جیاوازی جێندەری پەلدەهاوێت بۆ دروستبوونی توندوتیژی خێزانی

بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو توندوتیژی خێزانی زیادی کردووە، هەموو جۆرە هەرەشە و گوشارێک دەبێتە توندوتیژی، هۆکارەکەی نەبوونی سیستمێکی پەروەردەیی تەندروستە، سۆشیاڵ میدیاش تاک ئاڕاستە دەکات بەرەو توندوتیژی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- کێشە خێزانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لەزیادبوونە، بە گشتی و بە بۆچوونی زۆرینەی هاوڵاتیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی پەروەردە و دۆخی ئابووری هۆکارن بۆ ئاڕاستەکردنی تاک بەرەو توندوتیژی و کەوتنەوەی کێشەی خێزانی، هەر جۆرە فشارێک لەلایەن تاکێکی خێزانەوە بەرامبەر بە ئەندامانی دیکەی خێزان ئەنجام بدرێت بە توندوتیژی هەژمار دەکرێت، زیانلێکەوتووی سەرەکیش ژنانن.

 

تەنها بەپێی ئامارەکانی نوسینگەیەکی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی، ئاماری پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ بریتییە لە ٨٥٧ سکاڵا، بەڵام بۆ پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە زیادی کردووە بۆ ١٣٤٥ سکاڵا.

"بناغەی دروستبوونی توندوتیژی ناو خێزانەکان پەروەردەی نادروستە"

شنیار تۆفیق، توێژەری دەروونی و ئەندامی مۆبایل تیم هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی ناو خێزانەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ پەروەردەی نادروست و دەڵێت: لەو کاتەی منداڵ لە خێزاندا پەروەردەیەکی نادروست و توندوتیژ دەکرێت، دواجار لە گەورەبوونیدا ڕەنگدەداتەوە و دەبێتە تاکێکی توندوتیژ، جیاوزی جێندەریش دروستبوونی توندوتیژی لە نێوان تاکی خێزانەکاندا بەرهەم دەهێنێت.

 

هەروەها وتیشی: قەیرانی ئابوری و تێکچوونی دۆخی دارایی، لە هەندێک کاتیشدا دین وەک هۆکارێک دادەنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی.

 

"ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە"

ئەو توێژەرە پێی وایە پەروەردەکردنی منداڵ کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە، ئاماژەی بەوەدا: لە منداڵیەوە بە گوێی منداڵە کوڕەکانمان دەدرێت کە تۆ کوڕی نابێت بگریت، تۆ کوڕی عەیبە نابێت بە بوکەڵەیەک یاری بکەیت، بەو قسانە ئەو هێزەی بە کوڕان دەدرێت بە کچان نابەخشرێت، بۆیە لەوکاتەی گەورە دەبن هەمان ئامۆژگاری منداڵی جێبەجێدەکەن. بەم هۆیەش  توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دروست دەبێت.

باسی لەوەشکرد پەنجەی کۆمەڵگا هەمیشە لەسەر ژنانن، پیاوانیش هەڵەیەک بکەن دەیگەڕێننەوەی سەر ژنەکە، وەک ئەندامێکی مۆبایل تیم ئەوەی خستەڕوو لە ئێستادا تاکەکانی خێزان زیاتر هۆشیارن و ئاگاداری توندوتیژییە خێزانییەکانن بۆیە ڕۆژانە هاوڵاتیان پەیوەندیان پێوەدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

 

 

چارەسەری کەم بوونەوەی توندوتیژییە خێزانیەکان چین؟

شنیار تۆفیق، باشکردنی باری ئابووری و نەهێشتنی جیاوازی جێندەری بە چارەسەری کێشە خێزانییەکان دادەنێت، جگە لەوە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و سنوردانانێک بۆ پیاوان لەلایەن ژنانەوە کە چیتر توندوتیژیان بەرامبەر نەکرێت بە چارەسەری سەرەکی دەزانێت، هەروەها داوا دەکات کە ژنان خاوەن بیروڕای خۆیان بن، لە کاتێکدا خێزانەکانیان بەرنامەیەکی ژیان و کاریان بۆ دادەنێن هەوڵبەن بە تێگەیشتنەوە لەگەڵیاندا گفتوگۆ بکەن.

 

ئەو ئەندامەی مۆبایل تیم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دادەنێت، بەوەی منداڵان زیاتر لەلایەن سۆشیاڵ میدیاوە ئاڕاستە دەکرێن، بەردەوام هەواڵی خراپ بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە تاکەکانی ناو خێزان متمانەیان بە یەکتر نەماوە.

بیروڕای ژنان دەربارەی توندوتیژی چییە؟

ژنها لەگەڵ ژنانی شاری سلێمانی لە یەکێک لە شوێنە گشتیەکان دوا و دەرکەوت دۆخی ژنان لەناو خێزانەکاندا لە ئاستێکی خراپدایە و ڕۆژانە لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

ڕۆژان وەک ژنێکی گەنج، پێی وایە هەر کاتێک لەلایەن کۆمەڵگاوە وشەیەکی ڕووخێنەر بەرامبەر بە تاکێک بوترێت ئەوە توندوتیژییە، لەناو خێزانەکانیشدا دەیگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی پەروەردە، هەروەها پێی باشە جیاوازی نەکردنی جێندەر بچێتە ناو بەرنامەی خوێندنەوە.

