هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە دەستیپێکرد

بە دروشمی "یەکبگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان؛ بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، پاراستنی ڕزگاربوان و کۆتاییهێنان بە بێ‌سزایی"، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵەبجە دەستیپێکرد.

هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەڵەبجە دەستیپێکرد

میهرەبان سەلام 

هەڵەبجە-بە دروشمی «یەک بگرن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان؛ بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری، پاراستنی ڕزگاربوان و کۆتاییهێنان بە بێ‌سزایی»، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆ ئەمساڵ لە هەڵەبجە دەستیپێکرد، ئەم هەڵمەتە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەڵەبجە، بە سەرپەرشتی پاریزگاری هەڵەبجە و بە هاوبەشی سەنتەری جینۆسایدی هەڵەبجە و ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، بە هەماهەنگی گروپی کاری هەڵەبجە، بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، چەندین چالاکی و کۆڕ و سیمینار لە دامەزراوە ئەکادیمی و پەروەردەیی و ناوەندە جیاوازەکانی شارەکە ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و گەنگەشەکردن لەسەر توندوتیژی دژی ژنان و کچان.

چالاکی جیاواز ئەنجام دەدرێن
گوڵستان محەمەد، ئەندامی گروپی کاری هەڵەبجە، لەبارەی بەرنامەکانی ئەم هەڵمەتەوە وتی: هەڵەبجە لەم ١٦ ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات. ئێمە بە هاوبەشی و هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی پەیوەندیدار کار دەکەین، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هاوڵاتیان سوودمەند بن. دەستپێکی چالاکییەکانمان لە سەرۆکایەتی زانکۆ بووە و بابەتی جۆراوجۆر، بە تایبەتی دۆخی ژنان لە هەڵەبجە و خورماڵ، لەگەڵ خوێندکاران و ناوەندەکانی خوێندن تاوتوێ دەکەین. هەروەها لە ئاستی شار و دامەزراوەکانیش گەنگەشە لەسەر بیر و باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین.
ئاماژەی بەوەکرد، کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها تایبەت بەو ماوەیە نییە، بەڵکو بە درێژایی ساڵ لە ڕێگەی بنکەکان و قوتابخانەکانەوە بەردەوامن لە کارکردن، ئەم ١٦ ڕۆژە دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە ئیدارییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی زیاتر پەنجە بخەنە سەر کێشە و برینە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵی چارەسەریان بدەن.
سەبارەت بە ئەنجامی هەوڵەکانیان، گوڵستان محەمەد وتی: زیادبوونی پەیوەندی هاوڵاتیان و ژنان بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان، یەکێکە لە نیشانە گرنگەکانی زیادبوونی هۆشیاری و متمانەی کۆمەڵگە. هەروەها جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی چالاکییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن تا گەیشتن بە ئەنجامی ئەرێنی.
لە ئاستی سنووری پاریزگای هەڵەبجەش، بە پێی زانیارییەکانی ڕاگەیەنراو، نزیکەی ٦٠ حاڵەتی توندوتیژی لە ڕێگەی پەیوەندی بە دامەزراوە حکومییەکان و پۆلیسەوە تۆمار کراون. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمیکردنەوەی تێدا بەدی دەکرێت.
 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.