توندوتیژی سێکسی هەڕەشە لە تەندروستی دەروونی منداڵان لە سودان دەکات
لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان لە سودان، نیگەرانییەکان سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان و ئەو کاریگەرییە دەروونی، کۆمەڵایەتی و تەندروستییە مەودا درێژانەی لێی دەکەوێتەوە ڕوو لە زیادبووندایە.
ئایە ئیبراهیم
سودان ـ ململانێ لە سودان بە یەکێک لە قەیرانە مرۆییەکان بۆ سەر منداڵان دادەنرێت، چونکە کاریگەرییەکانی تەنها لە دەستدانی ئارامی و جێگیربووندا نەماوەتەوە، بەڵکو درێژبووەوە بۆ پەروەردە، تەندروستی، خۆراک و پاراستن، هەروەها منداڵان بوونەتە ئامانجێکی زیاتر بۆ کوژران، برینداربوون، پێشێلکاری و ئازاردان وەک ئەنجامێک بۆ ڕووخانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزارەتی گەشەپێدانی مرۆیی و چاودێری کۆمەڵایەتی لە سودان ڕایگەیاند کە (٢٢٤) حاڵەتی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان بەڵگەکراون لە کاتی هەڵگیرسانی ململانێکە لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٣وە، بە جۆرێک کە حاڵەتەکان (٥) منداڵی کچی تەمەن نێوان ٦ بۆ ١٤ ساڵانی تێدا بووە کە تووشی دەستدرێژی بوونەتەوە و بووەتە هۆی برینداربوون و شێواندن و پێویستیان بە دەستوەردانی نەشتەرگەری فرەجۆر هەبووە.
ئازهار ئیبراهیم، پرۆفیسۆری دەروونی دەبینێت کە (٢٢٤) حاڵەتی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان نیشانەیەکە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی ڕەگەزی، جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەیەک منداڵ هەن کە تووشی پێشێلکاری سێکسی و زۆرێک لە شێوازەکانی توندوتیژی ڕەگەزی بوونەتەوە، هەروەها توندوتیژی سێکسی چەندین کاریگەری هەیە کە لە مەودای دوور و نزیکدا لە شێوازەکانی تردی توندوتیژی جیاوازن.
سەبارەت بە کاریگەرییە دەروونییەکانی سەر منداڵان دوای تووشبوونیان بە پرۆسەکانی توندوتیژی سێکسی، وتی: ئەمانە بریتیین لە شۆک، گۆشەگیری و زۆر نەخۆشی دەروونی کە لەنێو منداڵاندا دەردەکەون، هەروەها ئەو نەخۆشییانەی منداڵان لەدوای ململانێکە تووشی دەبن بە ڕێژەیەکی گەورە بەرزبووەتەوە و ڕێژەی ٨٠٪ی پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە، بەتایبەت کە منداڵان شکانەوەدارترین چینن.
دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و جێگیر بۆ پاراستنی منداڵان
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە پێویستی ناردنی ئەو منداڵانەی تووشی هەر حاڵەتێکی توندوتیژی یان دەستدرێژی سێکسی بوونە بۆ لایەنە دەروونی و پزیشکییە تایبەتمەندەکان، بۆ دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی پشتگیری و چاودێری پێویست، کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە دەروونییانەی کە لە ئەنجامی ئەم ئەزمووانەوە دروست دەبن، چ لە مەودای نزیکدا یان دووردا، لەوانە ترس، شۆکی دەروونی و لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون و بە کەسانی تر، بەرپرسیارێتی پاراستنیان لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە ئەستۆی خێزانەکانیانەوە.
پەشیمانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر پەسەندنەکردنی هەندێک لە خێزانەکان بۆ بەڵگەکردنی ئەم حاڵەتانە و ناردنیان بۆ لایەنە بەرپرسەکان، ئەو شتەی کە سنووردار دەکات بۆ توانای زانینی دۆخی منداڵان و دابینکردنی پشتگیری و پاراستنی پێویست بۆیان، بەتایبەت لە سایەی زۆرتربوونی قەبارەی پێویستییە مرۆیی و دەروونییەکان.
سەبارەت بە باوترین تێکچوونە دەروونییەکان لەلای ئەو منداڵانەی کە تووشی توندوتیژی سێکسی بوونە، ئازهار ئیبراهیم ڕوونیکردەوە، کە دیارترینیان بریتین لە خەمۆکی، گۆشەگیری و دڵەڕاوکێ، لەگەڵ هەندێک نیشانەی دەروونی کە پەیوەستن بە گەڕانەوە یان دووبارەبوونەوەی دیمەنە شۆکهێنەر و ترسناکەکان کە پێیدا تێپەڕیون، ژمارەیەک لە حاڵەتە دەروونییەکانی منداڵان مێژووەکەیان پەیوەستە بە تووشبوونیان بە توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی لە تەمەنێکی زوودا، ئەو شتەی کە کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی درێژخایەن بەجێدەهێڵێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ژینگەی دەوروبەر ڕۆژێکی گەورە دەبینێت لە باری دەروونی منداڵاندا، جەختکردنەوەی لەسەر پێویستی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و جێگیر کە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و پێویستییە دەروونییەکانیان بکات.
لەو چوارچێوەیەدا، ئازهار ئیبراهیم ڕوونیکردەوە، کە ڕەشنووسێک بەرزکراوەتەوە کە جەخت لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی جیاکردنەوەی خێزانەکان لە ناو ناوەندەکانی پەناگادا دەکاتەوە، هەروەها لەنێوان خێزانە میواندارەکانیشدا، بە جۆرێک کە مسۆگەری بڕێکی گەورەتر لە تایبەتمەندی بکات، و بەشداری دەکات لە دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و ئارام کە یارمەتی منداڵان بکات بۆ چاکبوونەوە و بەهێزکردنی دەروونیان.
ژمارەیەک لە خێزانەکان لە کۆمەڵگەی سودانیدا دەترسن لە قسەکردن دەربارەی تووشبوونی منداڵەکانیان بە حاڵەتەکانی توندوتیژی سێکسی لە ترس لە "ناوزڕاندن" و کاریگەری ئەوە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی منداڵان بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن کە ئەوە دەکرێت لە مەودای نزیک و دووردا کاریگەری لەسەر ژیانیان لەڕووی دەروونی و تەندروستییەوە هەبێت.