ئەم هەموو هەواڵی کوشتنی ژنانە لە زمانی ئێوەدا، ویژدانی کۆمەڵگە ناجوڵێنێت، بەڵکو ناڕاستەوخۆ پاساو بۆ تاوانباریش دەهێنێتەوە و قورسایی تاوانەکە کەم دەکاتەوەو هەمووانیش ڕادەهێنێ کاریگەری خراپ جێدەهێڵێ، ئەمە ئەو خاڵە کوشندەیەیە کە پێویستە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەواڵسازان بەخۆیاندا بچنەوە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە داڕشتنی گێڕانەوەکانیاندا بکەن.
کاتێک میدیایەک هەواڵی کوشتنی ژنێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا دەستەواژەی وەک لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی، لەبەر توڕەیی یان لەبەر شەرەف یان نەخۆشی دەروونی، بەکاردەهێنێت، لە ڕاستیدا چەترێکی پاراستن بۆ تاوانبار دروست دەکات، ئەم شێوازە لە داڕشتن، تاوانبار لە چاوی کۆمەڵگادا دەکاتە «قوربانیی بارودۆخێک» یان کەسێک کە ناچارکراوە.
بۆیە، پێویستە لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێکی لەم شێوەیەدا، چەند پرنسیپێکی نەگۆڕ و ئەخلاقی پەیڕەو بکەن، پێویستە کاتێک هەواڵی کوشتن یان توندوتیژییەکی کوشندە بڵاو دەبێتەوە، دەستبەجێ یاسا و بڕیاری دادگا بخرێتە ڕوو. نووسینی سزای توند (وەک زیندانی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدان بەپێی ماددە پەیوەندیدارەکانی سزادان) نیششانی دەدات کە ئەمە کارێکی قارەمانانە یان پاساودراو نییە، بەڵکو تاوانێکی قێزەوەنە کە کۆمەڵگا و یاسا بە توندترین شێوە سزای دەدەن، و ڕێگری دەکات لەوەی تاوانبار وەکو کەسێکی ئازا یان خاوەن دەسەڵات سەیر بکرێت.
هەروەها ئەو کەسەی دەست بۆ خوێنی هاوژینەکەی، خوشکەکەی یان هەر ژنێک دەبات، بەو کارە پیاو نابێت، بەڵکو بۆ هەمیشە بکوژە وەکو مرۆڤێکی دۆڕاو دەمێنێتەوە. کاتی ئەوە هاتوە میدیا ئەم فۆرمولەیە بگۆڕێت و پێناسەی ڕاستەقینەی تاوانبار بسەپێنێت.
پێویستە پاساوی شەرەف بۆ کوشتنی ژنێک ئاوەژوو بکەنەوەو بڵێن، ئەم کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە نەیتوانی نهێنی، کەرامەت و ڕەوشتی خێزانەکەی بپارێزێت، بەڵکو بەکردەوە دڕندانەکەی بەهەموو جیهانی وت کەخۆی چەند قێزەوەن و دڕندەیە، شەرەف لە پاراستنی ژیان و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستیدایە، نەک لە کوشتن و بڕیندا.
کە تۆ لەهەواڵەکەتدا نوسیت:
( تاوانبار لەم جۆرە تاوانانەدا یاسا سزای قورسی وەک زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنێت. ئەم تاوانباره بەم کارە تەنها ڕووی خۆی ڕەش کرد و بوو بە بکوژێکی دەستخوێناوی لە مێژوودا، نەک خاوەن شەرەف).
ئەم گۆڕانکارییە بچووکە لە نووسین و گوتاری میدیاییدا، هۆشیارییەکی گشتی دروست دەکات کە توندوتیژی دژی ژنان کێشەی "شەرەف" یان "پیاوەتی" نییە، بەڵکو تاوانێکی قێزەوەنی کوشتنە و پێویستە سزای توند و ڕوڕەشی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت.




