ئارایشتگاکانی ئەفغانستان بە کارکردنی نهێنی بەرەنگاری سنووردارکردنەکانی تاڵیبان دەبنەوە

قەدەغەکردنی ئارایشتگاکان لە ئەفغانستان، کرێکارانی بواری ئارایشتگای ناچار کردووە بە نهێنی کار بکەن، بەڵام هەندێکیان هێشتا بەرەنگاری ئەو سنووردارکردنانە دەبنەوە کە تاڵیبان دەیانسەپێنێت.

بەهاران لەهیب

 

بامیان ـ ژنان لە ئەفغانستان پەنایان بردووەتە بەر پیشەی جیاواز بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و بەردەوامبوون لە ژیانیان، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی تاڵیبان بە دەسەڵات، رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی جیاواز بوونەوە.

 

ژنانی ئەفغانستان بە گاڵتەوە وتیان: تاڵیبان تەنها دەیەوێت ئێمە سواڵ بکەین؛ بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵە بچووکەکانمان لە کەناری ڕێگاکان بوەستین و پارە وەربگرین، ئەگەر بیانەوێت دەمانگرن و چەند کاتژمێر و ڕۆژێک لە زیندانەکانی خۆیاندا دەمانهێڵنەوە، ئەوەش تاکە بێڕێزییە کە ڕێگەمان پێدەدەن بەرگەی بگرین.

 

لەناو ئەو پیشە بڵاوانەی کە لە ئەفغانستاندا هەن و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گەشەیان کردووە، پیشەی ئارایشتگایە، کە پیشەیەکە پێویستی بە خوێندنێکی باڵا نییە و بە گشتی ژنان لە یەکتر فێری دەبن، پێش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئارایشتگاکان داهاتێکی باشتریان بەدەستدەهێنان، چونکە ژنان کڕیارە سەرەکییەکانیان بوون، لەگەڵ لەدەستدانی کاری زۆرێک لە ژنان، گەشەسەندنی کارەکانی ئارایشتگا پاشەکشەی کرد.

 

لە سەرەتادا، کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست، هەنگاو بە هەنگاو دەستی کرد بە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ سنووردارکردنی چالاکیی ژنان، دوای چەند مانگێک، فەرمان درا بە هەموو ئارایشتگاکانی ژنان کە ئەو وێنەیانەی لە ناو و دەرەوەی شوێنەکانیان هەڵواسرابوون لاببەن، لەو ئارایشتگایانەی کە ئەوەیان جێبەجێ نەکرد، ئەندامانی تاڵیبان وێنەکانیان بە بۆیەی سپی داپۆشی.

 

دوای ماوەیەک، تاڵیبان ڕایگەیاند کە ئیتر ڕێگە بە ئارایشتگاکانی ژنان نادرێت بە چالاکییەکانیان بەردەوام بن، ژنان ناچار بوون ئامرازەکانی کارکردنیان بگوازنەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام تەنانەت لەوێشدا لە پارێزراویدا نەبوون، بووکەکان و کارمەندان دەستدرێژیان کرابوونە سەر و لە هەندێک حاڵەتدا رووبەڕووی زیندانیکردن دەبوونەوە.

 

هەروەها بۆ ناسینەوەی ئارایشتگای ماڵان، ژنانیش لە شەقامێکەوە بۆ شەقامێکی تر دەنێردران بۆ پشکنین کە ئایا ئارایشتگایەک لە ماڵێکدا نییە، لە کاتی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بوونی ئەم جۆرە ئارایشتگانە، ڕێوشوێن دەگیرایە بەر بۆ دەستگیرکردنی ئەو ژنانەی تێیدا کار دەکەن.

جەمیلە کازمی لە بامەیان سەبارەت بە کارەکەی و ئەزموونی خۆی وتی: نۆ ساڵە ئارایشتگام هەیە، حەزم لەم کارە بوو، پڕۆژەیەکی زۆر باش بوو، چەندین ساڵ کارم کرد، دوای ئەوەی تاڵیبان هات، ئارایشتگاکەیان داخست، ڕێگەیان نەدا کار بکەین، وتی: لەم ماوەیەدا، ژمارەیەک ژنانی گەنجم لە بامەیان ڕاهێنا، پێش ئەوەش لەسەر دەستی من چەندین ڕاهێنراو لە هەرات دەرچوون، زۆرێک لە ڕاهێنراوان هاتنە لای من و ڕاهێنانیان وەرگرت، بەڵام کار ناکەن، هەندێکیان بەرەنگاریان کردەوە بە دیسانەوە کردنەوەی ئارایشتگاکان و بەردەوامبوون لە چالاکییەکانیان.

 

جەمیلە کازمی ڕوونیکردەوە، کە مۆڵەتی کارکردنی نییە، لەو کاتەوەی ئارایشتگاکەی داخرا، دەستی کرد بە کارکردن بە شێوەیەکی نایاسایی، هەروەها لە بواری دروومەندیدا کار دەکات.

 

سەبارەت بە ڕەفتاری تاڵیبان لەگەڵیدا، بەتایبەت ئەندامانی فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە وتی: چەندین جار هاتن و زۆر تووڕە بوون، دوو جار دەستگیریان کردم و گوتیان نابێت بەردەوامبین لەم کارە؛ بەڵام ئێمە گوێمان نەدا بە قسەکانیان و بەردەوام دەبین لەکارەکەمان.

 

وتیشی: دەڵێن ئەم کارە ناشەرعی و نایاساییە و نائیسلامییە، ئەم کارە مەکەن بە تایبەت لە بازاڕەکاندا، بچن بۆ ماڵی ژنان و لەوێ جوانیان بکەن. کاتێک ژنێک ژنێکی تر جوان دەکات، هەمووان سەیری دەکەن، تۆش بەشداری گوناهەکە دەکەیت، هەندێک جار بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە زیان بە دارایی خەڵک دەگەیەنین، دەڵێن جوانکاری دەکەیت و پارەیەکی زۆر دەبەیت، تێچوونەکان بەرز دەبنەوە و ئەمەش دەبێت کۆتایی بێت، ئەم کارە نابێت لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بوونی هەبێت.

 

سەرنجی ڕکێشا بۆ ئەوەی کە بارودۆخی کارکردنی ئارایشتگاکانی تر، بەتایبەت ڕاهێنراوەکانی سەختە وتی: پێش دەسەڵاتی تاڵیبان، سێ لە ڕاهێنراوەکانم خاوەن ئارایشتگا بوون و تێیدا کاریان دەکرد، کار و چالاکییان دەکرد، ڕازی بوون لە کارەکەیان، ئێستاش کاتێک کار دەکەن، هەمان ڕێباز پەیڕەو دەکەن کە من پەیڕەوی دەکەم، لە دروومەندیداشدا کار دەکەن، و لە تەنیشتیشەوە بەردەوامن لە کارکردن لە بواری ئارایشتگادا، لە کۆتایی قسەکانیدا، جەمیلە کازمی پەیامێکی ئاراستەی ژنان کرد و وتی: دەبێت ژنان بە کارەکەیان بەردەوام بن، و با ببینین لە کۆتاییدا چی روودەدات.