کاتێک ژنێک دووجار دەکوژرێت... ناوزڕاندنی زیانبەرکەوتووان لە کایەی دیجیتاڵی لیبیا
ئازاردانی ژنان بە کوشتن کۆتایی نایەت؛ بەڵکو هەندێک جار دوای مردنیان، لە کایەی دیجیتاڵدا وێنە و زانیارییە کەسییەکانیان بڵاودەکرێنەوە و تۆمەت و چیرۆکی بێبەڵگە بڵاودەبنەوە و زیان بە ناوبانگیان دەگەیەنن.
عەزیزە حسێن
لیبیا - ئازارەکانی هەندێک لە ژنان بە مردنیان کۆتایی نایەت، چونکە ئەو ئازارانەی بەرگەی دەگرن ڕەنگە لە ڕێگەی ناوزڕاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی تایبەتییان و سزادان لەسەر بنەمای وێنە و ناوبانگیان بەردەوام بێت لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئاشکراکردنی ڕاستی ئەو ڕووداوە بێت.
دۆسیەی فاتمە تەباوی، چالاکوانی لئکۆڵینەوە و خۆبەخشی مانگی سووری لیبیا، بە ڕاپۆرتێک لەسەر دیارنەمانی دەستی پێکرد، دوای دوو ڕۆژ لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٦ لە شوقەیەک لە ناوچەشاری ماجوری لە بنغازی بە مردوویی دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بنغازی ڕایگەیاند، کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هۆکاری مردنەکەی بە پشتبەستن بە پشکنینی پزیشکی دادوەری و تاقیگەیی دیاری دەکرێت، هەروەها ئەگەری خنکاندن وروژێنرا، بەڵام هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە نەگەیشت، لەناو گێڕانەوەی ناکۆکدا، دامەزراوەی نیشتمانی مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەیەکی ڕوونی کرد بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی دەوروبەری دۆسیەکە.
بەڵام دۆسییەکە بە لێکۆڵینەوەکان کۆتایی نەهات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، لەوێ پۆست و کۆمێنتەکان سەبارەت بە ژیانی تایبەتی فاتمە و وێنە و ناوبانگی بوونە بابەتی بڕیاردانی کۆمەڵایەتی.
کێشەیەکی هاوشێوە لە دۆسیەی خەنسە موجاهید، دروستکەری ناوەڕۆکدا سەریهەڵدا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە ناوچەی سیراج لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاند، بەڵام پاڵنەرەکانی تاوانەکە و ئەنجامدەرانی لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکاندا تا مانگی شوباتی ٢٠٢٦ بە ناڕوونی ماونەتەوە، هەردوو حاڵەتەکە کێشەیەک ئاشکرا دەکەن کە لە خودی تاوانەکە زیاتر درێژدەبێتەوە، ئەویش کاتێک زیانبەرکەوتووەکە ژنە، ژیانی دیجیتاڵی و کەسی دەبێتە بابەتی لێکدانەوە و ناوزڕاندن، وێنە و ڕەفتاری ئەو لەبری ئەوەی مافی دادپەروەری و دەرکەوتنی ڕاستییەکان بن، دەبنە جێی باس و گفتوگۆ، ڕێزگرتن لە ژن بە مردنی کۆتایی نایەت، هەروەها مردنی نکۆڵی لە مافی کەرامەتی ناکات یان کۆمەڵگە لە بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوبانگ و یادەوەرییەکەی بێبەری ناکات.
کاتێک زیانبەرکەوتوو دەبێتە تۆمەتبار
سەلما مەسعوود، ڕۆژنامەنووس پێی وایە یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکانی هاوڕێی ژنکوژی، گۆڕانی کۆمەڵگەیە لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بۆ دادگاییکردنی زیانبەرکەوتووەکە، وتی: ڕەنگە پرسیارەکان لەبری ئەوەی سەرنج بخەنە سەر بەڵگە و ناسنامەی تاوانبارەکە و هەر نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، ڕوو لە ژیانی تایبەتی ژنەکە و پەیوەندییەکان و شێوازی ژیان و چالاکییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکەن.
