ژنانی گەنج لە هەلومەرجی کۆچکردندا درێژە بە وەرزشەکانیان دەدەن

وەرزشوانانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا بەردەوامن لە خەباتی وەرزشی و چەندین ژنی گەنج لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا بەشداری ڕێکخراوە وەرزشییەکان دەکەن.

ڕوبارین بەکر

شەهبا- ژنانی عەفرین کە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا، سەرەڕای دۆخی کۆچبەریان هەوڵ دەدەن بچنە ناو هەموو بوارەکانی ژیانەوە، ژنانی گەنج بەردەوامن لە خەباتی وەرزشی و لە تۆپی پێ و باسکە و وەرزشەکانی دیکە بەشدارن، ژنانی گەنج لە بواری وەرزشدا خۆیان گەشە پێ دەدەن و کاری سەرکەوتوو ئەنجام دەدەن.

 

"کۆچ رێگری لە وەرزشکردنی ژنانی گەنج نەکردووە" 

دونیا بەکر، تەمەن ٢٨ ساڵ هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی و یاریزانی تۆپی پێ ئاماژەی بەوەکرد کە کۆچکردن ڕێگری لەیاریزانانی وەرزشی نەکردووە، وتی: "بە تایبەتی ژنان شوێنی خۆیان لە بواری وەرزشدا گرتووە و بەشداری ژنانی گەنج پێش کۆچکردن بۆ عەفرین ژیان و هونەری خۆیان ڕێکخست و توانییان پەرە بە یەکێکیان بدەن، هەرچۆنێک بێت داگیرکردنی عەفرین بووە هۆی وەستانی چالاکییە وەرزشییەکان، دوای ئەوەی دانیشتوانی عەفرین بەرەو کانتۆنی شەهبا کۆچیان کرد، خۆیان ڕێکخستەوە و لە بوارە جیاجیاکانی وەرزشدا دەستیان بە وەرزش کرد".

 

"یاریزانانی ژن بە ئیرادەی خۆیان و بە هێزەوە سەردەکەون"

دونیا بەکر تیشکی خستە سەر ئاستی یاریزانە باڵاکان و گرنگیی چالاککردنی چالاکییە وەرزشییەکان و وتی: "لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر هەرێمەکەدا سەپێندراوە، چالاککردنی وەرزش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دوژمنی تورکیا و چەتەکانی، کە نیشانی دەدات ژیان بەردەوامە، . هەروەها ژنان لە وەرزشەکانی تیم و تاکە کەسیدا جێگەی خۆیان دەگرنەوە و یاریزانەکانمان پشتڕاستی دەکەنەوە کە هێز و ئیرادەیان هەیە بۆ پێشخستنی کاری وەرزشی خۆیان و بوونی ئیرادەیان ئامانجەکانیان بەدەست دەهێنێت".

 

دونیا بەکر بەبیری هێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەشداری ئەو وەرزشە بووە و یەکەم هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنان لەسەر ئاستی ڕۆژئاوا لە ناوچەی مۆباتای عەفرین دامەزراوە، وتیشی: "لە ئاستی ڕۆژئاوا لە چەندین چالاکیدا بەشداریم کرد و وەک یاریزانانی هەڵبژاردەی عەفرین چووینە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان و بەشداریمان لە فێستیڤاڵی وەرزشی میزۆپۆتامیا کرد، ژمارەی تیمی ژنان زیادی کرد، هەربۆیە ئێستا پێنج تیمی وەرزشی ژنان هەیە و هەر تیمێک نزیکەی ١٥ ژنی گەنج لەخۆ دەگرێت".

 

"ئەگەر پشتیوانی خێزانەکەم نەبوایە نەمدەتوانی سەرکەوتوو بم"

فیکرەت حەجۆ یاریزانی تۆپی پێی تەمەن ٢٢ ساڵ ئاماژەی بەوەکرد لەکاتی وانەی وەرزشی لە خوێندنگە یاری تۆپی پێ سەرنجی ڕاکێشاوەو وتی: " لە ساڵی ٢٠١٥ چوومە پاڵ تیمی تۆپی پێ، ئەگەر پشتگیری خێزانەکەم نەبوایە نەمدەتوانی بەهرەی خۆم پەرەپێبدەم، بەشداری چەندین یاری بوم لە خولی خوێندنگاکانی کانتۆنی عەفرین پێش داگیرکارییەکانی تورکیا و کۆچکردنی زۆرەملێ، ئەمڕۆ چەندین تیپی وەرزشی بۆ تۆپی پێی ژنانی گەنج لە شەهبا هەیە، لەوانە یانەی بابینس، تەل قەراح و حەداس و تل ڕەفعەت، ئێمە بە بەردەوامیی ژیانمان لە چوار ساڵی ڕابردوو وەڵامی پیلانەکانی داگیرکاریی تورکیا دەدەینەوە چونکە تورکیا هەوڵ دەدات ناسنامەی خەڵکی عەفرین لەناوببات، بۆیە پێویستە وەرزشی ژنان و هەموو گەلی عەفرین بەهێز بکەین و بەهرەکانمان پەرە پێبدەین و کۆڵ نەدەین، داوا لە هەموو ژنانی گەنج دەکەم کە شارەزایی وەرزشی و ڕۆشنبیری و هونەرییان هەیە خەبات بکەن بۆ پێشکەوتنیان".