ژنانی ڕۆژنامەنووس دەنگی هەموو ژنانی ئەفغانین

ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان ڕۆژانە و بە بەردەوامی دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس، وە بەرکەوتەی یەکەمی شەڕ و توندوتیژییەکان ژنانن.

 

سەمیرا سەڵەواتی

عەقڵییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازی بەردەوام دەترسن لە هێز و توانای ژنان و بەردەوام هەوڵدەدەن بۆ بێهێزکردن و نەهێشتنی ژنانی چالاک و پێشەنگی کۆمەڵگە، بێدەنگکردنیان و کوشتنیان بە ڕێگای دڕندانە بەردەوامە.

ئەفغانستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژن لە نیشتمانەکەی خۆیدا پارێزراو نییە و بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسانی ژن کە بەردەوام کار بۆ ڕووماڵکردنی ئەو تاوانانە دەکەن کە لەو وڵاتەدا ڕوو دەدات، بەڵام بە شێوەیەکی توندوتیژ ڕووبەڕوویان دەبنەوە و چەندین تەقینەوە دادەنرێن و دەتەقێنرێنەوە بۆ لێسەندنەوەی گیانی ڕۆژنامەنووسان، ئەمەش وایکردووە ژیانی ژنانی ڕۆژنامەنووس بخاتە مەترسییەوە.

 

بەڵام ژنانی چالاک و ئازا هەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان گیانی خۆیان بەخت کردووە، کار بۆ گەیاندنی دەنگی ژنانی ئەفغانی و هەموو کۆمەڵگا دەکەن لە وڵاتەکەدا و قارەمانانە لە مەیدانی شەڕدا ڕووداوەکان ڕووماڵ دەکەن، هەرچەندە تا ئێستا چەندین ڕۆژنامەنووسی ژن لەو وڵاتە کراونەتە ئامانج و کوژراون.

 

تەنانەت ئەمە بووە هۆی کۆچکردنی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام ژنانێک هەن ئامادە نین لە هیچ هەلومەرجێکدا واز لە نیشتمانەکەیان بهێنن و مەیدان چۆڵ بکەن بۆ بکوژەکانیان، وەک ئاژانسی ژنها لەگەڵ سامسامە سیرات و وەحیدە فەیزی، ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستاندا بارودۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووسمان تاوتوێکرد، پرسیاری "ژنانی ڕۆژنامەنووس چییان بەسەرهات و ڕووداوەکان چ کاریگەریان لەسەر کار و چالاکییەکانی ڕۆژنامەنووسان هەبوو؟" کرد.

"ڕۆژنامهنووسانی ئەفغانی ژیانیان پارێزراو نییە"

سەمسامە سیراتی، پەیامنێری دەنگی ئەمریکا لەسەر بارودۆخی ڕۆژنامەوانانی ئەفغانی دەڵێت: "زۆربەیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، چونکە بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی وڵات بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی دژوار بووە، بەرزبوونەوەی توندوتیژی، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، میدیاکار و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی کراونەتە ئامانج و بووەتە هۆی  درووستبوونی ترسێکی زۆر و زۆرینەی ڕۆژنامەنووسان لە پارێزگاکانەوە گواستراونەتەوە بۆ پایتەخت کە ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر پرۆسەی زانیاری، لە لایەکەی دیکەش بە هۆی داب و نەریت و نایەکسانی ڕەگەزی زاڵ لە کۆمەڵگای ئەفغانیدا  ژنانی ڕۆژنامەنووس بە شێوەی جیاواز سەیر دەکرێت و هەوڵ بۆ نەهێشتنیان دەدرێت."

 

هەروەها ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەدا: "ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەرک و بەرپرسیارێتییەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت بۆ لێکێشانەوەی زانیاری، لە کاتێکدا لەگەڵ زیادبوونی گەندەڵیەکان پێویستە ڕۆژنامەنووسەکان بە ڕاستگۆییەوە کاری خۆیان بکەن، ئەفغانستان یەکێکە لە وڵاتە دواکەوتووەکان کە تیایدا مافی ژن، منداڵ و پیاو پێشێل دەکرێت، مرۆڤ بەبێ هۆ دەکوژرێت."

 

هەروەها سەمسامە دەربارەی حوکمەتی ئەفغانستان وتی: "دەزگای حکومەت لە کۆمەڵێک بابەتی تردا بەشدارە و بەرپرسیاری ئەرکەکانی هەڵناگرێت، گروپە تیرۆریستییەکان لەوانە تاڵیبان و داعش و قاعیدە کار دەکەن، کاتێک ڕۆژنامەوانانی ئەفغانی هەوڵ دەدەن سەبارەت بە حکومەت لە تاوانەکانی گروپە تیرۆریستییەکان و کەم ئەدایی و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاساکان ئاگاداری بڵاوبکەنەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە."

