چالاکوانێکی مافی مرۆڤ: بێ ڕزگاری ژن ئاشتیی هەمیشەیی لە هەرێمدا نییە
ڕەحمە فالحی، چالاکوانی مافی مرۆڤ پێی وایە گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەندە بە ڕزگاری و بەهێزکردنی ژنانەوە، هەر پرۆسەیەکی ئاشتی کە ژنان لە ناوەڕۆکی خۆیدا دانەنێت بە ناتەواو و ئەگەری داڕمان دەزانێت.
ئیخلاس حەمرونی
تونس-لە نێو ئەو ململانێیانەی کە لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا پەرەی سەندووە، لە فەڵەستینەوە تا سووریا، بە عێراق و لیبیا و یەمەندا تێدەپەڕن، پرسی ژنان وەک یەکێک لە زەقترین و ئاڵۆزترینەکان دەردەکەوێت. لە هەموو ئەم ناوچانەدا ئەزموونی مەیدانی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژنان نەک هەر کاریگەری شەڕیان لەسەرە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتی لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەکان و گەیشتن بە ئاشتی پێکدەهێنن.
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ژنان لەو وڵاتانە و تیشک خستنە سەر ڕۆڵی چارەنووسسازیان لە گەیشتن بە ئاشتی، ئاژانسەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ ڕەحمە فالحی، چالاکوانی مافی مرۆڤ ئەنجامدا.
دۆخی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
دەکرێت دووپاتی بکرێتەوە، کە دۆخی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان لە سستترین و ئاڵۆزترینەکانە، بە لەبەرچاوگرتنی یاریکردنی چەند هۆکارێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە. لەم چوارچێوەیانەدا، ژنان لە لایەک باجی شەڕ و کاریگەرییەکانی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی لە لایەکی دیکەوە هەڵدەگرن، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات.
ئەوان لە دۆخێکی بەردەوامی ترس و نائەمنیدا دەژین، بەو پێیەی لە هەر ساتێکدا ژیانیان مەترسی لەسەرە بەهۆی بۆردوومان یان کردەی توندوتیژی و هیچ مسۆگەرییەکیان نییە بۆ پاراستنی خۆیان یان پاراستنی خێزانەکانیان، ئەم دۆخە زۆرجار ناچاریان دەکات هەڵبێن یان پەنا ببەن، واتە ئەو سەقامگیرییە لەدەست دەدەن کە ڕۆژێک دەیانناسی و ڕوو لە ژینگە نوێیەکان دەکەن کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی تێدا نییە.
لەم هەلومەرجەدا ،ژنان تایبەتمەندی خۆیان لەدەست دەدەن و مافی ژیانێکی شکۆمەندانەیان لەدەست دەدەن، هەروەها لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاوی پاک، خۆراک، چاودێری تەندروستی، خوێندن، و دامەزراندن بێبەشن، لە زۆر حاڵەتدا ناچارن هەموو شتێک بەجێبهێڵن و لە ژینگەیەکی سەختدا سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە، تەنها بەدوای کەمترین پارێزراویدا دەگەڕێن.
دیارترین ئاستەنگ و پێشێلکارییەکان چین کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لەم بوارانەدا؟
ژنانی ناوچە جێناکۆکەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری و پێشێلکاری دەبنەوە کە کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانیان هەیە. لە دیارترین ئەو ئاڵەنگاریانەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزییە، کە لە چوارچێوەی ململانێدا بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر دەبێتەوە. ئەمەش توندوتیژی سێکسی دەگرێتەوە کە هەندێک جار وەک چەکی شەڕ بەکاردێت و ژنان تووشی ڕفاندن و دەستدرێژی و پەراوێزخستن و نەبوونی ئاسایشی تەواوەتی دەبن.
هەروەها ژنان بەدەست جۆرەها توندوتیژی ئابوورییەوە دەناڵێنن، لەوانە بەکارهێنانیان لە بارودۆخی کارکردنی سەخت و نادادپەروەرانەدا، هەروەها دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم پێشێلکارییانە بەرەو بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پەرەدەسەنن، کە یەکێکە لە مەترسییە جدییەکان کە ڕووبەڕووییا دەبێتەوە.
