”سەرکەوتنی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن بەندە بە پاراستنی زمان و مێژوو و جوگرافیای گروپە پێکهێنەرەکان”
ئەڤین ئەحمەد، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: خەباتی گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە قەدەغەکردن و نکۆڵیکردنەکەی تێپەڕیوە و گەیشتووەتە لوتکە بە دامەزراندنی سیستەمێکی گشتگیری پەروەردەی ئەکادیمی تێیدا.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-پەرەسەندنی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئاسانی نەهاتە ئاراوە، ماوەیەکی دوورو درێژی قەدەغەکردن و نکۆڵی و ئاستەنگی سیاسی تێپەڕاند، بە هەوڵی مامۆستایان، نووسەران، چالاکوانان و خێزانەکانی چەسپاو بە زمانی دایکییان، گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان توانی بناغەکانی سیستمێکی نوێی پەروەردەیی دابڕێژێت.
لە بازنەی بچووکی پەروەردەییەوە کە لە ماڵ و ناوەندە سادەکانی فێربووندا بەڕێوەدەچوون تا کردنەوەی خوێندنگە و پەیمانگا و زانکۆکان، چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕێنراند، ئەمڕۆ لەگەڵ چوونە ناو قۆناغێکی نوێی ئەنتیگراسیۆن و داڕشتنەوەی سووریا، پرسەکانی زمان، ناسنامە و مافە پەروەردەییەکان گەڕاونەتەوە پێشەنگی گفتوگۆکان، وەک پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ساڵانە درێژەی خەبات و بەرخۆدانی کە لە پێناو پاراستنی زمانی کوردیدا دراون.
لە قەدەغەکردنەوە بۆ خەونی فێربوون بە زمانی دایکی
پڕۆفیسۆر ئەڤین ئەحمەد لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونی کردەوە، هەرکەسێک بەدواداچوون بۆ مێژووی سووریا یان ئەو سیاسەتانە بکات کە دژی کورد جێبەجێکراون، تێبینی ئەوە دەکات کە زمانی کوردی هەمیشە ملکەچی سیاسەتی قەدەغەکردن و پەراوێزخستن بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردەمی منداڵیمدا زۆرجار لە ماڵی ئێمەدا پرسیار لەبارەی هۆکارەکانی قەدەغەکردنی زمانی کوردی دەوروژێنرا.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستپێکی هەوڵە دامەزراوەییەکان بۆ پاراستنی زمان
دووپاتی کردەوە، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا، کورد هەوڵی دامەزراندنی پێگەی سیاسی و کارگێڕی خۆی دەدا و پاراستنی زمانی کوردیش یەکێک بوو لە پایە بنەڕەتییەکانی ئەم پرۆسەیە، بە ئامانجی پاراستنی زمان و ناسنامەی گەلی کورد لە ونبوون لە نێو شەڕدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵە سەرەتاییەکان لەناو ماڵەکاندا دەستیپێکرد، لەڕێگەی گروپی بچووکەوە فێری ئەلفوبێی کوردی دەکرا، دواتر دەسەڵاتی زمانی کوردی دامەزرا، هەروەها ناوەندی پەروەردەی تایبەتمەند کرایەوە، بەهۆی کەمی سەرچاوەکانەوە، چەندین خولی پەروەردەیی لە ماڵەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون ئەنجامدرا، کە خەڵک بە گروپی بچووک فێری زمانی کوردی بوون.
دووپاتی کردەوە،، کە ئەم هەنگاوانە ئەو بناغەیەیان پێکهێنا کە دواتر دامەزراوەکانی خوێندنی کوردی لەسەری بونیادنران، هەروەها بەشداربوون لە گۆڕینی خەونی فێربوون بە زمانی دایک بۆ ڕاستی بەرجەستە.
لە خوێندنگەکانەوە بۆ زانکۆ
ئەڤین ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە هەوڵی بەرچاو دراوە بۆ ناساندنی زمانی کوردی بۆ ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان، قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیەی ڕوون کردەوە و وتی: لەو قۆناغەدا پێویستی پەرەپێدانی پرۆگرامی پەروەردەیی هاتە ئاراوە کە هەموو پێکهاتەکانی هەرێم لەخۆ بگرێت، لە ساڵی ٢٠١٥ کەرەستەی پەروەردەیی ئامادەکرا، هەروەها پەیمانگای مەشکردنی مامۆستایان کرایەوە، یەکەم پەیمانگای حەسەکە بەناوی شەهید ژیاوە ناونرا، دواتر پەیمانگای سەدایی تیرێژ دامەزرا، لەسەر بنەمای ئەم دامەزراوەیە زانکۆی ڕۆژاوا دامەزرا، لە ساڵی ٢٠١٦، ئەمڕۆ، لە ١٦ کۆلێژ پێکهاتووە و بووەتە ناوەندی ئەکادیمی سەرەکی بۆ ئەو خوێندکارانەی کە خوێندنیان تەواو دەکەن لە چوارچێوەی سیستەمی کارگێڕی سەربەخۆدا.
گەشتی پەروەردەیی لە ژێر بارودۆخی جەنگدا
ئەڤین ئەحمەد تیشکی خستە سەر گەشتی پەروەردەیی لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، وتی: هێرشەکانی جەبهەت نوسرەت و داعش و دەوڵەتی تورکیا، جگە لەو شەپۆلە کۆچبەرانەی کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، ئاستەنگی زۆریان دروستکرد، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی خێزانە نیشتمانپەروەرەکان و مامۆستایان، بەتایبەتی ژنان، سیستەمی پەروەردەیی توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ دەیبینین.
“زمانی کوردی تەنها بابەتێک نییە کە بتوانرێت بخوێنرێت”
ئەڤین ئەحمەد ڕوونی کردەوە، کە لە حەسەکە وانەی زمانی کورسی دەوتەوە، لە هەمان کاتدا خوێندنی زانکۆی لە دیمەشق دەخوێنێت، پێش ئەوەی زانکۆی سەر بە ڕژێم بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی خۆی تەرخان بکات بۆ هەوڵەکان بە ئامانجی پاراستنی زمانی دایک.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارەم داوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە مێژوو و جوگرافیامان بەدەستبهێنم، پەروەردە بە زمانی کوردی بەتەنها بەبێ پاراستنی مێژوو و جوگرافیا و ناسنامەی گەلی کورد، ناتوانێت مافەکانمان مسۆگەر بکات، ئامانجمان تەنها لە فێرکردنی زماندا سنووردار نییە، هەروەها پاراستن و گواستنەوەی میراسی کولتووری کوردی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لەخۆدەگرێت.
بانگەوازێک بۆ یەکگرتوویی کورد لە کاتی پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن
سەبارەت بە پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە سووریا کە بەردەوامە، ئاماژەی بەوەدا، کە زمانی کوردی هێشتا بە فەرمی لە دەستووری سووریادا نەناسراوە، هۆشداریشی دا کە هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی زمان، مێژوو یان جوگرافیای کوردی لە سیستەمی پەروەردەیی، دەبێتە هۆی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد.
ئەڤین ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە لەم قۆناغەدا پێویستمان بە یەکڕیزییە، پێویستە زمانەکەمان بپارێزین و وەک میراسێکی کولتووری و شارستانی بیگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، چونکە پاراستنی زمانی کوردی واتە پاراستنی بوون و کەرامەت و ناسنامەی گەلی کورد.