پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد جەخت لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی ژنان دەکاتەوە

پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد لە ئەنجامنامەیەکدا جەختی لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی، پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە و داوای هەنگاوی کردەیی بۆ بەهێزکردنی هاوپشتیی کوردی کرد.

پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد جەخت لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی ژنان دەکاتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە شاری سلێمانی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد بە بەشداریی نوێنەرانی ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا.

 

ئامانجی سەرەکیی پلاتفۆڕمەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەبارەی پرسەکانی ژنان و دوایین پێشهات و دۆخی سیاسیی ناوچەکە، هاوکات کارکردن بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نەتەوەیی ژنی کورد و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی سێیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنی کورد.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد ئەنجامنامەی کۆتایی و پێشنیارەکانی پلاتفۆرمی یەکڕیزیی نیشتمانی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ئەنجامنامەکەی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد بەمشێوەیەیە:

“لە قۆناغێکی هەستیار و مێژووییدا کە ناوچەکە و کوردستان پێیدا تێدەپەڕن، بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتیمانی، پاراستنی دەستکەوتەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بەشەکانی کوردستان، کۆبوونەوەی پلاتفۆرمەکەمان لە شاری سلێمانی ئەنجام درا، دوای گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە و هەمەلایەنە، بەشداربووان جەختیان لەم هەڵوێست و پێشنیارانەی خوارەوە کردەوە:

 

١- پشتیوانی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ دەکەین و کار دەکەین بۆ یەکڕیزیی گەلی کورد و گەڕانەوە بۆ زمانی دیالۆگ و سندووقەکانی دەنگدان، وەک تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکان.

٢- بە هیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە پارچەکردنی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو پشتگیریی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتکی بنکەفراوان دەکەین لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و مافی هاوڵاتی بوون.

٣- پشتیوانی لە پاراستن و بەهێزکردنی سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین وەک پلاتفۆرمێک بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان.

٤- پشتگیریی دەستپێشخەرییەکانی چارەسەری دیموکراتی و بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانی گەلی کورد دەکەین لە سەرجەم بەش و ناوچەکان، داوا لە کۆمەڵگەی دیموکراتی و هەموو هێز و لایەنەکان دەکەین پاڵپشتیی پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان بکەن.

٥- هەڵوێستمان ڕوون و نەگۆڕە سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا لەتەواوی ئێراندا زیاتر لە ٧٠٠ کەس دەستگیر کراون و لەسێدارە دراون، بۆیە داوا دەکەین پلاتفۆرم هەڵوێستی ڕوون و بەپەلەی بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایانە و پاراستنی ژیانیان هەبێت.

٦- جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، گرووپ و ڕێکخراوەکان دەکەینەوە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و لێکنزیکبوونەوە لە دیدگاکاندا.

٧- بە توندی دژی ژنکوشتن، خۆسووتاندن و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەوەستینەوە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین مافەکانی ژنان بکرێنە قوربانیی قەیرانە سیاسییەکان، بەڵکوو کار دەکەین بۆ پێشخستنی پێگەی ژنان و بەردەوامیی سەرکەوتنەکان لەژێر درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە سەرجەم بەش و ناوچەکانی کوردستان.

٨- ئاگاداریی بەشداربووان و پلاتفۆرمەکان دەکەینەوە کە لەپێناو خەبات و داخوازی بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان، ئێمە وەک ژنانی کورد پشتگیری لە پرۆسەی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەکەین.

٩- ئەم کۆبوونەوەیە جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی و هاوپشتیی سەرجەم بەشەکانی کوردستان بۆ یەکتر لە هەموو قۆناغەکاندا.

١٠- سەردانیکردنی سەرجەم پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان و سازدانی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەپێناو یەکڕیزیی کوردیدا.

١١- ئامادەکاری بۆ سازدانی فێستیڤاڵی کولتووری و هونەریی لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان.

١٢- ئەنجامدانی زنجیرەیەک چالاکیی گەورە و بەرفراوان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن.

١٣- چڕکردنەوەی کار و تێکۆشان لەسەر یەکڕیزیی کورد، بەتایبەتی بۆ باشووری کوردستان.

١٤- کارکردن بۆ سازدان و ئەنجامدانی کۆنفرانسی کورد.

١٥- پشتیوانیکردن لە یەکگوتاری لە بواری ڕاگەیاندندا لەژێر درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”.

١٦- پاراستنی مافە یاساییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ژنانی ئێزدی، بە بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکان، سزادانی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان لە ڕووی یاسایی، تەندرووستی و دەروونییەوە، هاوکات،

 

ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی سێکسی و جەستەیی، نەهێشتنی لەکەی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ئاسایش و بەشداریی سیاسیی کارایان لە شنگال.

 

لە کۆتاییدا، دووپاتی دەکەینەوە کە یەکڕیزی و کاری هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان زامنی سەرەکیی پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیشتن بە ئاشتی، ئازادی و دیموکراسییە، هیوادارین سەرجەم لایەنەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژووییەوە بەدەم ئەم پێشنیارانەوە بێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنیان بنرێت.”