ئەمەش دەبەستێتەوە بەو شتەی کە ناوی دەنێت چەمکی "زیانبەرکەوتووی ئایدیاڵ"، کە ژنێک هەندێکجار وەک شایستەی هاوسۆزی سەیر دەکرێت ئەگەر وێنەکەی لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی باودا بگونجێت، لەکاتێکدا هەر زانیارییەک یان دەنگۆیەک کە دژایەتی ئەو وێنەیە بکات دەتوانێت ببێتە بیانووی ناوزڕاندن.
جەختی لەوە کردەوە، کە ناکۆکی لەسەر ڕەفتار یان هەڵبژاردنەکانی ژن مافی دەستدرێژیکردنە سەری بە کەس نادات و دادپەروەری وەک پاداشتێک بۆ پابەندبوون بە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان نادرێت، بەڵکو وەک مافێکە کە پەیوەندی بە ڕەفتاری کەسییەوە نییە.
باسی لەوە کرد، کە ناوزڕاندنی دوای مردن دەتوانێت درێژکراوەی ئەو کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتییە بێت کە هەندێک لە ژنان لە ماوەی ژیانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام دوای مردن ڕەهەندێکی جیاواز وەردەگرێت، چونکە ژنەکە توانای وەڵامدانەوە یان بەرگری لە خۆی نەماوە، لە چوارچێوەی لیبیادا ئاماژە بە بوونی چەمکی "کەرامەت" لە هەندێک وتاری کۆمەڵایەتی و یاساییدا دەکات، بە پێویستی دەزانێت باس لە کاریگەرییەکانی ئەم چەمکە بکرێت لەسەر چارەسەرکردنی ژنکوژی.
کاتێک "کەرامەت" دەبێتە گێڕانەوەیەکی ئامادەکراو
دینا فەزانی، چالاکوانی ژنان پێی وایە ناوزڕاندنی ژنان دوای کوشتنیان گوزارشت لە دوو ستانداردی کۆمەڵگە دەکات، وتی: قووڵبوونەوە لە ژیانی تایبەتی ژن دەتوانێت ببێتە بەشێکی سەرەکی لە باسەکانی دەوروبەری تاوانەکە، لە کاتێکدا هەمان ڕەفتار هەمان سەرنجی نادرێت کاتێک پیاوێک دەگرێتەوە.
ڕوونیکردەوە، ڕەنگە ژنێک "بە حەق بێت یان بە هەڵە" ناوزڕاندن بکرێت، هەروەها بەکارهێنانی وردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی ژنەکە بۆ ڕوونکردنەوەی کوشتنەکەی دەتوانێت بەرپرسیارێتی لە تاوانبارەوە بگۆڕێت بۆ زیانبەرکەوتوو، هەروەها ئەمە دەبەستێتەوە بەو کاردانەوەی دەوری دەقە یاساییەکانی پەیوەست بە بەناو "تاوانەکانی شەرەف"ەوە، بەو پێیەی بوونی دەقەکان کە بارودۆخی کەمکردنەوە لە حاڵەتە تایبەتەکاندا دەبەخشن، پێویستی بە گفتوگۆیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە سەبارەت بە یەکدەنگییان لەگەڵ پاراستنی مافی ژیانی ژنان.
بنەماڵە باجی ناوزڕاندنەکە دەدات
بەهیجە ئەخزەر، دەروونناس پێی وایە، مردنی ژنێک ئەتوانێت ئەزموونێکی لەڕادەبەدەر بە ئازار بێت، بەڵام پەیوەستبوونی بە دەنگۆ و تۆمەتەکانەوە، دەتوانێت هەستی توڕەیی، بێدەسەڵاتی، دڵەڕاوکێ لە ناوبانگی مردووەکە و ترس لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی بۆ خەم و پەژارە زیاد بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەرکەوتنی دووبارە بە ناوەڕۆکی خراپەکاری دەتوانێت فشاری دەروونی زیاد بکات، ئەگەری هەیە وەک کەمخەوی، وردبینی بەردەوام لەسەر ئەوەی بڵاودەکرێتەوە، دوورکەوتنەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دەربکەوێت، ئامۆژگاری خێزانەکان دەکات، لەکاتی پێویستدا، بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی خراپ بەکارهێنان کەم بکەنەوە، کەسێک دیاری بکەن بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئۆنلاین، هەر ماددەیەک کە ڕەنگە پەیوەندی بە ڕێوشوێنی یاساییەوە هەبێت، هەڵبگرن و خۆیان لە دووبارە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ یان بەشداریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆنلاین بەدوور بگرن.
