ڕازیە ئۆزتورک: چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی هەیە

پارێزەر ڕازییە ئۆزتورک جەختی لەوەکردەوە، کە گواستنەوە لە لێدوانی سیاسییەوە بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی بەردەوام پێویستی بە هەنگاوی یاسایی و دامەزراوەیی ڕوون لەگەڵ چارەسەرکردنی پێگەی یاسایی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە.

ئەلیڤ ئاکگول

 

ئیستەنبول- گفتوگۆکان لە دەوری یەکلاکردنەوەی پرسی کورد و ڕێگای گواستنەوەی دیموکراتی ڕەهەندێکی نوێی وەرگرتووە، لەگەڵ پەرەسەندنی کاردانەوە لەسەر ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەم پرۆسەیەدا و چۆنیەتی چارەسەرکردنی پێگەی یاسایی.

 

لەو چوارچێوەیەدا، نوسینگەی یاسایی عەسر، نوسینگەی یاسایی تایبەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرگریکار، لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا کە ئاراستەی ڕای گشتی کراوە، جەختی لەوە کردەوە، کە گفتوگۆ بەردەوامەکان سەبارەت بە پرسی نیشتەجێبوون لە ئیمرالی سێبەری لەسەر پرسە بنەڕەتییە سیاسی و یاساییەکانی پرۆسەکە کردووە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی گفتوگۆکە لەسەر پێگەی یاسایی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کراوەتەوە.

 

پارێزەر ڕازیە ئۆزتورک، ئەندامی نووسینگەکە ڕایگەیاند، چارەسەرکردنی پرسی کورد بەتەنها لە پرسی چەکداماڵیندا کورتناکرێتەوە، جەختی لە پێویستی گواستنەوەی پرۆسەکە بۆ بناغەیەکی سیاسەتی دیموکراتی و سەروەری یاسا کردەوە، هەروەها دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پێگەی ڕێبەر ئۆجالان و بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەکە و پەرەپێدانی نەخشەڕێگایەک کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری ڕێککەوتوون.

 

یاسای چوارچێوە: یەکەم هەنگاوی یاسایی

 

ڕازییە ئۆزتورک ئاماژەی بەوەدا، کە کۆبوونەوەی نێوان ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەرەکانی لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی فەرمی گفتوگۆکان سەبارەت بە یاسایەکی چوارچێوەیی، هاوتەریب بوو لەگەڵ گفتوگۆکانی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا سەبارەت بە "مافی هیوا". ڕێبەر ئۆجالان ئەمەی بە "پەنجەرەیەکی یاسایی" زانی کە دەتوانێت بۆ کورد بکرێتەوە، لە کاتێکدا، ڕازیە ئۆزتورک بە "یەکەم هەنگاوی یاسایی" پێناسەی کرد، سەرەڕای کەموکوڕیەکانی، هەروەها چارەسەرکردنی پرسێکی بەم قەبارەیە پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی گشتگیرتر هەیە.

 

ڕوونیشیکردەوە، لەکاتێکدا یاساکە ئەندام و تێکۆشەرانی پارتی دەکاتە ئامانج، بەڵام هەموو گروپەکان ناگرێتەوە. هەندێک لە سەرکردەکان بەدەر دەکات، لە هەمان کاتدا ئەگەری هەیە ئەو کەسانەش لەخۆبگرێت کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە حزبایەتی دەستگیرکراون، وەک چالاکوانانی سیاسی و ژنان، هۆشداریدا لە مەترسییەکانی دواخستنی جێبەجێکردن یان بەستنەوەی بە ئۆرگانێکی بەڕێوەبەرای و سیاسی، جەختی لەسەر گرنگی کۆکردنەوەی کۆمەڵایەتی لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە.

 

جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای دادوەری ئەوروپا و کۆتاییهێنان بە ئەمینداریکردن

ڕازییە ئۆزتورک ئاماژەی بەوەدا، کە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی پێویستی بەوەیە، جگە لەو ڕێکخستنە یاساییە نوێیانەی کە قۆناغی ئێستا ڕەنگە پێویستی پێبکات، هەنگاوی بەپەلە بگیرێتەبەر کە مەرج نییە پێویستی بە یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی یاسایی هەبێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە گرنگترین هەنگاوەکاندا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و باشترکردنی بارودۆخی زیندانیانی نەخۆش و کۆتاییهێنان بە سیستەمی ئەمینداری بەسەر شارەوانییەکاندایە، هەروەها بەردەوامبوونی ئەم سیستەمە ئیرادەی سیاسی سنووردار دەکات و ڕێگری دەکات لە پێشکەوتن بەرەو چارەسەرێکی دیموکراتی و بەردەوام، لابردنی ئەو ئاستەنگانە ڕێگە بە پرۆسەکە دەدات بە شێوەیەکی جددیتر و کاریگەرتر بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستە بە زووترین کات هەموو مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمان و یاسای چوارچێوە دەرگا بەڕووی ڕێکخستنە یاساییەکاندا دەکەنەوە کە لەگەڵ قۆناغی ئێستادا بگونجێت، هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێوشوێن هەیە کە دەتوانرێت دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت بەبێ ئەوەی چاوەڕێی یاسای نوێ بکرێت.