چۆن پەیوەندی نێوان ڕزگاری ژنان و گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا دەڕوانن؟
پرسی ڕزگاری ژن بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە گەیشتن بە ئاشتی لە کۆمەڵگەکاندا، ژن تەنها بەشێک نییە لە کۆمەڵگە، بەڵکو ئەوان توخمێکی بنەڕەتین لە بونیادنانی و سەقامگیرییەکەیدا. ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو، ئەو بەها و ڕەفتارانەیان تێدا دەچێنن کە داهاتووی کۆمەڵگەکانیان لە قاڵب دەدەن.
هەروەها ژنان بەشدارییەکی کاریگەرانە لە بوارە جیاوازەکاندا دەکەن، لەوانەش بواری ئابووری، کە توانایەکی سەرنجڕاکێش بۆ کارکردن و بەرهەمهێنان و بەرپرسیارێتی لە زۆرێک لە کەرتەکاندا، بەتایبەتی کشتوکاڵ و ئەوانی دیکەدا نیشان دەدەن. بۆیە وەدەرنانی یان پەراوێزخستنیان کۆمەڵگە بە گشتی لاواز دەکات.
لەم ڕوانگەیەوە ڕزگاری و بەهێزکردنی ژنان بە مافە بنەڕەتییەکانیەوە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە بەهێزکردنی سەقامگیری و بونیادنانی ئاشتی، چونکە کۆمەڵگەیەک کە ڕێز لە مافی هەموو ئەندامەکانی بگرێت، کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگترە، باشتر ئامڕازی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە.
ئاشتییەکی بەردەوام بەبێ دادپەروەری هەمەلایەنە بەدەست ناهێنرێت، چونکە ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕی چەکداری نییە، پێویستی بە سیستەمێکی دادپەروەرانە هەیە کە مافی هەموو گروپەکان مسۆگەر بکات. کاتێک ژنان لە بەشداریکردن لە بڕیاردانی سیاسی یان کۆمەڵایەتیدا دوور دەخرێنەوە، ئەم دوورخستنە ناهاوسەنگییەک لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات و هەر ئاشتییەکی هەبوو سست و خواستی داڕمان دەکات.
ئەزموون و لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەشدارە لە بەردەوامیی ئەوان، چونکە ژنان دیدگای هەمەچەشن و هەمەلایەنە پێشکەش دەکەن کە پێداویستییەکانی گروپە جیاوازەکان لەبەرچاو دەگرن، لەوانەش منداڵان.
جگە لەوەش، نەبوونی بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان دەبێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو هەلومەرجانەی کە بەشداربوون لە سەرهەڵدانی ململانێکان، ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگاەان بەرەوڕووی قەیرانە دووبارەبووەکان ببنەوە. بۆیە بەهێزکردنی ژنان و پێدانی شوێنی شیاویان مەرجێکی پێشوەختە بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام.
ئایا کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە گەیشتن بە ئاشتی؟
کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پشتیوانیکردنی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان، ئەم ڕۆڵە بە پلەی یەکەم بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە گرنگی مافەکانی ژنان و پێشخستنی کولتووری یەکسانی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەناو پێکهاتەکاندا.
هەروەها ئەم ڕێکخراوانە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بە دابینکردنی بەرنامەی مەشق کە یارمەتیان دەدات بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی نوێ و چوونە ناو بازاڕی کار، بەمەش بارودۆخی ژیانیان باشتر دەبن و پلەیەک سەربەخۆیییان پێدەبەخشرێت.
جگە لەوەش ئەم قەوارانە پاڵپشتی یاسایی پێشکەش بەو ژنانە دەکەن کە تووشی پێشێلکاری بوون و لە ڕێگەی ڕێوشوێنی یاساییەوە یاوەریان دەکەن، پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتییان پێشکەش دەکەن، بەتایبەتی لە حاڵەتەکانی پەیوەست بە توندوتیژی یان ئاوارەبوونی زۆرەملێ.
سەرەڕای ئاستەنگە بەرچاوەکانی بەردەم کارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان، وەک سەختی دەستڕاگەیشتن بەم ناوچانە یان سنووردارکردنی چالاکییەکان، زۆرێک لە ڕێکخراوەکان بە ئیرادە بەردەوامن لە کارەکانیان، هەوڵدەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی بەها مرۆییەکان، بەشداریکردن لە نێوەندگیری و بونیادنانی ئاشتی و پێشنیاری چارەسەری کردەیی بۆ ململانێکان، بەمەش ئاسۆی سەقامگیری لەم پێکهاتانەدا بەرز دەکەنەوە.