"ع الشط"... هند خەزرت ژیان بۆ کەنار دەریاکەی غەززە لەناو پاشماوەی جەنگدا دەگەڕێنێتەوە
لەناو پاشماوەی جەنگ و چادری ئاوارەکاندا، هند خەزری هەوڵ دەدات هەندێک لە سیمای ژیان لەسەر کەنار دەریاکەی غەززە بگەڕێنێتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی قاوەخانەی "ع الشط"ـەوە (لە کەنار دەریا) کە بە کەرەستەی دووبارە پاشەکەوتکراو و لەژێر داروپەردوودا دۆزراوەدا دروستیکرد.
ڕەفیف ئیسلیم
فەڵەستین ـ دوای سێ ساڵ لەو جەنگەی کە سیمای کەرتی غەززەی لە فەڵەستین گۆڕی و بەشێکی بەرفراوانی کەناراوەکەی ویران کرد، ژیان هەوڵ دەدەن لەناو داروپەردوودا مەیدانی بچووک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، لەسەر کەنار دەریا، کە تێیدا چادری ئاوارەکان تێکەڵ بە شوێنەوارەکانی داروپەردوودا بوون، ژنێکیلی گەنجی فەڵەستینی بڕیار دەدات پڕۆژەیەکی خاوەن بیرۆکەیەکی جیاواز دەست پێ بکات.
هند خەزری بە کەرەستەی ساکارو دۆستی ژینگە، قاوەخانەیەکی لەسەر کەنار دەریای غەززە کردەوە و لە دروستکردنەکەیدا سوودی لەو کەرەستانە وەرگرت کە دووبارە پاشەکەوت کراونەتەوە یان لەناو داروپەردوودا دەرهێنراون، لای ئەو، ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها شوێنێکە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، بەڵکو هەوڵێکی بچووکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوچەی کەنار دەریا و دروستکردنی شوێنێک کە خەڵک تێیدا کۆببنەوە، تەنانەت بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت، لە ڕاستیی جەنگ و کاریگەرییەکانی دوور بکەونەوە.
هند خەزری ئاماژەی بەوەشکرد، کە دوای هێرشە سێ ساڵییەکە و وێرانبوونی تەواوی کەناراوەکە لە درێژایی شەقامی ڕەشید، بە چێشتخانە و قاوەخانەکانیشەوە، ئەو و زۆرێک لە ژنان شوێنێکیان نەدۆزیوەتەوە بۆی بگەڕێنەوە لە وەرزی هاویندا و کاتێکی تێدا بەسەر ببەن بۆ پشوودان و پاککردنەوەی دەروونیان لەسەر کەنار دەریا، ئەوەش وای لێ کرد بیر لە دروستکردنی ئەو قاوەخانەیە بکاتەوە و ناوی لێ بنێت "ع الشط"ـەوە (لە کەنار دەریا) کە لە سروشتی شوێنەکەی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە.
هند خەزری سڵیی نەکردەوە لەوەی لە سەرەتایەکی نوێوە دەستپێبکات، پێیوابوو کە ژیان لە شارێکی داروپەردوودا، کە هێشتا ڕووبەڕووی بۆردومان دەبێتەوە، خۆی لە خۆیدا سەرکێشییە، خستنەگەڕی بەشێک لە سامانەکەی لە پڕۆژەیەکدا کە سودی بۆ خەڵک هەیە، شایەنی ئەزمونکردنە.
جەختی لەوە کردەوە، کە پڕۆژەی"ع الشط"ـەوە (لە کەنار دەریا) لای ئەو شێوازێکی تایبەتە لە ئاوەدانکردنەوە، بە شێوازێکی جیاواز لەوەی باوە، تەنانەت هەڵبژاردنی شوێنەکەش کە بە دەورەی نابلسی ناسراوە، بە وردی بیری لێ کرابووەوە، چونکە پێشتر لانکەی بۆردومانی ئیسرائیل بوو و شاهیدی چەندین کۆمەڵکوژی بوو لە کاتی جەنگدا، پێش ئەوەی ئەمڕۆ ببێتە شوێنێک کە بە ژیان و خۆشی لێوانلێو بووەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پڕۆژەکەی ڕەچاوەی لایەنی ژینگەیی دەکات، چونکە دارە بەکارهاتووەکانی سندوقی هاوکاری مرۆیی بەکار هێنراون و دووبارە پاشەکەوت کراونەتەوە، لە کاتێکدا قەدی دارخورما لە شارۆچکەی دیر بەلح و خان یونس هێنراون بۆ دروستکردنی کەپرەکان، سەبارەت بە ئاسنیش، لەناو داروپەردووی ئەو ماڵانەدا دەرهێنراوە کە بۆردومان کراون، ئەوەش بۆ ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە زۆربەی پێکهاتەکانی شوێنەکە لەو کەرەستانە دابین کراون کە لە کەرتی غەززەدا بەردەست بوون، بەدەر لەو مێز و کورسییە پلاستیکیانەی کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لەم دواییانەدا ڕێگەیان بە چوونەژوورەوەیان دا.