 

لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٢٠، ٩٥ ڕۆژنامەنووس کوژراون کە ١٦یان ژنن. بێگومان ئەم کەسایەتیانە لەکاتێکدان کە لە ٨١٣٤ ڕۆژنامەنوس و کارمەندی ڕاگەیاندن تەنیا ١٣٧٧ یان ژنن.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس کارێک ئەنجامدەدەن کە پیاوان ناتوانن ئەنجامی بدەن

سەمسامەی ڕۆژنامەنووس لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد: "لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان لەسەر پرسی مافی مرۆڤ و جیاکاری ڕەگەزی و چەوسانەوەی ڕەگەزی و پێشێلکاری ژنان و منداڵان و ئەو تاوانانەی کە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دراون ڕۆژنامەنووسە ژنەکان بەردەوام کاری لەسەر دەکەن کە ڕۆژنامەوانێکی پیاو ناتوانێت ڕاپۆرت بدات، بۆ نموونە لە ئەفغانستان زۆربەی ژنە ڕۆژنامەوانەکان تاقیکردنەوەی پەردەی کچێنییان ڕاگەیاندووە کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی ژنانە."

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهۆی کارەکەیانەوە ژیانیان پارێزراو نیە

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامانجی تیرۆریستان لە کوشتن و تیرۆرکردنی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان، سەمسامە سیرات دەڵێت: "پەیامەکە ڕوونە کە ترسیان لە توانا و هێزی ژنان هەیە و بە ژنان دەڵێن لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە، نابێت داوای یەکسانی و ئازادی بکەیت ئەوەی دەیکەیت ئەگەر بەردەوام بیت وەڵامەکەی مردنە، چونکە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەنگی هەموو ژنانی ئەفغانین و ئامانجەکەیان زیاتر کاریگەری لەسەر ورەی ژنان دەکات."

سەمسامە وتی: "لەماوەی شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٠دا لانیکەم ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسی ژن بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیەوە کارەکانیان جێهێشتوە و هەروەها چەندین کەس وڵاتەکەیان جێهێشتووە، نەبوونی پارێزبەندی بۆ ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت ڕۆژنامەنووسانی ژن و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و نەبوونی سزا بۆ بکەرەکان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەن، ڕێکەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان بەبێ گەرەنتی بۆ مافەکانی ژنان و بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس وەک فاکتەرێکی سەرەکی دەمێنێتەوە، تا چەند ساڵێک لەمەوبەر کەیسی وەک هەڕەشە و سەرکووتی و بەرتەسکردنەوەی پرۆسەی وەرگرتنی زانیاری و گێچەڵی سێکسی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنوس هەبوو."

 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەمسامە کە هەم هەستی هیوا و هەم بێ هیوایی هەیە، وتی: "بەڕاستی نازانم چ پەیامێک بگەیەنم، بەڵام من پێشتر چەندین جار ئەم وتەم دووبارە کردووەتەوە کە لە هەر هەلومەرجو دۆخێکدا دەبێت لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و پەنا بۆ کۆچکردن نەبەن، دەبێت لە کارەکانیان بەردەوام بن و ببنە دەنگی ئەو ژن و پیاو و منداڵانەی کە مافەکانیان پێشێل دەکرێت و ئازارییان پێ دەگەیەنرێت و کەس ناتوانێت هاوکارییان بکات."

وەحیده فەیزی، ئەفسەری جێندەری لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی، ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت ژنە ڕۆژنامەنووسەکان هەڵدەسەنگێنێت و بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند: "ڕەوشی ڕۆژنامەوانان لە ئەفغانستان بە باشی پێناسە نەکراوە، بەهۆی بارودۆخی مەترسیداری ئەم وڵاتەوە زۆربەی ڕۆژنامەنوسان کۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردووە، لە ڕابردوودا کەس دڵ و مێشکی کارکردنی نەبوو، بەپێی ئامارەکانی مانگی ئازار کە بەدەست کەوتووە ٣٠٠ ڕۆژنامەنووسی ژن دەستیان لەکارکێشاوەتەوە دڵنیاین کە ئێستا ئەو ژمارەیە زیاتر بوون، بەڵام نزیکەی ١٠٠٠ ڕۆژنامەنووسی پیاو لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا کارەکانیان بەجێهێشتووە، بێگومان کوشتن و تەقینەوە بە ئامانجگیراوەکان کاریگەری بەرچاوی لەسەر کار و چالاکی ڕۆژنامەوانی دروست کردووە."

 

وەحیده دەڵێت بۆچی ڕۆژنامەنووسان لەم ڕێگەیەوه دەکرێن به ئامانج: "بۆچی زۆرجار ڕۆژنامەنووسان بە تەقینەوە کراون بە ئامانج، چونکە قسەو باسی ساڵ بەردەوامە و هەمووان دەترسن لەوەی کە دۆخی ڕۆژنامەنووسان و ڕەوشی وەرگرتنی زانیاری چۆن دەبێت لەدوای گۆڕینی ڕژێم، و ئەو قسانە بۆ دۆخی ئێستا و ئەو گۆڕانکارییانەی کە روودەدات، بە تەقینەوەی بەردەوام و بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و بەو شێوەیە دەیانەوێت ڕۆژنامەنووسان بخەنە ترسەوە کە ژیانیان پارێزراو نیە."

 

ت.پ