خوێندکارێکی نابینا دەبێتە سێهەمی هەرێم ویەکەمی سنوری شارەزوور

سەناریا کەمال، خاوەن پێداویستی تایبەتە لە وەرگرتنەوەی ئەنجامەکانی کۆتای ساڵدا توانی کۆنمرەی ٩٨.١٦ بەدەستبهێنێت بەمەش بووە سێهەمی هەرێم ویەکەمی سنوری پەروەردەی قەزای سەیدسادق.

ئاسودە محەمەد

 

 شارەزوور- سەناریا کەمال خوێندکاری قۆناغی دوانزەی وێژەییە لە ئامادەی ئاسۆی کچان لەقەزای سەیدسادق لە دەڤەری شارەزوور، خاوەن پێداویستی تایبەتە و نابینایە لە وەرگرتنەوەی ئەنجامەکانی کۆتای ساڵدا توانی کۆنمرەی ٩٨.١٦ بەدەستبهێنێت بەمەش بووە سێهەمی هەرێم ویەکەمی سنوری پەروەردەی قەزای سەیدسادق.

سەناریا لە سه‌ر هەوڵ و کۆششەکانی باسی لەوە کرد کە لەدوای تەواوبوونی  قۆناغی یانزەوە دەستیکردووە بەهەوڵدان وکۆشش بۆقۆناغی دوانزە و دەڵێت: " قۆناغی دوانزە هەستیارە و بۆهەموو خوێندکارێک ترس ودڵەڕاوکێی هەیە چونکە بڕیاری لەسەر ئەو پیشەیە دەدات کە لە داهاتوودا دەیکەیت بەڵام پێویستە خوێنده‌کانت ئازایانە بەسەریدا زاڵبیت ودوای خەون وئامانجی خۆت بکەویت و ڕێگا نەدات هیچ شتێک ببێتە کۆسپ لە بەردەمی."

سەناریا ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قۆناغی دوانزەدا زۆر گرنگە خوێندکار پلان و ئامانجی هەبێت بۆئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت: " هەوڵدان و کۆشش کردن دەبێت پلانی بۆدابنرێت چونکە زۆرگرنگە پیشەی داهاتووت دیاری دەکات هەوڵ وماندووبوونی دەوێت، من ڕۆژانە حەڤدە کاتژمێر کۆششم کردووە لەڕێگەی تۆمارکەرێکی دەنگیەوە کەتەواوی وانەکانم بەدەنگ تێیدا تۆمارکراوە و زۆر یارمەتیدەر بوو لە گەیشتن بە سەرکەوتنەکانم."

سەناریا ماوەی هەشت ساڵە بەم ڕیکۆردەرە دەخوێنێت و پێشتریش لەڕێگەی کاسێتەوە وانەکانی دەخوێند، سەناریا  لەقۆناغی یەکەمەوە تا دوانزەهەم بەپلەی یەکەم دەرچووە و هەروەها دەڵێت: " پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش خۆم پێشبینی ئەنجامەکەم کردبوو و چونکە هەوڵی تەواویم بۆیدابوو و کۆششێکی باشم لە سەرجەم وانەکاندا کردبوو."

سەناریا وەک بەشێک لە ئامجەکانی باسی لەوە کرد کە دەیەوێت لە کۆلێژی زمانی ئینگلیزی درێژە بە خوێندن بدات، و دەڵێت: "  دەمەوێت لە کۆلێژی زمانی ئینگلیزی بخوێنم چونکە خۆمم لەو بوارەیا دۆزیوەتەوە و لەگەڵ ئەدەبیاتی ئینگلیزی گونجاوم و هەر کەسێکی تریش پێویستە خۆی بناسێت و ئامانجەکانی بدۆزێتەوە."

لە کۆتایشدا سەناریا باسی لەوە کرد کە خێزانەکان پێویستە پاڵپشتی کچەکانیان بکەن تا هونەر و بەهرەی خۆیان بدۆزنەوە و بتوانن ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن و خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، لە دیدی سەناریا نابینا بوونی زیاتر لەوەی بوبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیدا بووەتە پاڵنەری تا دەستکەوتی زیاتر بۆ ژیانی بەدەستبهێنێت، یارمەتیدەری بووە کە چواردەورەکەی بناسێت و تێڕامانی قوڵی بۆ ژیان هەبێت.