ئاگادارییەک لەبارەی نوێترین شێوازەکانی تەڵەکەی هەراسانکاری و توندوتیژی ئەلیکترۆنی
ڕاز فریا-لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژن و خیزان
لە ئێستادا، دیاردەی هەراسانکاری و توندوتیژی ئەلیکترۆنی بە چەندین شێوازی نوێ و خەڵەتێنەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی سەندووە. کەسانی تەڵەکباز و باندە ئەلیکترۆنییەکان سود لە پێویستی، سۆز، یان بیروباوەڕی بەکارهێنەران ( بەتایبەت کچان و ژنان) وەردەگرن بۆ ئەوەی بیانخەنە داوی خۆیانەوە.
دیارترین و باوترین ئەو شێوازانەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردێن بریتین لە:
١. نوسینگەی هاوسەرگیریی ساختە و ئەکاونتی نەناسراو
هەندێک ئەکاونت و پەیج لە ژێر ناونیشانی "دۆزینەوەی هاوسەر" یان "نوسینگەی هاوسەرگیری و کاری خێرخوازی" کار دەکەن. ئەمانە سەرەتا متمانەی قوربانییەکە بەدەستدەهێنن و داوای وێنەی تایبەت و زانیاریی کەسی دەکەن بە مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەی هاوسەرگیری، بەڵام دواتر هەمان ئەو وێنانە وەک چەکێک بۆ هەڕەشەکردن و باجوەرگرتنی ماددی یان مەعنەوی و داواکاریی کاری نەشیاو بەکاردەهێننەوە.
٢. بەکارهێنانی ناونیشان و وێنەی ئایینی (خەڵەتاندن لە ژێر ناوی ئایینی)
ژمارەیەک لە تەڵەکبازان بە دروستکردنی ئەکاونتێک کە وێنەی پرۆفایلەکەی هێمایەکی ئایینییە، یان بە ناردنی نامە لەژێر ناوی "ئامۆژگاری و ڕێنمایی ئایینی"، هەوڵی نزیکبوونەوە دەدەن. ئەم شێوازە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دروستکردنی دڵنیاییە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە قوربانییەکە بخەنە داوی پەیوەندییەکەوە کە سەرەنجامەکەی بە هەڕەشە و سەرشۆڕکردن کۆتایی دێت.
٣. بازرگانیکردن بە نوشتە و جادوو و چارەسەری دەروونیی ساختە
پەیج و ئەکاونتگەلێک هەن کە بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، یان نەخۆشییەکان دەکەن لە ڕێگەی "نوشتە و جادوو یان فاڵگرتنەوە". ئەمانە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان داوای وێنەی ڕوونی کەسەکە یان زانیاریی زۆر تایبەت دەکەن، و دوای بەدەستهێنانی وێنەکان، دەست دەکەن بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان ئەگەر قوربانییەکە پارە یان داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات.
ڕێنمایی گشتی بۆ پاراستنی خۆت:
-بە هیچ شێوازێک متمانە بە پەیج و ئەکاونتە نەناسراوەکان مەکە، تەنانەت ئەگەر ناونیشانێکی پیرۆز یان مرۆییان هەبێت.
-لە ناردنی وێنەی تایبەت و زانیاریی ناسنامەکەت بە توندی خۆڕاگر بە.
-لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکان و بەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنییەوە بکە و بە هیچ جۆرێک ڕادەستی داواکارییەکانیان مەبە.