سۆرگول شێخۆ
قامیشلۆ- ڕاگەیاندن یەکێکە لە بوارە سەرەکییەکان کە لە خەبات دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و گۆڕینی هۆشیاریی باوکسالاریدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.
سەوسەن عەلی، ڕۆژنامەنووس کە وەک کامێراوان کار دەکات و بەرنامە تایبەتەکانی ژنان و کۆمەڵگا ئامادە دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە لەم کارەدا زۆر بەربەست هەن و پێویستە خەباتێکی بەردەوام بکرێت بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ژنان.
لە ئامادەکردنی هەواڵەوە تا فیلمکردنی بەرنامەکان
سەوسەن عەلی، وتی وەک کامێراوانێک لە مەیداندا لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات و وتی: باسکردنی کەیس و کێشەکانی ژنان تەنها بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم نییە، دەبێت لە هەموو ڕۆژانی ساڵدا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ڕاگەیاندن بێت. لە ڕاگەیاندنی بینراوەوە تا ڕاگەیاندنی نووسراو، لە ئامادەکردنی هەواڵێکەوە تا فیلمکردنی دیمەن و دروستکردنی بەرنامە، هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی بەربەستی جیاواز دەبینەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە نەریتەکانی بەردەم ژنان کە بەربەست دروست دەکەن بگۆڕدرێن.
فشارەکان بەرامبەر ژنان
سەوسەن عەلی، باس لە ڕووداوێک کرد کە لە کاتی فیلمکردنی چیرۆکی ژنێکدا ڕووبەڕووی بووە و وتی: تەنانەت بە تێپەڕبوونی چوار-پێنج ساڵیش ناتوانم ئەو ڕووداوە لەبیر بکەم. ژنێک کە لە دیمەشق دەژیا، دوای مردنی دایکی، براکەی و ژنی براکەی دەیانویست بینێرنە ماڵی پیران. بەڵام ئەو ژنە ئەمەی قبووڵ نەدەکرد و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا کە خۆی لەم بارودۆخە ڕزگار بکات. لە کۆتاییدا هاتە ناوچەکانی ئێمە. براکەشی بەدوایدا هات بۆ ئەوەی بیبینێت و خێزانەکەی لە ڕەخنەی کۆمەڵگا بپارێزێت. کاتێک ئەم چیرۆکەم بیست، سەرسام بووم و گوتم: "ئایا هێشتا ئەم شتانە لە کۆمەڵگاکەماندا ڕوودەدەن؟" پێم وابوو ئەم جۆرە ڕووداوانە تەنها لە فیلم و تەلەڤیزیۆندا دەبینرێن، بەڵام نەمدەزانی لە ناو کۆمەڵگایەکدا کە ئێمە تێیدا دەژینیش هەن.
پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە تەمەنی بچووکدا زیاتر لە خوێندن پەسەند دەکرێت
سەوسەن عەلی، بەگوێرەی بەدواداچوونی کەیسەکانی ژنان و گەنجان، ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا زۆر خێزان کچەکانیان لە خوێندن دوور دەخەنەوە و لە مافی پەروەردە بێبەشیان دەکەن. سەوسەن عەلی، قسەکانی بەردەوام کرد و وتی: هەتا ئێستاش هەندێک خێزان کچەکانیان لە تەمەنی بچووکدا شوو دەکەن. بەشێک لە کۆمەڵگا شووکەکردن لە تەمەنی بچووکدا زیاتر لە خوێندن پەسەند دەکەن و دەڵێن لە کۆتاییدا کچەکە شوو دەکات. بەڵام ئەم شووکردنانە زۆرجار بە کێشە بەردەوام دەبن، چونکە ئەوان هێشتا منداڵن و نازانن ژیانی هاوسەرگیری چییە.
