پاسەوانانی ناسنامە
زەینەب ئەركەوازی-چالاکوان و راگەیاندنکار
کاتێک ناوی "خانەقین" دەهێنرێت، مێژوو لەگەڵ جوگرافیا لە کەناراوەکانی رووباری ئەڵوەن یەکتر دەبڕن و لەوێ شارێک دەردەکەوێت کە چیرۆکەکانی خۆڕاگریی و پێکەوەژیانی رەسەن دەگێڕێتەوە، بەڵام باسکردن لە خانەقین بەبێ پایە بنەڕەتییەکەی تەواو نابێت، کە ئەویش «ژنی خانەقینی»یە، ئەوەی لە درێژەی دەیەکانی رابردوودا نموونەیەکی ناوازەی خۆڕاگریی بووە لەبەردەم سەختترین ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانەکاندا، لەبەرئەوەی لە ناوچە دابڕێنراوەکان بووە.
ژن لە خانەقین تەنها بەشداربوویەک نەبووە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو هێشتا «ستونی خێوەت»ی راستەقینەیە، لەکاتی ساڵانی ئاوارەبوون و قەیرانەکان و گۆڕانکارییە کارگێڕیی و ئەمنییەکانەوە، ژنی خانەقینی خۆی بینیوە کە بە هەموو شێوەکان بەرپرسیارێتی هەڵگرتووە، وەک دایک و سەرپەرشتیار، کارمەند و پەروەردەکار، چالاکوانێک کە بەرگری لە شوێنپێی کەلتوری، زمان و نەتەوە دەکات، لە ژینگەیەکدا کە بە فەرامۆشکردنەوە دەناڵێنێت و بە بێدەنگیی بووە بە بەربەستێکی پتەو کە پێکهاتەی خێزان و کۆمەڵگە لە هەرەسهێنان دەپارێزێت.
سەرەڕای ئەم رۆڵە سەرەکییە، واقیعی ژنانی خانەقین هێشتا رووبەڕووی کەڵەکەبوونی قورسی پەراوێزخستن دەبنەوە، دەرفەتە ئابوورییە سنووردارەکان، نەبوونی پرۆژەی گەشەپێدانی راستەقینە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان، شوێنەوارە دەروونییەکانی دەرئەنجامی بارودۆخە نائاساییەکانی شارەکە، هەموویان دەبنە بەربەست لەبەردەم ئامانجە گەورەکانیاندا، سەرەڕای ئەوەش، تواناکانی ژنان لە خانەقین پڕن لە زیندوویی و داهێنان، رۆژ لەدوای رۆژ توانای خۆیان لە سەرکردایەتی و بەخشین دا سەلماندووە کاتێک ژینگەی پشتیوانکەر بۆیان دەڕەخسێت.
دادپەروەریی راستەقینە بۆ خانەقین بە دڵنیاییەوە لە دادپەروەری بەرامبەر ژنێکەوە دەست پێدەکات، ئەمەش وەستانێکی جددی و بەرپرسیارانەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەوێت، کە لەڕێگەی هەنگاوی کرداریی روونەوە جێبەجێبکرێن، لەوانە: رەخساندنی هەلی کار و پشتیوانیکردنی پرۆژە بچووکەکان بۆ ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان و دەرچووە بێکارەکان، هەروەها بەهێزکردنی سەرکردە ژنە لێهاتووەکان بۆ وەرگرتنی پێگەی بڕیاردان لە کارگێڕی خۆجێی و دەزگا کەلتورییەکاندا، جگەلە دامەزراندنی بەرنامە و پرۆگرامی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە بواری رۆشنبیری، هونەر، میدیا و پەروەردەدا، چونکە ئەمڕۆ خانەقین زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە دیدگایەکی نوێ هەیە، دیدگایەک ژن تێیدا تەنها وەک بەشێک لە کۆمەڵگە نەبینرێت، بەڵکو وەک هێزێکی کاریگەر لە دروستکردنی داهاتووی شارەکەدا بناسرێت، ئەمەش ئەرکی ژنان نییە بە تەنها، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو دامەزراوەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکانە.
دواجار خانەقین تەنها بە پرد و رووبار و شوێنە مێژووییەکانی ناناسرێت، بەڵکو بە مرۆڤەکانی و بە تایبەتی بە ژنە لێهاتووەکانی کە لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا چرای هیوا و خۆڕاگرییان هەڵگرتووە، پاراستنی ناسنامەی خانەقین بەبێ پاراستنی ماف و شکۆ و بەشداریی ژنانی ئەم شارە ناتەواو دەبێت، چونکە ژنی خانەقین تەنها بەشێک لە مێژووی ئەم شارە نییە، بەڵکو بەشێکە لە نووسینی داهاتووشی.