کارەکانی یارمەتیی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان؛ چیرۆکی پێنج ساڵەی ئێڤا سیفوک

ئێڤا سیفوک لەگەڵ ٣٠ی گەنجی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕەوەند، زیاتر لە پێنج ساڵە کاری خێرخوازی ئەنجام دەدەن و دەڵێت: ئەمە بەتەنها بەس نییە هەروەها حکومەتی کاتی دەبێت قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە چارەسەر بکات.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشڵۆ – لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی لە سووریا ڕوودەدەن، قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەبن. حکومەتە هەنووکەیییەکان بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە دەسەڵاتداریی خۆیانەوە، ململانێی خەڵک پشتگوێ دەخەن، بۆشاییە هەنووکەیییەکان پڕ ناکەنەوە و چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە نادۆزنەوە کە کۆمەڵگە دەناڵێنێت بە دەستیانەوە.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەردەوامبوونی شەڕ و کۆچکردن بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵ، قەیرانی قووڵی مرۆیی و ئابووریی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەم بارودۆخانەدا کە ئارامی و ئابووریی گشتی تێکداوە، هەڵوێستی سەرکەوتوو و ڕێکخستنبوونی ژنان بووە بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پاراستنی بوونی کۆمەڵایەتی و بەردەوامیدان بە ژیان.

 

کۆمەڵێک گەنجی کورد کە لە ڕەوەند و لە وڵاتن، بۆ ئەوەی یارمەتیی خێزانە کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بدەن و بە تەنیایان نەهێڵن، بتوانن دەرد و خەمیان هاوبەش بکەن، گروپێکیان بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان پێکهێناوە.

 

ئێڤا بەشێکە لەو گروپەی کە دامەزراوە، بە ڕووخساری ناسراوی لە کۆمەڵگە و پشتگیریکردنی بۆ خێزانەکان، لەلایەن کۆمەڵگەوە خۆشەویستە و کاریگەری ئەرێنی هەیە.

 

ئێڤا سیفوک لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژی جیهانی خێرخوازی کە هەموو ساڵێک لە ٥ی ئەیلوولدا یادی دەکرێتەوە قسەی کرد و باسی لە کارەکانی خۆی و بەرپرسیارێتی بەرپرسانی ئەو وڵاتە کرد.

 

یارمەتیی هەزاران خێزانی داوە

ئێڤا یەکەم هەنگاوی خۆی کە چۆن دەستی بە یارمەتیدانی خەڵکەکەی کرد و لەو کاتەدا خەڵک بە چ قۆناغێکدا تێدەپەڕین وتی: لە ساڵی ٢٠٢١ـدا و بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان و ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر خەڵکەکەمان، قەیرانی ئابووری و مرۆیی سەریان هەڵدا، لەو کاتەدا من وەک ژنێکی کورد، بە یارمەتیی دڵسۆزانی خەڵکەکەی خۆم لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی وڵات، بە پۆستێک لە پلاتفۆرمی فەیسبووک دەستم بە کارە مرۆییەکەم کرد، ئەو یارمەتییانەی کە دەهاتن، بەسەر خێزانەکاندا دابەشمان دەکردن، بەڵگەمان دەکردن و بەو شێوەیە تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆ هاتین.

 

هیواو باوەڕ زیاد دەکات

ئێڤا سەرەڕای پێدانی یارمەتیی مرۆیی کاتی، سوودەکانی کاری خێرخوازی بەم شێوەیە خستەڕوو: کاری مرۆیی هیوا و باوەڕ لەناو کۆمەڵگەدا زیاد دەکات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر دەکات و دەرفەتی کار و پەروەردە بەو کەسانە دەدات کە پێویستیان بە یارمەتییە.

 

جۆرەکانی ئەو یارمەتییانەی پێشکەش دەکرێن

ئێڤا باسی لەو یارمەتییانە کرد کە بەسەر خێزانەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دابەشی دەکات و سەرنجی خستە سەر ئەم خاڵە، وتی: زیاتر لە هەموو شتێک یارمەتیی نەخۆشەکان دەدەین بە دابینکردنی دەرمان، لە هەمان کاتدا پشتگیریی دەروونی بۆ ژنان و یارمەتیی پێویست بۆ قوتابییان پێشکەش دەکەین، بۆ خێزانە هەژارەکان خواردن لە مانگی ڕەمەزاندا ئامادە دەکەین و دابەشی دەکەین، ئێمە بۆ کۆچبرانیش هەمیشە لەناو جووڵەدا بووین، زۆرێک لە پێداویستییەکانیانمان بۆ دابین کردن، نەک تەنها ئەمانە، چەندین کاری باشی دیکەش دەکەین.