 

ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەر

ڕازییە ئۆزتورک جەختی لەوە کردەوە، کە پێکهێنانی ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هۆکارێکی بنەڕەتی بووە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە، کە ئەمەش لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەست بە شێوەی ڕوون و ئاشکرا دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا شتێکی نوێ نییە، ڕێبەر ئۆجالان لەمێژە ئەم ڕێبازەی پێشنیارکردووە، وتی: بوونی ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردن مەرجێکی پێشوەختە بوو بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، ئامانج ئەوەیە کە لەڕێگەی چارەسەرێکی ئاشتیانە و دیموکراتییەوە کۆتایی بەو پرسە بێنێت، بەڕێز ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ئەو خواستەی دەربڕیوە، بەڵام هیچ کەسێکی نەدۆزیوەتەوە کە وەک لایەنێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات، جگە لە هەندێک کەناڵی ناڕاستەوخۆی پەیوەندیکردن، ئەمەش وایکردووە ڕێگربێت لە بونیادنانی ڕێگایەکی بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

 

گۆڕینی ڕێگای سیاسی بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی

ڕازییە ئۆزتورک پێی وایە قۆناغی ئێستا نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، بەڵام پێویستی بە خێراکردنی خێرایی جێبەجێکردن و وەرگێڕانی لێدوانە سیاسییەکان بۆ هەنگاوی کردەیی هەیە، سەرەڕای ئەو دواکەوتنانەی کە قەیرانەکان و ئاڵۆزییە سیاسییەکان ڕەنگە بیسەپێنن، هەر پرۆسەیەکی دانوستان ناتوانرێت لە هەلومەرجی یاسایی و سیاسی دەوروبەری ڕێبەر ئۆجالان جیا بکرێتەوە، کە بە هۆی کاریگەریی سیاسی و فیکری و بوونی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە لایەنێکی بنەڕەتی لە هەر پرۆسەیەکی دیالۆگدا دەزانێت، بە ئاماژەدان بە واژۆ و خۆپیشاندانە گشتییەکانی پشتیوانی لەو ڕۆڵە.

 

بە پێچەوانەوە ئاماژەی بە بەردەوامی سنووردارکردنی مەرجەکانی دەستبەسەرکردنی لە ئیمرالی کرد و ڕوونیکردەوە، کە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزەرەکانی لە ٢١ی ئاداردا بووە، کە سەردانی خێزانی سنووردار و پەیوەندییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکاندا قەتیس بووە.

 

جەختی لەوە کردەوە، بەردەوامبوونی ئەم سنووردارکردنانە کێشەیەک بۆ هەر دانوستانێکی ڕاستەقینە دروست دەکات، بەو پێیەی پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە دابینکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و بەشداریکردنی یەکسان هەیە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەمەش ڕێگە بە پێشکەشکردنی دیدگا و گفتوگۆکردن دەدات لەسەر ڕێگاکانی بونیادنانی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام، بە بڕوای ڕازییە ئۆزتورک، دروستکردنی ئەو هەلومەرجانە تەنها پەیوەندی بە ئۆجالانەوە نییە، بەڵکو ڕەخساندنی کەشی پێویستی سیاسی و یاسایی بۆ سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەکی دانوستان.

 

"دەبێت ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر بکرێت"

پارێزەر ڕازییە ئۆزتورک ڕایگەیاند، کە گفتوگۆی دەوری پێگەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش پەیوەستە بەو شتەی کە بە "مافی هیوا" ناسراوە، بە ئاماژەدان بە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤، تورکیا وەک دەوڵەتێکی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەو بڕیارەی تایبەتە بە ڕێبەر ئۆجالان سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٢ ساڵ بەسەر دەرچوونیدا، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، وتی: داواکاری بنەڕەتی ئێمە مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بەردەوامین لە جەختکردنەوە لەسەر مافی هیوا.

 

"هیچ پرسێک لە ڕێگەی چەکداماڵینەوە چارەسەر ناکرێت"

ڕازیە ئۆزتورک لە لێدوانێکدا، لەسەر ڕاگەیاندنی محەمەد ئوچوم سەبارەت بە بەشداریی ڕێبەر ئۆجالان لە لیژنەی لاوەکی پەرلەمانی بۆ چەکداماڵین و هەماهەنگی ستراتیژی، دامەزراندنی لیژنەیەکی پەرلەمانی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەدامەزراوەییکردنی پرۆسەکە زانی و ئاماژەی بەوەکرد، کورتکردنەوەی پرسی کورد بۆ تیرۆر یان مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە ڕوانگەیەکی تەواو ئەمنیەوە ناتوانێت ببێتە هۆی چارەسەرێکی هەمەلایەنە، چونکە چەندین ڕەهەندی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەیە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی گشتگیر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە سنووردارکردنی پرۆسەکە بە تەنها چەکداماڵین، بە تێڕوانینی ئێمە، بناغەیەکی تەواو بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دابین ناکات.

