"هاجەرە خاتوون"، "سەرته‌پۆلە" یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی سنە

سەرته‌پۆلە یەکێکە لەناوچە مێژوویی و کۆنەکانی سنە، بەهۆی بوونی مەزارگەی هاجەرەخاتوونەوە ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و لە چەندین شوێنی جیاوازەوە سەردانی دەکەن، هاوكات بوونی بینا مێژووییەکانی وەک کۆشکی ئاسیف و موشیر دیوان، ناسنامەی مێژوویی ئەم گەڕەکە نیشان دەدات

هیما راد

 

سنە- سەرته‌پۆلە یەکێکە لە ناوچە کۆنەکانی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بازاڕی قوماش فرۆشان و مەزارگەی هاجەرە خاتوون لەخۆدەگرێت و لە ئێستادا بەشێکی زۆری لەناوچووە و بەشێکی دیکەی نۆژەن کراوەتەوە و کراوە بە شوقە، زۆربەی دانیشتوانی سنە کە لە سەرته‌پۆلە نیشتەجێ بوون گیانیان لەدەستداوە یان گەنجەکانی بەرەو ناوچەکانی دیکەی سنە کۆچیان کردووە.

مەزارگەی هاجەرە خاتوون لە سەرەتای سەرته‌پۆلەیە و لە پێشووتردا گۆڕەپانەکەی بەردەمی بە ماڵی زەفەر ئەلمولک ناوبراوە، خوشکی ئیمام ڕەزا بەناوی هاجەرە خاتوون لە گۆڕەکەدا بەخاک سپێردراوە.

 لە مێژووی مەردۆخیشدا بەهەمان جۆر ئاماژەی پێکراوە و باسکراوە، بەڵام نازانرێت کەی و لە چ ساڵێکدا خوشکی ئیمام ڕەزا هاتوەتە سنە و لەوێ بەخاک سپێردراوە، چونکە بۆشاییەکی زۆر لە نێوان ژیانی ئیمام ڕەزا و دروست کردنی شاری سنەدا هەیە.

کۆڵانەکانی گەرەکی هاجەرە خاتوون سیما و پێکهاتەیەکی کۆنیان هەیە و ژیانی ئەو کەسانە دەهێننەوە یاد کە لە شاری سنە هاتوون و ڕۆشتوون، ئەو سەردەمەی کە ڕۆحیەتی دراوسێیەتی مانایان هەبووە و هەمووان وەک یەک خێزانی گەورە پێکەوە ژیاون.

کاتێک کۆڵانەکان دەبینی، هەستێکی ئاشنایەتی لەناخی تەماشاکەرانی زیندوو دەبێتەوە، وەک ئەوەی ئەندامی ئەم گەڕەکە بێت بەڵام دیوێکی دیکەش دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت بەهۆی ئەو هەموو وێرانکاری و دیوارە کەوتووەکانەوە کە لە گەڕەکەکەدا دەبینرێت.

بەزەحمەت دەتوانرێت چەند کەسێک بدۆزرێتەوە کە ساڵانێکی زۆر لەم گەڕەکەدا ژیابێتن ڕەنگە کەمتر لە دە کەس هەبێت،  ژمارەیەکی زۆریان لە ژیاندا نەماون و هەندێکیشیان بێزارن لە قسەکردن لەسەر ڕابردوو.

بە وتەی ئەو کەسانەی دانیشتووی ئەو گەڕەکە بوون، سەرته‌پۆلە هەمان شتە لەگەڵ هاجەرە خاتوون و بازاڕی عەرەبی یان قوماش فرۆشەکان و بەهۆی بوونی مەزاری هاجەرە خاتوونەوە گەڕەکەکە بەو ناوەوە ناونراوە، مەزارگەیەک کە هی خوشکی ئیمام ڕەزایە و خەڵکی لە شارە جیاوازەکانەوە دێنە سەردانیکردنی، بە وتەی یەکێک لە پیرەکانی گەڕەکەکە بووەتە شوێنی نوسینی دوعا.

 


         


        

بەهۆی پێداویستییەکانی ژیانی ئەمڕۆ، زۆرێک لە خانووەکان کە نۆژەنکراونەتەوە یان کراون بە شوقە، هەندێکی دیکەش وێران و کۆن بوون، لە نێو ژنە بەتەمەنەکانی گەڕەکەکەدا، مەستۆرە یەکێکە لەو ژنانەیه‌ کە نەخۆشە و لە خانوویەکی چەند نهۆمیدا لەگەڵ منداڵەکانی تێیدا دەژین، زۆر شتی دەربارەی ڕابردووی لەبیر نییە و دەڵێت بەهۆی نەخۆشی زەهایمەرەوە شتەکانی بیر نامێنێت.

ژنانی تری گەڕەکەکە کە تەمەنێکی کەمتریان هەیە هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كۆكن كه‌ هاجەره‌ خاتوون خوشكی ئیمام ڕه‌زایه‌، به‌هۆی كۆچ و سه‌فه‌ره‌كانیانه‌وه‌ هاتوون بۆ ئێره‌ و  نه‌خۆش ده‌بێ و لەوێ گیانی له‌ده‌ستداوە، هه‌ر بۆیه‌ مه‌زارگه‌كه‌یان له‌ شاری سنه‌ دروست كردووه‌.

بازاڕی قوماش فرۆشەکانی گەڕەکی هاجەرە خاتوون بەناوبانگە و کارەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی سەرقاڵی فرۆشتنی قوماشە و هەروەها هەندێک دوکانی قوفڵ و کلیلیش هەیە کە لە دێر زەمانەوە لەم شوێنە بوون و لەبارەی هاجەرە خاتوون دەڵێن ئەم گەڕەکە سەد و پەنجا ساڵ پێش ئێستا هەبووە و زۆرێک لە دانیشتووانە دێرینەکەی لە ئێستادا لە ژیاندا نەماون.