدا وتی: ئەم سنووردارییە یاسایی و دامەزراوەییانە کاریگەری لەسەر ئازادی و مافەکانی ژنان دەکەن و دەبنە بەربەست لەوەی ژنان وەک هاوڵاتیی خاوەن ماف و ئەرک نەبینرێن، پێویستە مافەکانی ژنان بە یاسای دادپەروەر و میکانیزمەکانی پاراستن مسۆگەر بکرێن.