ڕوونیکردەوە، کە ئامادەکردنی پڕۆژەکە تێچوویەکی زۆری هەبوو، بەڵام هیچ هەڵبژاردنێکی تر نەبوو بۆ دەستپێکردن، لە سایەی ئەو بارودۆخە سەختەی کە کەرتەکە تێیدا دەژی.
پڕۆژەیەک دەرفەت بە ژنان دەدات لە ڕاستیە تاڵەکە دوور بکەنەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمڕۆ کەنار دەریا پڕە لە چادری ئاوارەکان وتی: ناتوانین لەو ڕاستییە هەڵبێین کە سێ ساڵی لە تەمەنمانی دزی، هەر لێرەشەوە بیرۆکەی قاوەخانەی "ع الشط"ـەوە (لە کەنار دەریا) سەری هەڵدا، بۆ دابینکردنی شوێنێک کە دەرفەت بە خەڵکی شارەکە بدات، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، لەو ڕاستیە تاڵەکەی کە تێیدا ژیاون دوور بکەنەوە و ساتێک لە ئارامی و دابڕان لە کاریگەرییەکانی جەنگ بەدەست بهێنن.
سەرەڕای ئەوەی چادری ئاوارەکان شوێنەکەیان دەورە داوە و هەوڵ دەدەن ئامادەیی خۆیان بەسەر دیمەنەکەدا بسەپێنن، بەڵام قاوەخانەکە بووە شوێنێکی خۆشەویست بۆ سەردانکەرانی، بووەتە مۆڵگەیەک کە خێزان و هاوڕێکان کۆ دەکاتەوە، هەروەها ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن کە بۆ یەکەم جارە لە دەستپێکی جەنگەوە دێنە سەر دەریا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی شتێک لە ژیانی ئاسایی کە لێی بێبەش کرابوون.
قاوەخانەی "ع الشط"ـەوە (لە کەنار دەریا) پێشوازی لە هەر کەسێک دەکات کە دەیەوێت کارەکەی لەسەر کەنار دەریا تەواو بکات، جەختی لەوە کردەوە، کە شوێنەکە بۆ هەمووان کراوەیە و خۆشحاڵە بەو سەردانانە، وتی: ئەوەی زۆرترین هەستی خۆشحاڵی پێ دەبەخشێت، بینینی ئەو منداڵانەیە کە یاری دەکەن و بە دەفرە کاغەزەکان کات بەسەر دەبەن.
ئاستەنگ و دژوارییەکان
سەبارەت بەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەموو وردەکارییەکی پڕۆژەکە ئاستەنگ بوو، لە گواستنەوە و دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ دروستکردنی کورسی دارینەوە دەست پێ دەکات، تاوەکو دەگاتە گەیاندنی ئاوی شیرین بۆ شوێنەکە، بێجگە لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی کەرەستەی خاو و خواردنەوە ساردەکان.
دەگێڕێتەوە کە یەکێک لە ڕزگارکەرەکانی سەر کەنار دەریا پێی وت: کاتێک بۆ یەکەم جار بینیمان، پێشبنیمان نەکرد پڕۆژەکەت بەردەوام بێت بەهۆی ئەم هەموو سەختییەوە، بەڵام کاتێک بەردەوام بوویت، نەک هەر سەرکەوتوو بوویت، بەڵکو گیانت بە شوێنەکەدا کردەوە.
ئەمڕۆ هند خەزری پێویستی بە پەرەپێدانی پڕۆژەکەی هەیە، بەتایبەت لە سایەی ڕووی لە زیادبوونی سەردانکەران و گەشتیاران، لە کاتێکدا توانای دارایی ئەو لە سنووری قۆناغی کردنەوەدا وەستاوە، بۆیە لە ئێستادا هەوڵ دەدات پڕۆژەکەی بە شێوازێکی پلەبەندی فراوانتر بکات لە ڕێگەی دووبارە خستنەگەڕی قازانجەکانییەوە، پرسیار دەکات کە هۆکاری ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی کەپرەکان چییە بۆ ناو کەرتەکە وتی: بیانووی چییە کە هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنەژوورەوەیان دەکەن؟
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پڕۆژەکە لە ئێستادا دەرفەتی کار بۆ ١٠ کرێکار دابین دەکات، ئەمەش واتی ئەوەیە کە ئەو بەرپرسیارە لە کردنەوەی دەرگای بژێوی بۆ ١٠ ماڵ، هیواخوازە ئەم ژمارەیە لە ماوەی داهاتوودا بەرزبێتەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە بەخشینی هیوا بە خەڵک، وەک چۆن غەززە هەمیشە هیوای پێبەخشیوە، وتی: شارەکە شایەنی ئەوەیە کات و هەوڵی خۆمانی بدەینێ.