 

کاری مرۆیی چارەسەری خێرا پێشکەش دەکات بەڵام حکومەت دەبێت ڕیشەی کێشەکە هەڵکۆڵێت

ئێڤا ئەوەی خستەڕوو که‌ لەم سەردەمەدا زیادکردنی پڕۆژەکانی خێرخوازی و دەستپێشخەرییەکان بۆ کۆمەڵگە چارەسەر نییە و وتی: حکومەت دەبێت هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەژاری چارەسەر بکات، چونکە کاری خێرخوازی بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە حکومەت ناتوانێت چارەسەریان بکات، وتی: دەستپێشخەرییە مرۆییەکان و دەستگیرکردنی حکومەت هەردووکیان گرنگ و پێویستن، کاری مرۆیی یارمەتیی خێرا و دەستبەجێ پێشکەش دەکات بەڵام دەبێت حکومەت ڕیشەی کێشەی هەژاریی کۆمەڵایەتی لێکۆڵینەوەی لێ بکات و چارەسەری بکات، لەبەر ئەوە ئەوەی زۆرترین پێویستییە ئەوەیە کە کۆمەڵگە و حکومەت پێکەوە کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکەن.

 

”نەک تەنها پێویستیان بە سەبەتەی خواردن هەیە”

ئێڤا ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەهۆی هەژاری و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانەوە خێزانەکان تەنها پێویستیان بە سەبەتەی خواردن نییە و پێداویستییەکانیانی وتی: خێزانەکان تەنها پێویستیان بە خواردن، جلوبەرگ نییە، بە هێندەی ئەوە پێویستیان بە چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و دەرفەتی کار هەیە، بۆ ئەوەی ژنانی هەژار ژیانێکی سەربەرزانە بژین، پێویستیان بە پاراستن هەیە. بۆ ئەوەی ئەوان ڕێگەیەکی جیاواز و زیانبەخش هەڵنەبژێرن، حکومەت بەرپرسە لە دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کورد.

 

ژیانی سەربەرزانە

ئێڤا ڕوونیکردەوە، کە داواکاریی خەڵکی ڕۆژئاوا ژیانی سەربەرزانەیە لەسەر خاکی خۆیان و وتی: یارمەتی و پشتگیری و هاوکاریی پێکەوەیی بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا شتێکی نوێ نییە، بەڵام داواکارییان دوای ١٤ ساڵ لە شەڕ و کۆچکردن ئەوەیە کە ژیانی سەربەرزانە لەسەر خاکی خۆیان بژین، لەبەر ئەوە قەیرانی سیاسی کاریگەری لەسەر بازاڕە ئابووری و مرۆییەکان دروست دەکات، کاریگەریی زۆرترین جار لەسەر ژنان، منداڵان و خێزانەکان دادەنێت، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە حکومەت سەرنجی خۆی بخاتە سەر ئەم خاڵانە.

 

ئیوە بە تەنها نیین

ئێڤا ئەم پەیامەی ئاراستەی ژنان کرد و وتی: ئێوە بە تەنها نیین؛ ئێمە هەموومان پشتگیریی ئێوەین، چونکە ئێوە ژن، دایک، خوشک و هیوای ئەم وڵاتەن، هەرچەندە من بە تەنها ناتوانم ئەم بارە هەڵگرم بەڵام خێزان، دۆست، دڵسۆز و خۆشەویستان لە دەورووبەرم هەن کە دەتوانین بە یارمەتیی ئەوان کارە خۆشەکان بۆ وڵاتەکەمان بکەین.

 

ئێڤا و کارە خێرخوازییەکان: بەڵام چیرۆکەکە چییە؟

ئێڤا جەختی لەوە کردەوە، کە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر کاری بێپچڕاوەدا، ئەو لە ئێستا بە دواوە ناوەستێت و وتی: لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە متمانەی بە من هەیە، من ئەوەندە ساڵ نەوەستام و ئێستاش نانوه‌ستم، خۆم ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و هەژاری بوومەوە، لەبەر ئەوە بۆ ئەوەی کەسێکی تر ئەو دۆخە نەبینێت کە من تێیداژیاوم، دەستم بەم هەنگاوە کرد بۆ ئەوەی لە پاڵ هەموو ئەو کەسانەدا بم کە پێویستیان بە یارمەتییە.

 

ئامانج تەنها یارمەتییە

ئێڤا سەرنجی خستە سەر ئامانج و پلانی داهاتووی خۆی و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ئامانجی من ئەوە نییە ناو و دەنگم بڵاو ببێتەوە، تەنها دەمەوێت یارمەتیی هەموو خێزانێک بدەم. لە داهاتوودا، ئێمە لەسەر پێکهێنانی گروپێک کار دەکەین، ئەو گروپە یارمەتی خەڵکی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات، ئێستاش لە پرۆسەی پێدانی یارمەتییەکانداین.