 

 محتاو حسێن و بنار حسێن دوو ژنی خەڵکی گەرمیانن دەربارەی دۆخی وتیان: ژنان لە وڵاتی ئێمەدا ئازاد نین، بەردەوام هەواڵی کوشتنی ژنان دەبیستین، هۆکارەکەشی نەبوونی یاسا و خاوەنداریەتی وڵاتە، لەوکاتەی پیاوێک دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنێک یاخود دەیکوژێت ئەگەر لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێت پیاوانی تر ناتوانن دووبارەی بکەنەوە.

 

لەسەر دۆخی ژنانی گەرمیانیش وتیان کە دۆخیان باش نییە و خاوەن هیچ مافێک نین، ئاماژەیان بەوەشدا: کاتێک ژنێک دەکوژرێت بابەتەکە کپ دەکرێتەوە بەڵام پیاوێک بکوژرێت دەکرێتە هەواڵی هەموو ڕاگەیاندنەکان.

 

توندوتیژی بووەتە کارەسات

بەهرە فەرەج وەک هاوڵاتییەک زیادوبوونی توندوتیژی وەک کارەساتێک دەبینێت، و دەڵێت: "گەنجەکانمان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێ هۆش کراون هێندە هەواڵی کوشتن و خیانەت بڵاو دەکرێنەوە بۆیە خێزانەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە"، پێشی وایە پیاوان بەردەوام چاویان لە کچە مۆدێل و ژنانی دەرەوەیە، بۆیە ئەوەندە لەگەڵ خێزانەکانیان خراپن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکەن، پێشی وایە باسکردنی نهێنی خێزانی لای خێزان و کەسانی دیکە کێشە بۆ تاکی خێزان دەنێتەوە.

 

ڤینا کاروان و چیمەن غەریب، وەک دوو هاوڵاتی دیکە، لێدانی توانج لەلایەن پیاوانەوە بۆ ژنان بە توندوتیژی دەزانن، دەشڵێن: لە خێزانەکاندا هێندەی ڕێزی پیاوان دەگیرێت ڕێزی ژنان ناگیرێت هۆکاری سەرەکیشی بۆ کلتور دەگەڕێننەوە.

 

بەناز ئەحمەد دەڵێت: هەندێک کات وشەیەک دەبێتە توندوتیژی، هەبوونی جیاوازی جێندەر وای کردووە لە کۆمەڵگادا توندوتیژی خێزانی زیاد بکات، خێزانەکان بەرامبەر بە منداڵەکانیان توندوتیژی ئەنجام دەدەن بەوەی لە خوێندن دەریان دەکەن بە هۆی خراپی باری ئابورییەوە.

 

ساوێن، پێی وایە توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی خیانەت، هەروەها دەڵێت ساڵانی پێشتر پابەندبوون بە یاسای خێزانی هەبووە کە لە ئێستادا نییە.

"بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان سەرەتا بە گفتوگۆ، دواتر دەدرێتە یاسا"

نەقیب سازگار ڕەحیم، ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و سەرپەرشتیاری مۆبایل تیم، لە شاری سلێمانی سەبارەت بە دۆخی خێزانەکان بۆ ژنها دووا: مۆبایل تیم لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان لەناو کۆمەڵگەدا، لە دوای هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەر کەسێک ساکاڵای یاسای هەبێت هاوکاری دەکەن و ساکاڵاکەی بۆ تۆمار دەکەن.

باسی لەوەکرد کە زیاتر ئەوانەی سکاڵا تۆمار دەکەن لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا ژنانن، هۆکارەکەشی بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ پیاوان، لەوکاتەی ژنان سەردانی ئێمە دەکەن، پیاوان هەڕەشە دەکەن بەوەی ئەگەر بچە بەردەم دادگا و لێپرسینەوە، لە ژنەکانیان جیادەبنەوە.

 

لەگەڵ ئەوەی ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا ترسی کوشتنیشیان لەسەرە

سازگار ڕەحیم سەبارەت بە پاراستنی ژیانی ئەو ژنانەی کە سەردانیان دەکەن روونکردنەوە دەدات و دەڵێت " ئەو ژنانە تا لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتیەکەماندا بێت ژیانیان پارێزراوە"، لەوکاتەی ژنێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی دەکات ترسی لێدەنیشێت لەوەی بکوژرێت بۆیە زۆر کات ئەگەر ژنەکە کەسێکی نزیکی نەبێت لای بمێنێتەوە، بە فەرمانی دادگا ڕەوانەی شەڵتەرەکان دەکرێن و پاشان لەلایەن سەنتەرەکانی چاودێری خێزانی چاوپێکەوتن بۆ ژنەکە و کەسوکارەکەی ئەنجام دەدرێت.

 

سازگار ڕەحیم، هاوڵاتیان ئامادە نین گوێبیستی هۆشیاری خێزانی بن بەڵام ئامادەن دوو کاتژمێر سەیری درامایەک بکەن

تاکی ناو خێزانەکان هۆشیاریان نییە سەبارەت بە وشەی توندوتیژی، بە جۆرێک لە زۆر کەس بپرسە نازانێت توندوتیژییە خێزانییەکان چین، یاخود بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کاریان چییە، هەروەها بێ ئاگان لەوەی ١١٩ لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئاگاداربوون لە بنکەکانی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی کارێکی پێویستە، داواش لە خێزانەکان دەکات کێشەکان هێندە گەورە نەکەن نەتوانرێت لەڕێی بەڕێوەبەرایەتیی و دادگاکانەوە چارەسەر بکرێت.

 

ت.پ