یاریزانانی تۆپی پێ لە سوەیدا: ویست و ئیرادە دەتوانێت بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت
سەرەڕای بارودۆخی ئەمنی و ئابووری، ژنانی سوەیدا بەردەوامن لە بوونیان لە بوارە جیاوازەکاندا، کە یەکێکیان وەرزشە، کۆمەڵێک ژنانی گەنج سەرکەوتوو بوون لە بڕینی ڕێگاکەیان لەناو یاریگاکانی تۆپی پێدا دەڵێن: ویست و ئیرادە دەتوانێت بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا ـ بۆ ماوەیەکی درێژ تۆپی پێ بە پیاوانەوە بەستراوەتەوە، ئامادەبوونی ژنان لە یاریگاکە وەرزشییەکاندا لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا نەبووە، بەڵام گۆڕانکارییە هزری و کۆمەڵایەتییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەرگایان بۆ ژنان کردەوە تاوەکو بوونی خۆیان لەم وەرزشەدا بسەلمێنێت.
لە شاری سوەیدای سووریا، ئەو یاریزانە ژنانە دەردەکەون کە ئامانجەکانیان گەیاندە یاریگاکەکان و بەشدارییان لە پاڵەوانێتی فەرمیدا کرد، لەوانە پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا، جەنگ و سەختی هاتوچۆ و فشارەکانی خوێندنیان قبوڵ کرد، بۆ ئەوەی نموونەیەک بۆ ئەو ژنانە پێشکەش بکەن کە دەتوانێت وێنە کۆنەپەرستەکان تێکشکێنێت و داهاتووی وەرزشی خۆی دروست بکات.
١٧ ساڵ لە ویست
سەبا سەلیم، کە تەمەنی ٢٢ ساڵە، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە خەریکی تۆپی پێیە، نوێنەرایەتی یانەی "عمال سويدا" ”کرێکارانی سوەیدا”دەکات، جگە لە بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی سووریا، وتی: تۆپی پێ بۆ ئەو تەنها وەرزشێک نییە، بەڵکو ناسنامەیەتی لە منداڵییەوە، مەشقکردنی ئەم یارییە پەیوەندی بەوە نییە کە یاریزانەکە پیاو بێت یان ژن، بەڵکو هەمووان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن و سەرکەوتن تێیدا بەدەستهێنن.
ڕوونیشی کردەوە، کە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە لازقییە خوێندووە، بەڵام دۆخی ئەمنی و جەنگ ناچاریان کرد واز لە خوێندنەکەی بهێنێت و تەواوی نەكات، بەڵام دەستبەرداری خەونە وەرزشییەکەی نەبوو، سەرەڕای دۆخە سەختەکە بەردەوامە لە مەشقەکان باوەڕی وایە کە پچڕان لە مەشقکردن واتە دوورکەوتنەوە لە خەونەکە، هەروەها وەرزشی تۆپی پێی ژنان لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە بە نزیکەی هەموو شارێک بووەتە خاوەنی تیپێکی ژنان، هەروەها گرنگیدان بەم یارییە لە سووریا زیاد کردووە، ئەمەش پێشکەوتنێکی ڕوون بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پیشان دەدات.
دانیش بەوەدا دەنێت کە ڕێگاکە ئاسان نەبووە، سەختییەکان هەمیشە بوونیان هەبووە، بەڵام ئیرادە بۆ ئەو گرنگترین هۆکار بوو بۆ بەردەوامبوون، پەیامێک ئاراستەی خێزان و کۆمەڵگە دەکات کە پێویستە پشتگیری ژنان بکەن لە وەرزشە جیاوازەکاندا، رووبەرێکی زیاتری ئازادی پێ بدەن، هەروەها وەرزش تەنها بۆ پیاوان دروست نەکراوە، بەڵکو مافی هەر مرۆڤێکە کە دەیەوێت ژیانی خۆی بە شێوازێکی سروشتی بەڕێ بکات.
تۆپی پێ پێش سەرکەوتن ژێرخانی فێربوونی ژیانە
سارا جغامی تەمەن ١٨ ساڵ، دەستپێکی یاری تۆپی پێی لە منداڵییەوە بووە، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ بچێتە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی منداڵانی کچان، بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا بکات کە لە ئوردن بەڕێوەچوو، هەروەها هۆکاری عاشقبوونی بە تۆپی پێ ئەوەیە کە یارییەکی پڕ لە هەستە، وای لێدەکات شکست پێش سەرکەوتن قبوڵ بکات، توانا دەبەخشێت بە هەستانەوە دوای هەر شکستێک.
