"وەرزش تەنها ئارەزوویەکە، ناتوانی بژێوی ژیانی پێدابین بکەیت"

یانەی تۆپی پێی کچانی چۆمان، یانەیەک بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆربەی شاروشارۆچکەکانی دەوروبەری، سەرباری دڵخۆشیان بۆ یاریکردن، بەڵام ڕەخنەیان هەیە، کە لە هەرێمی کوردستان وەرزش تەنها ئارەزوویەکە. ناوەندی هەواڵ

یانەی تۆپی پێی کچانی چۆمان، یانەیەک بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆربەی شاروشارۆچکەکانی دەوروبەری، سەرباری دڵخۆشیان بۆ یاریکردن، بەڵام ڕەخنەیان هەیە، کە لە هەرێمی کوردستان وەرزش تەنها ئارەزوویەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

یانەی تۆپی پێی کچانی چۆمان ماوەی ١٥ ساڵە دامەزراوە توانیویەتی لە کۆی ئەو یاریانەی ئەنجامی داوە سەرکەوتووبێت، یاریزانەکانی سەرەڕای ڕێگری و ئازارەکانیان بەردەوامن لە یاریکردن و بەدیهێنانی خەونەکانیان.

یانەی تۆپی پێی کچانی چۆمان لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، لە ئێستادا خاوەنی ١٣ کچە یاریزانە لە شارە جیاوازەکانی کوردستانە، ئەو کچانەی کە یاری بۆ یانەی چۆمان دەکەن دەڵێن کۆمەڵگا نابێت ڕێگر بێت لە بەدی هاتنی خەونی کچان و ژنان بوونیان بە یاریزان.

سێوە نەبیی، گۆڵپارێزەکەی یانەی چۆمانە ماوەی ١٤ ساڵ یاریزان بووە، هیوا دەخوازێت ڕۆژێک بتوانێت ببێتە ڕاهێنەر، دەڵیت "ئەگەر ڕۆژێک ببمە ڕاهێنەر دەتوانم ئەنجامی باش بۆ یانەکەم بە دەستبهێنم"، داواش لە کچان و ژنان دەکات کە شەرم نەکەن و بێنە ناو یاریگا و تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.

 

ئەمیرە سەعید، یاریزانی یانەکەیە لە منداڵیەوە خەونی بوونە یاریزانی تۆپی پێی هەبووە، ماوەی دوو ساڵە یاری بۆ یانەی چۆمان دەکات، یاریکردن بە مافی هەردوو ڕەگەز دەبیننێت، ڕێگری کردنی یارییە وەرزشییەکان بۆ کچان بە دواکەوتووی کۆمەڵگا لێکدەداتەوە.

ئەمیرە ساتی تۆمارکردنی گۆڵ و پێکانی ئامانجەکەی بە خۆشترین ساتی ژیان دەزانێت، کە هیچ کات ناتواندرێت ئەو هەستە دەرببڕدرێت، ئەو سەرباری هەموو ڕێگری و ئازارەکانی بەردەم  یاریکردن دەڵێت "لەگەڵ هەموو ئازارەکانی ژیان وەرزشم هەر خۆشدەوێت".

 

شۆخان نوردەین، یاریزانێکی دیکەی یانەکەیە، ئامادەبوونی دایکوباوک و کەسوکاری یاریزانەکان بە هاندانێکی بەهێزی یاریزانەکان دەزانیت بۆ نیشاندانی پاڵپشتیکردنی یاریزانەکان، تا ئەو ئارەزووەی کە هەیانە بەدیبهێنن.

شۆخان ڕەخنە لە ئەوە دەگرێت، لە کوردستان وەک پیشەیەک سەیری وەرزش ناکرێت، تەنیا وەک ئارەزوویەک لە کوردستان یاریزان دەیکات و ناتوانێت کە بژێوی ژیانی پێدابین بکات.