سەرەڕای ڕێوشوێنەکانی تاڵیبان... ژنانی ئەفغانستان دەروازەیەک بۆ خۆیان دروست دەکەن

سەلما ڕەهیافت سەرەڕای ئەو سنوورانەی لەلایەن تاڵیبانەوە سەپێندراون لە ئەفغانستان، چێشتخانەیەکی لە شاری کابول کردۆتەوە و دەرفەتی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بتوانن پشتیوانی لە خۆیان و خێزانەکانیان بکەن و بژێوی ژیانیان بەدەستبهێنن.

بهاران لەهیب

 

کابول- ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی چەندین سنووردارکردن دەبنەوە کە لەلایەن تاڵیبانەوە سەپێندراون، ڕێگەیان پێنەدرا ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن، بەڵام ژنان ئەو سنوورانەیان وەرنەگرت کە بەسەریاندا سەپێندرابوو، بە دروستکردنی خولیکی نهێنی بۆ ژنان لە ماڵەوە و دەستپێکردنی وەبەرهێنانی بچووک، لەو ماوەیەدا بژێوی ژیانیان بەدەستهێنا هەروەها یارمەتیدانی ئەو ژنانە درا کە لە ماڵەوە دانیشتبوون بەبێ کار.

سەلما ڕەهیافت، خەڵکی کابول، چێشتخانەیەکی بچوکی لە گۆشەیەکی شاری کابول دامەزراند و ڕێگای بۆ ژنان کردەوە بۆ کارکردن، یارمەتیی دان بۆ ئەوەی پشتگیری خۆیان بکەن و لەگەل ١٠ ژنی دیکە لە چێشتخانەکەیدا دەستیان بە کارکرد، هەروەها ئەو شوێنێکی لە چێشتخانەکە دروستکردووە بۆ ئەوەی ژنان بە ئازادی لەگەڵ هاوڕێکانیان کۆببنەوە و پەرتووک بخوێننەوە لەو بەشەی کە بۆ خوێندنەوە دروستی کردووە.

 

"ویستم خزمەتی ژنان بکەم و بژێوی ژیانیان دابین بکەن"

سەلما لەو بارەیەوە وتی: سەرمایەیەکم هەبوو دەمویست خزمەتی ئەو ژنانە بکەم کە کارەکانیان لەدەستداوە، بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان بەدەستبهێنن و لەو زیندانە ڕزگاریان بێت کە تاڵیبان بۆ ژنان دروستی کردبوو بە سەپاندنی سنووردارکردنی جووڵەیان و ڕێگریکردن لەوەی بچنە دەرەوە و لە دەرەوەی ماڵەکانیان کار بکەن، چێشتخانەیەکم لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە شاری کابوڵ دامەزراند، هۆکاری ئەوەی تاڵیبان ڕێگەی پێداین چێشتخانەیەک بە ناوی خانمی ئەفغانی و لەژێر بەڕێوەبردنی ژناندا دروست بکەین ئەوەیە کە هەموو مانگێک باجمان لێ دەسەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جارێک پشکنەرانی وەزارەتی برەودان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە دەچن بۆ چێشتخانەکە و هەوڵ دەدەن ژنانی چێشتخانەکە شەرمەزار بکەن، وتیشی: ئەوەی پیاوەکانی تاڵیبان دەیکەن وامان لێ ناکات واز لە کارەکەمان بهێنم و لە ماڵەوە دانیشین، بەردەوام دەبین لە کارەکانمان.