گۆڕانی کەشوهەوا لاوازی ژنان توندتر دەکات و هێزەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ شەپۆلی گەرمادا زیاد دەکات
لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپتربوونی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لاوازی ژنان لە زیادبووندایە، بەتایبەت ئەوانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن، لەنێو کاریگەرییە تەندروستی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە پێویستی بە گونجاندن هەیە.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس – لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما سەرەڕای هاتنی پاییز، نیشاندەری ڕوون بۆ بەرزبوونەوەی توندڕەوییەکانی کەشوهەوا سەرهەڵدەدەن، ژنان بە زۆرترین کاریگەری و لاوازترین گروپ دادەنرێت، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابوورییەوە، بەهۆی ئەم بەرزبوونەوەی بەردەوامەی پلەکانی گەرما.
لەو چوارچێوەیەدا، دەلیلە عەمار، شارەزای گۆڕانی کەشوهەوا و وزە بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاندووە، وزە زیاتر لە ٧٠٪ی دەردانی گازی گەرمخانەیی پێکدەهێنێت کە زیان بە چینی ئۆزۆن دەگەیەنێت و تا زیاتر وزە بەکاربهێنرێت، چینی ئۆزۆن زیاتر زیانی پێدەگات، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا داتامان هەبوو کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٧٠٠ و ١٨٠٠، کاتێک دەستمانکرد بە چاودێریکردنی پلەی گەرمی و بڕی کاربۆن لەسەر هەسارەکەمان، لەو ماوەیەدا هەڵاوسانی پلەی گەرمی لە سنوورێکی قبوڵکراودا بوو، سروشت دەکرا بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ەوە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرزبوونەتەوە بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی وزەمان لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە.
ڕوونیشیکردەوە، هەموو کۆمەڵگەکان شایەتی گۆڕانکاری بەرچاو بوون، ئەمەش وایکردووە چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی توێژینەوە لەسەر سەرچاوەکانی دەردانی کاربۆن ئەنجامبدەن، ئەم توێژینەوەیانە دەریانخستووە کە نزیکەی ٧٠٪ی دەردانی کاربۆن دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی وزە، هەروەها گازە گەرمخانەییەکان بەهۆی چالاکییە پیشەسازییە جیاوازەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن.
لەم چوارچێوەیەدا، چەندین پەیماننامە و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەم دەردانانە ئەنجامدراون، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەنجامی بەکارهێنانی ماددەی ساردکەرەوەدا دروست دەبن، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە بەرچاوەکانیان لەسەر گەرمبوونی جیهان.
دەلیلە عەمار پێی وایە وەرگرتنی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە، وەک وزەی خۆر کە لە سەرچاوە سروشتییەکانەوە وەرگیراوە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەسارەکە دەبێت، بەتایبەتی چینی ئۆزۆن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی توندی گەرما و کاریگەرییەکانی، بەتایبەتی لەسەر دانیشتوانی لاواز، ئەو ژنانەی کە لە هەموو کەرتەکانی پەیوەست بە کشتوکاڵ و زەویدا کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی کرێکار، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا، لەبری ئەوەی یەک کاتژمێر لەژێر خۆری سووتێنەردا کاربکەن، دوو کاتژمێر بۆ منداڵ و خێزانەکانیان کاردەکەن، ئەوان قورسایی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و تووشبوون بە جەڵتەی گەرما و تەنانەت مردنیشیان لە ئەستۆ دەگرن، وەک لە حاڵەتی ئەو ژنانەدا دەبینرێت کە لە هاویندا لە ماڵە تەندروستییەکان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا بێ سنوورن و هەر جۆرە دەردانی گازی گەرمخانەیی کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو نەتەوەیەک هەوڵەکانی بەو ئاراستەیە بدات.
گەرما و ڕەگەز
دەلیلە عەمار ڕوونیشیکردەوە، کارەکەش تیشکی خستۆتە سەر لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ڕەگەز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژنان سەر بە گروپە کۆمەڵایەتییە لاوازەکانن، هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن، بەدەست داهاتی سنووردار و ناجێگیرەوە دەناڵێنن.
جەختی لەوە کردەوە، کە کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین هەستی پێدەکرێت لەلایەن ئەم گروپەوە، لەڕێگەی کاریگەرییەکانی لەسەر سروشتی چالاکیی کشتوکاڵی و کوالیتی بەرهەم و قازانج، هەروەها دابەزینی هەناردەکردن بەهۆی کەمبوونەوەی کوالیتی، ئەم هۆکارانە بەیەکەوە بەشدارن لە کەمبوونەوەی هەلی کار و لاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو ژنانە خراپتر دەکەن کە لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن.
سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی ژنان لە گەرمای زۆردا باس لەوە دەکات کە ژنان زۆر بەرگە دەگرن و خۆڕاگر دەبن لەکاتێکدا لەژێر خۆری سووتێنەردا کاردەکەن، هەر بۆیە پێویستیان بە ڕێنمایی و پاڵپشتی و هۆشیاری هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی خۆیان لە گەرمای خۆر، وتی: ژنان پێویستیان بە ڕێنمایی هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی تەندروستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەرما و چۆنیەتی جوڵەکردن و چۆنیەتی ڕێکخستنی کاتەکانی کارکردنیان بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا بگونجێت.
سەبارەت بە ژنان، ڕوونیکردەوە، کە پشتگیری و هۆشیاری و بەرنامەی ڕاهێنان هەیە، جگە لە چەندین وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان کە بە پشتیوانی بەخشەرە جیاوازەکان ڕێکخراون، ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا ئامادەن، چ لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەڕێوبەرایەتی، یان لەناو ماڵدا، هەر بۆیەش کاریگەری گۆڕانی ژینگەیی و کەشوهەوایان لەسەرە.
دەلیلە عەمار جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان وەک سەرۆکی ماڵەکان و ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵان، ڕاستەوخۆ هەست بە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکاریانە دەکەن و کاریگەرییان لەسەرە وتی: کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ و گۆڕانکاری لە هەندێک لە ڕەفتار و شێوازی ژیانمان هەیە، داوای ئەقڵانیکردنی بەکارهێنانی کارەبا و ئاو، گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا بۆ دڵنیابوون لە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی لەناو ماڵدا بە کەمترین تێچوو و بە کەمترین بەکارهێنانی وزە.