یارایزانانی تۆپی سەر مێز گلەیی لە حکومەت دەکەن

لە شاری سلێمانی یاریزانانی تۆپی سەر مێز، یانە تایبەتەکان هەڵدەبژێرن بۆ یاریەکانیان و دەڵێن یانەکانی حکومەت گرنگی بە تۆپی سەر مێز نادەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەرێمی کوردستان دوای سێ ساڵ لە ڕاوەستانی پێشبڕکێی تۆپی سەر مێز ساڵی ٢٠١٨ دەستیپێکردەوە و یاریزانانی ئەم وەرزشە دەڵێن حکومەت هیچ گرنگییەک بە تۆپی سەر مێز نادات و هەوادارانی ناچار دەبن یانە تایبەتەکان هەڵبژێرن بۆ ڕاهێنانەکانیان.

لە کوردستانیش خولیا و ئارەزوومەندانی ئەم جۆرە وەرزشە زۆرن و لە یانە حوکمییەکاندا بە شێوازێکی بەرچاو گرنگی بەم وەرزشە نەدراوە، بەڵام چەندین یانەی تایبەت بۆ ئەم وەرزشە کراونەتەوە، لەوانە "یانەی تایبەت بە تۆپی سەرمێز"ە کە دەرگایەکی کراوەیە بۆ ئەوەی ئارەزوومەندانی ئەم جۆرە وەرزشە بتوانن لە هەموو چین و توێژێک تێیدا یاریی و ڕاهێنان بکەن، هەندێک لە یاریزانەکانی ئەم یانەیە بۆ ئاژانسەکەمان دەدوێن و گلەیی لە حکومەت دەکەن لەبەر گرنگی نەدانی بەم وەرزشە.

هاوژین کچە یاریزانێکی تۆپی سەر مێزە و ماوەی ٨ ساڵە ئەم وەرزشە دەکات، باس لەوە دەکات هەرچەندە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵە لە یاری دابڕاوە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گروپی ئەم وەرزشە لە یانەکاندا، بەڵام دوای کردنەوەی ئەم یانە تایبەتیانە توانیوویەتی دەست بکاتەوە بە وەرزش و بەشداری ئۆڵۆمپیاتەکانی ناوخۆیی و جیهانی بکات، هەروەها پلەی باشیشی بەدەست هێناوە، دەشڵێت: ئەم یانە تایبەتیانە گرفتەکانی بەردەم یاریزانانی کەم کردۆتەوە چونکە یاریزانان بە پێی ویست و کاتی گونجاوی خۆیان ڕاهێنان دەکەن.

 

پێویستە خێزانەکان پاڵپشتی یاریزانان بن

ڕۆژینی تەمەن ١٨ ساڵ ماوەی دوو ساڵ دەبێت ئەم وەرزشە دەکات و لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئامانجم ئەوەیە بەشدار بم لە یاریەکانی ئۆڵۆمپیاتی دەرەوەی وڵات" باس لەوەش دەکات کە ژنان وکچانی کوردستانیش خەون و توانایان هەیە و هیچیان کەمتر نیە لە وڵاتانی دیکە، بۆیە داواکارە لە خێزانەکان پاڵپشتیان بکەن بۆ بەدیهێنانی خولیاکانیان.

هێڤی نزیکەی دوو ساڵە ئەم وەرزشە دەکات، بە بۆچوونی ئەو وەرزش کردن ئارامی دەدات بە دەرونی یاریزان و لە ڕووی تەندروستیشەوە بەدووری دەگرێت لە چەندین نەخۆشی.

تێنسی سەرمێز ناسراو بە “ping- pong”  یارییەکی ناسراوە لە هەموو جیهاندا لەنێوان دوو یان چوار یاریزاندا ئەنجام دەدرێت و تۆپێکی کێش سووک بەکاردەهێنرێت لەگەڵ ڕەکتەیەکی تەختە بۆ هەڵدانی تۆپەکە، هەروەها مێزی یاری کردنی ئەم جۆرە وەرزشە دەبێت ڕەنگی شینی تاریک، پڕتاقاڵی، ڕەش یاخود سەوز بێت.

 

ت.پ