ژنان لە گێڕانەوەی بۆچوونەکانیان دەترسن
سەوسەن عەلی، ئاماژەی بە بەرنامەی «دەنگی شەقام» کرد کە هەفتانە بە بابەتێک ئامادە دەکرێت و باس لەو سەختییانەی کرد کە ژنان لە گێڕانەوەی بۆچوونەکانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە و وتی:
لە بەرنامەی دواخستندا، لە شەقامەکانی دەربەسییە بۆچوونی ژنانمان لەبارەی توندوتیژی زارەکی، ئەلیکترۆنی، جەستەیی و جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی وەرگرت. ژنێک بە باشی بۆچوونی خۆی دەربڕی، بەڵام دواتر داوای لە ئێمە کرد دیمەنەکانی بڵاو نەکرێنەوە. ژنەکە ڕوونی کردەوە کە دەیەوێت قسە بکات، بەڵام خێزانەکەی ڕێگەی پێ نادات و لە فشارەکانی هاوسەرەکەی دەترسێت. ئەمە نیشان دەدات هێشتا هەندێک ژن لە دەرکەوتن بەرامبەر کامێرا و گێڕانەوەی ئازار و کێشەکانیان ڕێگرییان لێ دەکرێت. هەمان ڕۆژ ڕووبەڕووی ژنێکی دیکە بووینەوە کە نانی تەنووری دروست دەکرد و بە بۆچوونەکانی ژنانی دیکەی هان دەدا بۆ ئەوەی بێدەنگ نەبن و بۆ مافەکانیان خەبات بکەن.
بارودۆخ لە ڕابردوو باشتر بووە
سەوسەن عەلی، ڕوونی کردەوە کە سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، ئەمڕۆ ژنان زیاتر دەیانەوێت بۆچوون و کێشەکانیان لەگەڵ رای گشتی هاوبەش بکەن و وتی:
لە بەرنامەی دەنگی شەقامدا ئێستا ژنان خۆیان پەیوەندیمان پێوە دەکەن و دەیانەوێت بۆچوونەکانیان بڵێن. ئەمە گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە. ئەمڕۆ ژنان خۆیان ڕوو لە ڕاگەیاندن دەکەن بۆ ئەوەی کێشە و کەیسەکانیان بگەنە رای گشتی. بێگومان ڕاگەیاندنی ژنان لەم بوارەدا ڕۆڵێکی تایبەتی هەیە.
لە دروستکردنی ڕۆژنامەی ژناندا کەممان کردووە
سەوسەن عەلی، ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت کەیس و داواکارییەکانی ژنان لە ڕۆژنامەی ڕاگەیاندندا شوێنی زیاتر بگرن و وتی:
دەبێت ڕۆژنامەی ژنان بەهێزتر دروست بکەین و وەڵامی داواکاری، کێشە و کەیسەکانیان بدەینەوە. خۆم بەرامبەر بەو ژنانەی هێشتا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و نەمانتوانیوە خۆمان بگەیەنینە ئەوان، بە بەرپرسیار دەزانم. تەنها ڕاگەیاندن نا، دەبێت دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنانیش سیمینار و ڕاهێنانەکانیان زیاد بکەن، بچنە ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند و خۆیان بگەیەننە ژنانێک کە چاوەڕێی پشتگیریین.
کامێرا و پێنووس ئامرازەکانی بەڵگەکردنی مێژووی ژنانن
سەوسەن عەلی، ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بەڵگەکردنی چیرۆکەکانی ژنان کرد و بەو وتانە قسەکانی کۆتایی پێهێنا:
کامێرا و پێنووس تەنها ئامرازی فیلمکردنی دیمەن یان نووسینی هەواڵ نین، ئەوان ئامرازی بەڵگەکردنی چیرۆکەکانی یاخیبوون و بەرخۆدانی ژنانن. هەر دیمەن و هەر بەرنامەیەک دەتوانێت بۆ ژنانی کۆمەڵگا ببێتە هۆی ئاگادارکردنەوە و پەروەردە. ژنانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرنامەکانمان دەبینن، بە ڕێگەی ئەم بەرنامانە دەتوانن لە مافەکانیان ئاگادار ببن، ڕێگا و شێوازەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان فێر ببن و هەست بکەن کە تەنها نین.




