یابان، بەهۆی بارانبارین نزیکەی ٢ ملیۆن کەس پێویستیان بە شوێنی مانەوەیە

نزیکەی دوو ملیۆن کەس داواکراون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن بەهۆی بارانبارینی زۆر لە ناوچەکانی یابان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەندێک لە پارێزگاکانی یابان وەک: هێرۆشیما، فوکۆکا ئاگادارکردنەوەی تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی باران دەرچووە، بەو هۆیەشەوە ژنێک گیانی لەدەستداوە و هاوژین و کچەکەی بێسەروشوێنن، دوای ئەوەی کە بەهۆی بارانەکەوە زەویەکە داڕماوە دوو ماڵی لە پارێزگای ناگاساکی وێران کرد.

 

زیاتر لە ١٥٠ سەرباز و پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە نێردراون بۆ یارمەتیدان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی، هەروەها بەدوایی ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە ونبوون، لە کاتێکدا بەهۆی بارانبارینی بەردەوام قوڕێکی زۆر ناوچەکەی داپۆشیوە، زۆرترین کاریگەری خراپی کردووەتە سەر بەشی ڕۆژئاوای وڵات، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا لە سەرتاسەری وڵات ڕێژەی بارانبارین دابەزێت.

 

لە پارێزگای ساگا نەخۆشخانەیەک نەخۆشەکانی گواستەوە بۆ نهۆمەکانی سەرەوە دوای ئەوەی ڕووباری ڕوکاکۆ لە نزیکیەوە هەڵکشا و بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە نەخۆشخانەکەدا.

 

تا ئێستا ئاگاداری چۆڵکردن بۆ نزیکەی ١.٨ ملیۆن کەس لە ٧ پارێزگادا دەرچووە، شارەزایانی کەشناسی وڵاتەکە ڕایانگەیاندووە کە کارەساتی سروشتی لەم شێوەیە ڕووبەرووی یابان بووەتەوە لە ساڵانی تریشدا.

 

ت.پ