سەبارەت بە دیارترین ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاماژەی بە فشارە دەروونییەکان و سەختییە مادییەکان کرد، جگە لە ناچاربوونی بۆ دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەی بۆ ماوەیەک، هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕێکخستنی کات لە نێوان خوێندن و وەرزشدا، هەروەها ناچار بوو بۆ ماوەیەک کە یەک ساڵی تەواو بوو واز لە یاری تۆپی پێ بهێنێت بۆ ئەوەی تەنها خەریکی خوێندن بێت، بەڵام بێبەشکردنی قوتابیانی سوەیدا لە مافی بەدواداچوونی خوێندن لە ناو سوەیدا شۆکێکی بۆ دروستکرد و کاریگەری کردە سەر رێڕەوی خوێندنی و لە ئێستادا سەرنجی خستووەتە سەر وەرزش چونکە شوێنێک دەبینێتەوە بۆ بەتاڵکردنەوەی باری دەروونی.
سارا جغامی پەیامێک ئاراستەی هەموو ئەوانە دەکات کە گومان لە تواناکانی ژنان دەکەن، جەختی لەوە دەکاتەوە، کە ژنان دەتوانێت سەرکەوتوو بێت هەر کاتێک خاوەنی سووربوون و ئیرادە بێت، هەروەها بانگهێشتی هەموو منداڵێکی کچ دەکات، حەزی لە تۆپی پێیە کە دەستبەردار نەبێت لە بەرامبەر فشارەکانی کۆمەڵگە یان دیدە نەریتییەکەی، بەردەوام بێت لە بەدواداچوونی خەونەکەی.
حەز بەهێزترە لە دووری مەوداکان
ریم ساڵح، یاریزان تەمەن ١٩ ساڵ، دەستپێکی لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ یانەی عەرەبی بوو، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ بگوازێتەوە بۆ یانەی ”عمال السويداء” ”کرێکارانی سوەیدا”، کە لەوێدا بەشداری کرد لەگەڵ تیپەکەی بۆ بەدەستهێنانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی سووریا بۆ پۆلی منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٤، بەڵام ڕێڕەوەکەی، وەک زۆرێک لە وەرزشوانان، کاریگەری دۆخی ئەمنی لەسەر بوو کە بووە هۆی وەستانی چالاکی وەرزشی بۆ ماوەیەک، کە ئەمەش خەونەکەی نەکوژاندەوە بۆ بەردەوامبوون لە یاری کردن.
دووپاتیکردەوە، کە تۆپی پێی هەڵبژارد لەبەر ئەوەی لە منداڵییەوە خۆشی دەویست، کاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا دەستی بە مەشقکردن کرد، هەروەها دیارترین سەختی کە ڕووبەڕووی بووەوە دووری مەودای نێوان ماڵەکەی و یاریگا بوو، بەڵام بەردەوام بوو لە مەشقکردنی خۆی و گەشەپێدانی ئاستەکەی تاوەکو توانای بەردەوامبوونی هەبوو.
ئاماژە بەوە دەکات، کە خێزانەکەی یەکەم پشتگیریکاری بوون، چ بە لایەنی مەعنەوی یان مادی، هەروەها تێگەیشتن لەو حاڵەتەی کە زۆر جار لە ماڵەوە دەبوو بەهۆی مەشق و یارییەکانەوە، ئەمەش پانەرێکی زیاتری پێبەخشی بۆ بەردەوامبوون.
ریم ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامێک ئاراستەی هەموان دەکات کە پێیان وایە ژن ناتوانێت سەرکەوتوو بێت لە تۆپی پێدا، وتی: ئەم یارییە تەنها بۆ پیاوان نییە، ژنان دەتوانێت خۆی تێیدا بسەلمێنێت وەک چۆن لە هەر بوارێکی تردا دەتوانێت، هەروەها هاندانی بۆ هەموو منداڵێکی کچ دەكات کە بەردەوام بێت لە مەشقکردن و کۆڵنەدان، چونکە سەرکەوتن بە پشوودرێژی و بەردەوامبوون دێت.