دەزگای ژنانی ئازاد لە کارەکانی بۆ ژنان بەردەوامە

دەزگای ژنانی ئازاد کە ماوەی ١٢ ساڵە لە شاری حەسەکە بۆ بەهێزکردنی ژنان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست کار دەکات، لە ڕێگەی چالاکییە وەرزشی و خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانەوە ژیانی ژنان و منداڵان بەهێز دەکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە –دەزگای ژنانی ئازاد لە ساڵی ٢٠١٤ لە شاری حەسەکە دامەزرا بە ئامانجی یارمەتیدانی ژنان لە ڕووی هزری و تەندروست و ئابوورییەوە خۆیان پەرەپێبدەن و سەربەخۆ بن، ئەم دەزگایە لە چەندین بواری جیاوازدا پڕۆژەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات، لە قوتابخانە پیشەییەکان و پۆلەکانی زمانەوە تا دەگاتە خزمەتگوزاری وەرزشی و تەندروستی، دەزگاکە هەوڵدەدات دەرفەتەکان بۆ ژنان و منداڵان زیاد بکات.

 

لە فێربوونەوە بۆ سەربەخۆیی

گوڵستان عەبدۆ، وتەبێژی دەزگای ژنانی ئازاد ڕایگەیاند، کە ئامانجی سەرەکی دەزگای ژنان زیادکردنی زانستی ژنان و یارمەتیدانیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروستە وتی: ئێمە چەندین خول و پڕۆژەمان بۆ ژنانی ناو دەزگاکە کردۆتەوە، لەنێویاندا دروومان، ئارایشتگا، پەرستاری، کۆمپیوتەر، ئینگلیزی، و شۆفێری، جگە لەوەش پڕۆژەی وەرزشی بۆ ژنان و منداڵان ڕێکدەخرێت، لەوانەش تایکواندۆ و لەشجوانی، لە هەمان کاتدا کۆبوونەوەی هۆشیاری و سیمینار بۆ ژنان لەسەر بابەتگەلێکی جیاواز بەڕێوەدەچێت.

 

گوڵستان عەبدۆ جەختی لە گرنگی هۆشیاری کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان دەتوانن بە هۆشیاری ژیانێکی شکۆمەند و ئازاد بژین و وتی: ئامانجمان ئەوەیە کە ژنان سەربەخۆیی خۆیان بونیاد بنێن و بە هەموو شێوەیەک پەرە بە خۆیان بدەن.

 

ڕاهێنانی جەستەیی بۆ تەندروستی جەستەیی و متمانە بەخۆبوون

لەڕووی ڕاهێنانی جەستەییەوە، ڕیما ئیبراهیم، کە کار لەسەر پڕۆژەی تایکواندۆ و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بۆ ژنان و منداڵان دەکات، ڕوونیکردەوە، کە وانەکانی ڕاهێنانی جەستەیی و ڕاهێنان لە بەیانیان و ئێواراندا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی کەسانی کارکەر دەرفەتی بەشداریکردنیان هەبێت،  وتی: لەشجوانی و ڕاهێنانی جەستەیی گرنگە بۆ تەندروستی ژنان و منداڵان و دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن لە بونیادنانی متمانە بەخۆبوون و ڕێکوپێکی و ڕێکخستن.

 

ڕیما ئیبراهیم ڕایگەیاند، کە پێشتر لە پرۆژەی تایکواندۆی منداڵاندا چوار گروپ هەبوون، بەڵام دوای کردنەوەی قوتابخانەکان ژمارەیان کەمیکردووە بۆ دوو گروپ، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: منداڵ نەوەی داهاتووە، وەرزش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی جەستە و دەروونیان.

 

چاودێری تەندروستی بۆ ژنان و منداڵان

خەولە قاسم، بەڕێوەبەری کەرتی تەندروستی دەزگای ژنانی ئازاد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەخۆشخانەی ئاری لە ساڵی ٢٠٢٠ کراوەتەوە و لە سێ بەشی پێکهاتووە، بەشی ژنان و بەشی منداڵان و بەشی پزیشکی جێگرەوە هەیە، لە چوارچێوەی ئەم بەشەش بەشی چارەسەری فیزیۆتێراپیش هەیە.

 

خەولە قاسم  وتی: نەخۆشخانەکە هەفتەی سێ ڕۆژ پشکنینی پزیشکی بۆ ژنان و بۆ منداڵان لە هەفتەیەکدا پێشکەش دەکات، پشکنینەکان بە نرخێکی ئامڕازێ ئەنجام دەدرێن و دەرمانەکان وەک پاڵپشتییەک بۆ نەخۆشەکان دابین دەکرێن، جگە لەوەش نەخۆشخانەکە خولی پەرستاری و سیمیناری تایبەت لەسەر تەندروستی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدات.

 

خەولە قاسم سەرنجی بۆ بەشی پزیشکی سروشتی لەناو نەخۆشخانەکەدا ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ژنان زیاتر حەزیان لەم بەشەیە و وتی: ژنان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دۆزینەوە و بەکارهێنانی هەندێک شێوازی پزیشکی لە مێژوودا و بە پزیشک ناسراون، بۆیە دەمانەوێت ئەو زانیارییە مێژووییە بە زیندووی بهێڵینەوە.

 

خەولە قاسم داوای هاوکاری کرد لە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە، بەتایبەتی لەو بارودۆخە سەختە ئابوورییەی کە هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت.