" لەلایەن حکومەت و سیستمی سەرمایەداریەوە، کورد دووبارە کولتوور و ژینگەی قڕ دەکرێت "

هەڵوێست عەبدوڵا، فێمینیستی ژینگەیی ئاماژەی بەوەکرد، لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی تیمێک لە ژینگەدۆستان بۆ پاراستنی شاخی گۆیژە و سروشتی کوردستان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ نادادپەروەری ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و سپی هەڵگەڕانی دورگە مەرجانیەکان و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی سروشت بەبێ ئەوەی بیر لە نەوەکانی داهاتوو بکرێتەوە، دەبێتە هۆکاری گەرمبوون و لەناوچوونی زەوی، وادەکات پلەی گەرما بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، هەروەها دەرکەوتەکانی ئەم زیانانە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و سەرهەڵدانی چەندین جۆر لە نەخۆشی و لەناوچوونی چەندین گیانلەبەر و زیندەوەر و ڕوەک، هەموو ئەمانە لێکەوتەی سیستمی سەرمایەدارییە، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی ئەم سروشتە موڵکی گشتی و نەوەکانی داهاتوون و داگیرکاری بەرامبەر زەوی ئەنجام دەدرێت.

 

" ناکرێت سیمای شارێک تێک بدرێت کە تەواوی ئەو شارە یادگاری لەگەڵیدا هەیە"

هەڵوێست عەبدوڵا، فێمێنیستی ژینگەیی ئاماژەی بەوەکرد، ئەقڵیەتی سەرمایەداری بووەتە هۆکاری تێکدانی سیما و سروشتی شارەکان، چیاکان و و سروشت مافی بوونیان هەیە، وتی: ناکرێت سیمای شارێک تێکبدرێت کە تەواوی ئەو شارە یادگاری لەگەلیدا هەیە، ناکرێت بە بیرێکی نائەقڵانی بەرژەوەندیخواز هەمووی لەژێر دەسەڵاتی مرۆڤانێکدابێت و لە سوودی تاکەکەسیدابێت، ببێتە هۆکاری ڕەتکردنەوەی چیایەیک  لە ئەنجامی ئەوەی ئەو چیایە سەوزنابێت یاخود سەوزبووە و لەناوبراوە، دەسەڵاتی سەرمایەداری لەجیاتی زیادکردنی نەمام لەو شوێنانەدا گەچ و بلۆکی بۆ زیاد بکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ئەقڵیەتی سەرمایەداریە دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی ئەو حزبانەی بونەتە پاسەوانی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان و وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن و پاشان دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیان بۆ قازانجی تاکە کەسیی، لەکاتێکا ئەم یەکەی نیشتەجێبوونانە هیچ کێشەیەکی هاوڵاتیان چارەسەر ناکات، چەندین ئەپارتمان و شوێنی نیشتە جێبوون هەیە هاوڵاتیانی تێدا ناژین و ژیانی تێدا نەکرێت، هەبوون و تێکدانی سروشت تەنها زیان بە مرۆڤەکان ناگەیەنێت، بەڵکو چەندین زیندەوەری دیکە لەسەر ئەو شاخە دەژین و ژیان دەکەن، هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانکاریەی لە چیاکانی گۆیژەدا ڕوویداوە.

 

"کۆمپانیا و بەناو سەرمایەدارەکانەوە  هەرچیەکیان بەردەست بکەوێت دەیکەن بە پارە"

هەڵوێست عەبدوڵا ئەوەشیخستەڕوو، ئەو قەیرانە ژینگەییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، تەنها بە شاخەکانی گۆیژە و یەکەکانی نیشتە جێبوونەوە نەوەستاوەتەوە، ناوچەکانی دیکەی کوردستان بێبەشنین لەو تیرۆرەی بۆسەر ژینگەکەیان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: ژینگە تەنها بە زیان بەرکەوتووی شاخی گۆیژەوە ناناڵێنێت، بەڵکو چەندین ساڵە تانجەرۆ و بازیان و کانە بەردینەکانی بازیان و چەندین قویرانی دیکەی ژینگەی دیکە هەیە، هەروەها تێکدانی ژینگەی تانجەرۆ کێشەیەکی دیکەی ژینگەیە کە تەوق کراوە و ناهێڵن تەنانەت ڕۆژنامەنووسانیش سەردانی بکەن و ڕاپۆرتی لەبارەوە بدەن، لەکاتێکدا ئەوەی لە تانجەرۆ ڕوودەدات هیچی کەمتر نییە لە تێکدانی سیمای شاخی گۆیژە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتیان و دانیشتووانی شاری سلێمانی هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو تێکدانە ژینگەییەی شاخی گۆیژە هەبوو، بەڵام ئەوە تەنها بەشێکە لەو داگیرکارییە گەورەیەی لە لایەن کۆمپانیاو بەناو سەرمایەدارەکانەوە کە هەرچییەکیان بەردەست بکەوێت دەیکەن بە پارەو بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەست دەبەن بۆ مافی ژیان کردنی تاکەکان.

 

"ژینگەپارێزان لە ئۆفیسەکانیان بێنە دەرەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەساتانەی لە ژینگەدا ئەنجامی دەدەن"

هەڵوێشت عەبدولا ئاماژەی بەوەشکرد، کاتیک پڕۆژەکان لەنا وشارەکاندا دەستپێدەکات هیچ چاودێرییەک لەلایەن حکومەتەوە بۆ پڕۆژەکان ئەنجام نادرێت، وتیشی: لە ماستەرپلانی ساڵی ٢٠١٩دا هەبوونی ئەم جۆرە پڕۆژەیە بوونی نییە، بەڵام بەبێ یاسایی پێیان دراوەو دوورە لە یاساوە، کاتێک پڕۆژەیەک لە ناو شارەکاندا ئەنجام دەدرێت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان ناکات بۆ دڵنیا بوونەوە لە پابەند بوون لە یاساکان، هەروەها یاساکان ناتوانن تەنها بڕیار لە بارەی پێدانی پڕۆژەکەوە بدات، پێویستە پڕۆژەکە لەلایەن دەستەی ژینگەییەوە چاودێری بکرێت بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی دەستپێکرنی ئەم پڕۆژەیە ژیان بە ژینگە و مرۆڤ ناگەیەنێت، یاسا تەنها پێوەر نییە بۆ ڕێگەدان بە پڕۆژەکان و مۆڵەت پێدانی تەختکردنی شاخێک و لەناوبردنی سروشتێک.

 

وتیشی: هەبوونی ئەم ئەم جۆرە پڕۆژانە دەبێتە هۆکاری دووبارە قڕکردنی کورد بە شێوازی دیکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەستێت بەم قڕکردنەو دەستی باڵای هەیە تێیدا، بۆیە تەنها یاسا ناتوانێت ئەم کارە بکات هاوڵاتیان دەبێت کاردانەوەی تەواوەتیان هەبێت.

 

هەڵوێست عەبدوڵا، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە لایەن ڕێکخراوی ئازادبوونەوە هەموو ژینگەدۆست و ئازادیخواز لەڕێگەی بانگەوازێکەوە ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک، هەبوونی ئەو گروپە و ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆ دروست کردنی تیمێکی ژینگەپارێزیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ژینگەی کوردستان دەبێتەوە، پێویستە ئێمەی ژینگەدۆست لە ئۆفیسەکان بێینە دەرەوە و بۆ مەیدان و هەوڵ بدەین تا چیتر ژینگەمان وێران نەکرێت.