کاتێک مردن دەبێتە سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی تر
مونیا بن یەحمەد، ڕۆژنامەنووس وتی: ژنان لە لیبیا جگە لەو توندوتیژی و تاوانانەی بەرگەی دەگرن، جۆرێکی تری توندوتیژی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەویش ناوزڕاندن و تیرۆرکردنی کارەکتەرە، ئەم وتارە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە کۆمەڵگەدا باو بووە، بە تایبەت لەو حاڵەتانەی کە ژنان تێیدا بەشدارن، لە هەوڵێکدا بۆ لادانی سەرنج لە تاوانە ڕەسەنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنێک کە بکوژرێت، بەتایبەتی ئەگەر تاوانبارەکە کەسێکی نزیکی خۆی یان خزمێکی بێت، ڕەنگە خۆی ببێتە ئامانجی تۆمەتبارکردن، لەبری ئەوەی سەرنج لەسەر تاوانەکە بێت و لێپرسینەوە لە تاوانبارەکە بکات.
جەختی لەوە کردووە، زۆرێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی ئەو گێڕانەوەیانەی کە زیان بە ناوبانگی زیانبەرکەوتووەکە دەگەیەنن و وەک بەرپرسیار لەوەی بەسەریدا هاتووە دەیخەنە بەردەم خەڵک. وتی: دووبارەبوونەوەی ئەم پراکتیزانە پرسیار لەبارەی بوونی وتارێکی سیستماتیکی دەکاتە کە ژنان دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژیدا.
دووپاتی کردەوە، کە ژمارەیەک ژنە ڕۆژنامەنووس تووشی ناوزڕاندن و تیرۆرکردنی کارەکتەرەکان بوون، وتی: ئەوەی لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاودەکرێتەوە دوای تاوانەکانی دژ بە ژنان، شێوازێکی دووبارەبووەوەی هێرشکردنە سەر زیانبەرکەوتووان ئاشکرا دەکات لەبری ئەوەی هاوسۆزی لەگەڵیدا نیشانبدەن و لێپرسینەوە لە تاوانبارەکە بکەن.
ئاماژەی بە دۆسیەی پزیشکێکی لیبیای کرد، کە لە بەرزاییەکانی ئەلب سویسرا دیارنەما و ڕوونیکردەوە، کە گفتوگۆکان لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر گەڕان بەدوایدا یان نزاکردن بۆی نەبووە، بەڵکو زیاتر لەسەر هێرشکردنە سەر کارەکتەری و ناشرینکردنی بووە، هەروەها ئەم وەڵامە کێشەیەکی قووڵتر ئاشکرا دەکات کە ڕووداوێکی دیاریکراو تێدەپەڕێنێت، ئامادەیی کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی ژیان و ناوبانگی ژنێک بۆ بابەتی بڕیاردانی گشتی، تەنانەت لە کارەساتبارترین ساتەکانی مرۆڤیشدا.
مونیا بن یەحمەد پێی وایە مەترسی ئەم وتارە نەک هەر لەو زیانانەدایە کە بەسەر زیانبەرکەوتووەکە دەگەیەنێت، بەڵکو لە توانایدا هەیە بۆ پێناسەکردنەوەی خودی تاوانەکە، لەبری ئەوەی بپرسین: کێ تاوانەکەی ئەنجامداوە؟ بۆچی؟ چۆن دەتوانرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت؟ باسەکە دەگۆڕێت بۆ پرسیارەکان سەبارەت بە ڕەفتار و ناوبانگ و هەڵبژاردنی کەسی ژنەکە، وەک ئەوەی زیانبەرکەوتووەکە سەرەتا دەبێت بیسەلمێنێت کە شایەنی هاوسۆزییە پێش ئەوەی وەک مرۆڤێک سەیر بکرێت کە زیانی پێگەیشتووە.