 

"دەبێت هەلومەرجێک دروست بکرێت کە بەڕێز ئۆجالان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت"

ڕازییە ئۆزتورک دووپاتیکردەوە، کە ڕۆڵی ڕێبەر ئۆجالان لە پرۆسەکەدا نابێت لە دۆسیەی جەکداماڵیندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە ڕێبازێکی سیاسی فراوانتر کە ئامانجی ئەوەیە پرۆسەکە گشتگیرتر بکات و بەرەو دیموکراتکردن ببات، چوارچێوەی یاسایی کار و دەسەڵاتەکانی لیژنەی پەرلەمانی و هەروەها پێگەی یاسایی ئۆجالان هێشتا ڕوونی نییە، چەکداماڵین تەنها یەک قۆناغە لە پرۆسەیەکی فراوانتردا، ڕێبەر ئۆجالان دیدگا و پڕۆژەی سەبارەت بە ئەنتیگراسیۆن خستووەتەڕوو، ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی ئەو هەلومەرجە هەیە کە بتوانێت بیانخاتە ڕوو و ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات،  هەر پرۆسەیەک کە بە نهێنی دەست پێ بکات، لە کۆتاییدا دەبێت پەرە بسێنێت بۆ کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی، کە ببێتە هۆی سیاسەتی دیموکراتی و ئاشتی بەردەوام و ژیانێکی هاوبەش کە ڕێگری لە گەڕانەوە بۆ ململانێکان بکات.

 

"دەبێت ڕۆڵی دیفاکتۆ بگۆڕدرێت بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون."

ڕادیا ئۆزتورک داوای کرد خشتەی کاتی و نەخشەڕێگای ڕوون دابنرێت و ئاماژەی بەوەدا، کە نەبوونی ستاندارد و مسۆگەری تایبەت، بێمتمانەیی سەبارەت بە داهاتووی پرۆسەکە سووتەمەنی دەدات، تێگەیشتنە سیاسییەکان پێویستیان بە وەرگێڕانی یاسایی و دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی پلەیەک سەقامگیری و ڕوونی بە پرۆسەکە بدرێت، هەروەها ڕێگری لە لایەنێک نەکات کە ئاراستەی دانوستانەکان قۆرخ بکات، وتی: ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە پێشنیار دەکرێت نابێت لە چوارچێوەی لێدوانەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت وەرگێڕانی یاسایی و دامەزراوەیی بدۆزێتەوە کە گەرەنتی ڕوون بۆ پرۆسەکە دابین بکات، بە پێچەوانەوە لایەنێک لە دۆخێکدا دەمێنێتەوە کە ڕێگەی پێبدات تاکلایەنە ڕێڕەوی دانوستانەکان دیاری بکات.

 

"نابێت گفتوگۆ لەسەر مانەوە جەوهەری پرۆسەکە ئاڵۆز بکات"

سەبارەت بە کاردانەوەکانی دەوروبەری ئەو شوێنە نیشتەجێبوونەی کە بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی تەرخانکراوە، ڕازیە ئۆزتورک جەختی لەوە کردەوە، کە گرنگیدان بە سروشت و کارکردی بیناکە سەرقاڵ دەکات لە پرسە سەرەکییەکە، لە ڕوانگەی ئەوەوە پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە ئەو لە کوێ نیشتەجێیە، بەڵکو دڵنیابوونە لەو مەرجە یاسایی و پراکتیکییەی کە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی سیاسیدا بگێڕێت.

 

ڕاگەیاندراوە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بیناکە یەکەیەکی زیادەیە لەناو زیندانەکەدا و ئامانجی تەرخانکردنی ئەو بینایە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاوترە بۆ ئەوەی ڕێبەر ئۆجەلان بەردەوام بێت لە کارەکانی، بەڵام نوسینگەی یاسایی عەسر جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم کەشە بۆ بەردەوامی چالاکییە سیاسی و یاساییەکان پێویستە، وتی: پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە چۆن پرۆسەکە بەرەوپێش ببەین و بخرێتە چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەییەوە، بۆیە پێویستە گفتوگۆکە لەسەر دیموکراتی و ئەو سیاسەتانەی کە پێویستن بۆ بەدیهێنانی، هەروەها پرسی ”مافی هیوا” وە بۆچی لەسەر بەڕێز ئۆجالان بەکارنەهات، چارەسەرکردنی ئەم پرسانە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پێشکەوتن لە پرۆسەکەدا، نەک باسەکە لە وردەکارییە پەراوێزییەکاندا قەتیس بکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕازییە ئۆزتورک جەختی لەوە کردەوە، کە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان وەک لایەنێکی پڕۆسەکە دەبێت پێش هەر گفتوگۆیەک بێت سەبارەت بە سروشتی ڕۆڵی، وتی: بەڕێز ئۆجالان لەم بابەتەدا دانوستانکارە و لایەنێکە کە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت و وەک دەبینین نوێنەرایەتی توێژێک لە گەل و کۆمەڵگەی کورد دەکات، بۆیە پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک لە بابەتێکی سادەدا کورت بکرێتەوە یان بکرێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئامانجێکی دیاریکراو لەناو پرۆسەکەدا.